هەواڵ

دووبارە هەڕەشە لەشادی نەوزاد دەکرێتەوە

10:29 - 15/05/2019 1112 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

 

شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت، لە لایەن سەرۆکی فراکسیۆنەکەیەوە هەڕەشەی دورخستنەوەی لە فراکسیۆن لێکراوە.

 

شادی نەوزاد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەوی نوێ، لە راگەیەندراوێکدا کەئاڕاستەی رایگشتی کردوە، ئاشکرایدەکات، "کازم فاروق" ، لەبری ئەوەی وەک سەرۆکی فراکسیۆن، بەرگریی ئەخلاقی و یاسایی و پیشەیی لە ئەندامانی فراکسیۆنەکەی بکات و بەگژ ئەوانەدا بچێتەوە، کە هەرەشە لە ئەندامانی فراکسیۆنەکەی دەکەن و بوختانیان بۆ دەکەن، زۆر نابەرپرسانە و لەرێگەی دادنوسەوە، نامەیەکی نایاسایی و هەڕەشەئامێزی ئاراستەکردوە و هەرەشەی دورخستنەوەی لە فراکسیۆن لێدەکات، ئەگەربێتوو بەشداری کۆبونەوەی فراکسیۆنەکەیان لە ئۆفیسی سەرەکی "نەوەی نوێ"دا نەکات.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە بەرچاوی سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان، هەرەشە لە پەرلەمنتارەکانیان و خودی خۆشی کراوە و ئەویش لەژێر هەرەشەی ئەو باندە سیاسییەدایە و لە کۆبوونەوەی ئەمدواییەی فراکسیۆنەکەشیاندا ئەم هەڕەشانەی نەشاردووەتەوە و باسی لێوە کردووە.

 

شادی نەوزاد دەشڵێت، "ئەو جێگایە بۆ من و چەند ئەندامێکی تری فراکسیۆنەکەمان جێگای متمانە نیە، دواتر خۆ ئێمە فیرارمان نەکردووە و لە ئەشکەوت خۆمان نەشاردۆتەوە تا سەرۆکی فراکسیۆن بچێت لە رێگەی دادنوسەوە ھەڕەشە بکات و داوای کۆبوونەوە لە شوێنێکی گوماناوی نائەمین بکات"

 

پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ وتوشیەتی، "سەرۆکی فراکسیۆنێک هێندە نەزان بێت بەرامبەر یاسا، لەرێگای دادنوسەوە هەرەشە لە پەرلەمانتاریک بکات و هێندە بێ هەڵوێست بێت بەرگری لە هاوپیشەکانی نەکات، کە لە لایەن سەرۆکی حزبەکەوە کراوینەتە ئامانج، ئەی چۆن بەرگری لە هاوڵاتیان دەکات لە بەرامبەر دەسەڵاتدا"؟


ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی ٢٤ی مانگی رابردوو شادی نەوزاد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە لایەن شاسوار عەبدولواحید و "باندەکەیەوە" هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دەستکاری کراوی لێکراوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن