هەواڵ

پەرلەمانی کوردستان پێنج هەزار دۆلار دەدات بە هەر پەرلەمانتارێک بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل

10:56 - 14/05/2019 230 جار خوێندراوەتەوە

سەرچین ساڵح

په‌رله‌مانی كوردستان لەگەڵ بانکی جیهان لە هەولێر رێککەوتووە تا بە قیست ئوتۆمبیل بۆ ئەندامانی ئەم خولە بکڕن و سەرەتا لەسەر خەرجی خۆی، بڕی پێنج هەزار دۆلار (٥٠ وەرەقە) دەدات بە هەر پەرلەمانتارێک ئوتۆمبیل بکڕێت.

 

بەپێی گرێبەستی نێوان بانکی جیهان و بەڕێوەبەرایەتی دیوانی پەرلەمانی کوردستان کە رۆژی 1٦ی نیسانی ٢٠١٩ ئیمزا کراوەو وێنەیەک لەو گرێبەستە دەست “زەمەن” کەوتووە، پەرلەمانی کوردستان پاڵپشتی پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانی دەکات لەچوارچێوەی ئەو گرێبەستەدا ئوتۆمبیل بکڕن.
ئەم بڕیارە له‌كاتێكدایە په‌رله‌مانی کوردستان خاوه‌نی ١٢٢ ئوتۆمبیله‌. بۆ کڕینی ئوتۆمبیلی نوێش، ٦٠ ئەندام ئامادەبوون ئوتۆمبیل بە قیست بکڕن لەچوارچێوەی رێککەوتنەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و بانکی جیهان.

 

به‌پێی زانیارییه‌كانی “زه‌مه‌ن”، کە لە چەند سەرچاوەیەکەوە دەستیکەوتووە، ئەو ئوتۆمبیلانەی دەفرۆشرێن بە پەرلەمانتاران، ١٤ هەزار دۆلار (١٤٠ وەرەقە) لە نرخی بازاڕ زیاتریان لێ وەردەگیرێت لە پای ئەوەی بانكی جیهان پارەکەیان بە حازری بۆ دەدات و دواتر پارەکە بە قیست وەردەگرێتەوە. بۆ ئەمەش ساڵانە ٧٪ی سوود دەچێتە سەر پارەی قیستەکە.

 

لە دەستپێکی ئەو سەوداو مامەڵەیەدا، په‌رله‌مانی کوردستان له ‌یه‌كه‌م قیستدا بڕی پێنج هه‌زار دۆلار بۆ هه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێك خەرج دەکات و ناگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، كۆی ئەو پارەیەیشی بۆ كڕینی ئۆتۆمبیل خەرج دەكرێت لەلایەن پەرلەمانەوە، زیاتر لە ٣٠٠ هەزار دۆلار (٣٠ دەفتەرە).

 

هاوڕێ مه‌لا ستار، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی دەڵێت: خۆی ئامادە نییە لەو ئوتۆمبیلانە بکڕێت لە لێدوانێکدا بۆ “زەمەن” پشتڕاستیکردەوە ١٤ هەزار دۆلار زیادە دەخرێتە سەر هەر ئوتۆمبیلێک کە پەرلەمانتاران بە قیست رایبکێشن.

 

حاجی سه‌فین گه‌ردی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی پارتی بۆ‌ “زه‌مه‌ن” ئاماژەی بەوەدا، لیستێك كراوه‌ بۆ كڕینی ئۆتۆمبیل بۆ پەرلەمانتاران، چه‌ند كه‌سێكی كه‌م نه‌بێ، زۆربەی زۆری ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ناویان نووسیوه‌ بۆ کڕینی ئوتۆمبیل بە قیست.

 

حاجی سەفین وتی: “من لاندکرۆزه‌رێكی مۆدێل ٢٠١٩م كڕیوه‌ به‌ ٨٣ هه‌زار دۆلار، مانگانه‌ دوو ملیۆن‌و ٦٠ هه‌زار دینار له‌ مووچه‌كەم ده‌گەڕێنرێته‌وه‌ بۆ ئەو كۆمپانیای بە قیست لێمان وەردەگرێتەوە. له‌ قیستی یه‌كه‌مدا پێنج هه‌زار دۆلاریان لێوه‌رنه‌گرتووین په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ بانك رێكکه‌وتووه‌ ئیتر نازانم چۆن رێککەوتوون”‌.

 

لە گرێبەستەکەی نێوان دیوانی پەرلەمان و بانکی جیهاندا هاتووە، دەبێ پەرلەمانتاران لە ماوەی ٣٦ مانگدا تێکڕای پارەکە بدەنەوە، هەر پەرلەمانتار یان فەرمانبەرێک کە ئوتۆمبیلی کڕیوە کۆچی دوایی بکات، ئەوا پەرلەمان دەبێ پارەکەی بۆ بدات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن