هەواڵ

بۆچی دەنوسین؟

09:45 - 15/05/2019 62 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

 

ئەحمەدی مەلا
(8)

دوای راپەڕین، بەشدارییەکی کەمم لە گۆڤاری “وێران” هەبوو، دەمویست ئیش لەسەر دەنگی “تاک”ی ئێمە بکرێ. من دواتر کشامەوە، چونکە ئەو رەنگە سوریالی ئامێزە، زۆر زاڵ بوو، وەک دووبارەکردنەوەیەک بوو بۆ رێبازی سوریالی، سەرەتای سەدەی بیستەمی فەڕەنسا. هەستم بە جۆرە “ئەناکرۆنیک”ێک دەکرد کە وەک دووپاتبوونەوەی ساڵانی بیستی سەدەی رابردوو بێ، راستە زۆر نوێ بوو بۆ کۆمەڵگەی کوردیی دوای راپەڕین، بەڵام ئەوەی ئاگاداری ئەدەبییاتی فەڕەنسی بێ، دەیزانی کە زۆر دووبارەبوونەوەی تیایە!.


لە دیوانی “زەردک”ەوە من پێداگریی لەو دەنگە تاکە دەکەم، تاکێکی ئازاد، هەژموونی نیشتیمان بە مانا سیاسییەکەی، تەنانەت بە مانا حیزبییە بەرتەسکەکەی تیا نەمابێ، پاکبووبێتەوە لە هەژموونی ئایدۆلۆژیی چ ئاینیی چ عەلمانی، جەختکردن بێ لەسەر کاری ئافراندن و گەڕان بە دوای خودێکی بزربوودا، چونکە لە هەموو حاڵەتەکاندا، تاک لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، یا لە کۆمەڵگەی رۆژهەڵات بە گشتی، لە ژێر مێژووییەکی تێکچڕژاو و ئاڵۆزدا ون بووە. راستە ئەم هەوڵە رەنگێکی تاکگەرای پێوە دیارە، بەڵام تەنها ئەمە لەباربوو. ئەدەبییاتی ئێمە، لە دوای دابڕانی لە ئەدەبییاتی “حوجرە”ەوە، بە دوای ناسنامە و شوناسێکی دەستەجەمعییدا دەگەڕێ. لەلای زێوەرو فایق بێکەس و پیرەمێردو تەنانەت لەلای گۆرانیش ئەمە زۆر روونە، (شێرکۆ بێکەس) هەمیشە لە هەوڵێکدا بوو کە ئەو دەنگە تاکگەرایە بپارێزێ، بەڵام پرۆژەکەی تا دوا سنوورەکانی نەبرد، چونکە ئەو وابەستەی مێژوویەکی فەرهەنگی و سیاسیی و حیزبیی بوو، بۆیە ئەم گەمەیەی تا دوا تخووبەکانی نەکرد.


ژیانی تاراوگە لەبارتر بوو، بۆ ئەوەی مرۆڤ هەست بکا لە دەرەوە کەمتر لە ژێر چاودێریی کۆمەڵایەتی و ئەدەبیی و سیاسیی دایە، لە نێو تەونێکی نوێدا ئیش دەکات کە بە لایەن کەمەوە هەست بە ئازادییەکی بێ سنوور دەکات، ئەگەر چی هەموو کۆمەڵگەیەک سنووری بۆ ئەو ئازادییانە داناوە، جا بە گوتراو بێ و بە نەگوتراو، بەڵام تاکی پەناهەندە، سەرەتا نازانێ ئەو سنوورانە چۆن دیاریی کراون. لێرەوە کاری پێداچوونەوەو شەنوکەو و مشتوماڵکردنی دنیادیتنێکی نوێ چەکەرە دەکات.

سەرجەم ئەو تەونانە بەسەر دەکاتەوە کە تاک بە کۆمەڵ، تاک بە مێژوو دەبەستێتەوە، مەبەست لەو مێژووەیە کە تاکو حاڵی حازر کاری خۆی لەسەر کۆمەڵگەو تاکەکان دەکات، بە مێژووی ئەدەبیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی و هتد..یەوە.

هەندەی بارستاییە هەندە مێژوو نییە. ئەم شوێنە نوێیە خاوەن گوتاری نوێیە، چونکە لە هەلومەرجێکی دیکەدا دەگوترێ، بێگومان ئەم پەیوەندییە میکانیکیی نییە، بەڵکو بەرهەمی لێکدانی دوو کەلتوورە، لە پێکگەیشتنی دوو جیهانبینییەوە سەرهەڵدەدا؛ لەهەمان کاتدا، بە دوو دیویشدا ئیش دەکات، هەم بەرهەمی پرسیار وروژاندنەوە سەبارەت بە کەلتوور و پێکهاتەکانی کەلتووری بنەڕەت، هەم پرسیار وروژاندنیشە سەبارەت بە کەلتووری نوێ.

ئەم لێکدان و لێکترنجاندنەوە هەمیشە قەیراناوییە، بەڵام هەمیشەش بە سوود کۆتایی دێ. چونکە تاکی ئێمە، لە پێگەیەکی زۆر لەرزۆکدا پەروەردە دەکرێ، لە نێو رەتابەتێکی بێ بەرهەمدا ژیانی بەڕێ دەکات، تەنانەت هەندێجار پرسیارەکانیشمان ورد و قووڵ نین...


تێزێکی ئەدۆنیس هەیە مایەی سەرنج بوو، بە تایبەتی بۆ ئەو قۆناغە، کە پێداگریی لەسەر خاڵێکی زۆر بنەڕەتی دەکات ئەویش “بەشۆڕشکردنی زمانە، یا تەقینەوەی زمانە” لە جیاتی ئەوەی شیعر داوای شۆڕش بکا، یا داوای ئازادی بکات، با سەرەتا خۆی لە ئەو کۆت و زنجیرانە رزگار بکا کە کەلەپوور بەسەریدا سەپاندونێتی. ئارەزووم دەکرد وشەکان بکوژم، بۆ ئەوەی سەرلەنوێ زیندوویان بکەمەوە.

رەنگە ئەمە کرۆکی کردەی شیعر نووسین بێ. وەک هینری مێشونیک دەڵێ شیعر هەم کار لەسەر بەردەوامیی دەکات، هەم کار لەسەر دابڕان. هەموو وشەیەک بەرهەمی بەردەوامییە، هەموو کوشتنێکی وشە دابڕانە تاکو سەرلەنوێ لە دایکبێتەوە. ئەمە بنچینەی پرۆژەی “زەردک” بوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن