هەواڵ

دادگا بڕیارى دەستگیرکردنى بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرکرد (فەرمانى دەستگیرکردنەکە ببینە)

08:17 - 15/05/2019 7067 جار خوێندراوەتەوە

تایبەت بە دیجیتاڵ میدیای "زەمەن"

بە پێی مادەی دوو لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەرکرد.


دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی گشتی، بە نوسراوی ژمارە (ت) کە رۆژی ١٤ی ئایاری ٢٠١٩ دەرکراوە، بڕیاردراوە بە دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید قادر، سەرۆکی جوڵانەوی نەوەی نوێ، بەهۆی ئەوەی لە بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.


 ئەو نوسراوە گشتێنراوە بۆ گشت ئەندامانی پۆلیس و هەرکەسێک ئەو گرتننامەیەی بەردەست دەکەوێت.


لە بارەی هۆکاری بڕیارەکەی دادگاشەوە نوسراوە، بە پێی مادەی دوو لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، ئەو بڕیارە دەرکراوە.


ڕۆژی ٢٤ی نیسان، پەرلەمانتاری جوڵانەوەی نەوەی نوێ، شادی نەوزاد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە لەلایەن شاسوار عەبدولواحید و باندەکەیەوە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی (ڕووت)ی لێکراوە و سکاڵای لەسەر تۆماردەکات.


دوا بەدوای تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید، هەردوو سکرتێرەکەی و چەند خۆبەخشێکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستگیکران و ئاسایشی سلێمانیش ڕایگەیاند دەستگیرکردنەکان بە بڕیاری دادگا بووە.


هەروەها دواتر ئاسایش تۆمارێکی ڤیدیۆی بڵاوکردەوە کە تێیدا پێنج کەس کە دوانیان سکرتێری تایبەتی شاسوار عەبدولواحید بوون دانیان بەوەدا نا کە هەڕەشەیان لە شادی نەوزاد کردووە، هەروەها ئاسایشی ئاشکرایکرد کە "باندەکەی شاسوار" چەندین پەیجی نافەرمیان هەبووە کە لێوە هێرشیانکردووەتە سەر ڕۆژنامەنوسان و نوسەر و کەسایەتییە سیاسییەکان و ناویان زڕاندوون، دواتریش چەند ڕۆژنامەنوسیش سکاڵایان لەسەر تۆمارکرد.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن