هەواڵ

سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی: بەمنزیکانە سایته‌ سێكسییه‌كان لەهەرێم فلتەر دەکرێن

10:12 - 14/05/2019 830 جار خوێندراوەتەوە

خەڵکێک هەیە تانەوتەشەر لە یەکێتی زانایانی ئاینی کوردستان دەدا کە ئامادەن بە هەفتە باسی یاری پۆبجی بکەن کە حەرامە، کەچی هەرگیز ناچن بەلای باسی گەندەڵی‌و چەوسانەوەی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتەوە. هاوارو ناڵەی خەڵک بۆ مووچەو نەبوونی نەوت و کارەبا نەبوونە جێی هەڵوەستەی ئەو یەکێتییە.
عه‌بدوڵڵا مه‌لا سه‌عید وه‌یسی، سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئاینی كوردستان ئەو رەخنانە رەت دەکاتەوە و دەڵێت لە ئیسلامدا ئەوە بڕاوەتەوە کە دزی  و گەندەڵی حەرامە، خۆ ناکرێ هەموو رۆژێ ئەمە بڵێنەوە. سەبارەت بە قەدەغەکردنی سایتە سێکسی و پۆڕنۆکان لە کوردستان کە یەکێتییەکەی ئەوان بە چڕی کاری بۆ دەکات، ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر بە تەواوی قەدەغە ناکرێ، ئەوا دەبێ فلتەریان لەسەربێ.

سازدانی: ئیبراهیم عەلی
*  هۆكاری چی بوو ئه‌مساڵ لێژنه‌ی فتوا بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌مكرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ موسڵمانان زه‌كاتی لێ بده‌ن ؟
-  ‌ئه‌نجومه‌نی باڵای فتوا ئه‌مساڵ پێیان باشبوو بڕی‌ پاره‌كه‌ به‌ زیو دیاری بكه‌ن. ئه‌م فتوایه‌ له‌ئه‌نجامی چاودێری بارودۆخی خه‌ڵك بووه‌و بڕیاره‌كه‌ له ‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی فه‌قیرو هه‌ژاردایه‌. چونكه‌ دوو رێگه‌مان هه‌یه‌ بۆ دیاریكردنی زه‌كات یه‌كێكیان له‌ڕێی زێڕه‌وه‌یه‌ ئه‌ویتریان له‌ڕێی زیوەوە. لیژنه‌ی فتوا كام رێگه‌یان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ژاران بزانێ ئه‌وەیان هەڵدەبژێرێ

* ئایا توانیوتانه‌ بڕیارو راسپارده‌كانی دوایین كۆنگره‌ جێبه‌جێ بكه‌ن به‌تایبه‌ت له‌ پێكهێنانی لقه‌كاندا؟
-  خۆشبه‌ختانه‌ ده‌توانم بڵێم كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوومان به‌ست. توانرا به‌ماوه‌یه‌كی پێوانەیی  ته‌واوی بڕیارو راسپارده‌كانی كۆنگره‌ له‌كات و ساتی خۆیدا جێبه‌جێ بكرێت. له‌مانگی یه‌كی ئه‌مساڵدا ته‌واوی لق و لێژنه‌كان پێكهێنران ئه‌مه‌ش ماوه‌یه‌كی قیاسی زۆر كه‌م بوو بۆ ئه‌و كاره‌.

* ده‌وترێت له‌هه‌ندێك لقدا كێشه‌تان هه‌بووه‌ بۆ نموونه‌ له‌ پێكهێنانی لقی قه‌ڵادزێ؟
-  نه‌خێر لقی قه‌ڵادزێ زۆر به‌ئاسایی پێكهێنراوه‌و زانیارییه‌كه‌ی جه‌نابت هه‌ڵه‌یه‌. چونكه‌ لقی قه‌ڵادزێ ده‌ورو ته‌سلیمكراوه‌و پیرۆزباییشمان له‌ ستافی نوێ كرد. به‌ڵام ئه‌وه‌ی قه‌ڵادزێ كه‌مێك له‌ لقه‌كانی دیكه‌مان دواكه‌وت، هه‌رچه‌نده‌ نه‌مانهێشت زۆر دوا بكه‌وێت.

* ده‌وترێت دواكه‌وتنه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌كێشه‌ی سیاسییه‌وه‌ هه‌بووه‌؟
- نه‌خێر، چونكه‌ دواكه‌وتنه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ نه‌خۆشكه‌وتنی به‌رپرسی پێشووی لقی قه‌ڵادزێ هه‌بوو.


* ده‌كرێت پێمان بڵێی ئێوه‌ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ئه‌ندامانی لیژنه‌ی فتوای هه‌رێم دیاری ده‌كه‌ن؟
- له‌سه‌ر بنه‌مای بڕوانامه‌و ئه‌زموونی كاری مه‌لایه‌تی دیاری ده‌كرێت. لیژنه‌ی فتواش له‌گه‌ڵ به‌ستنی كۆنگره‌ ده‌بێ و ستافی نوێی یه‌كێتی زانایان ده‌سه‌ڵاتی كه‌مكردن یا زیادكردنی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی فتوای هه‌یه‌. یان گۆڕینی ئه‌ندامانی لیژنه‌. ئه‌نجومه‌نێكی باڵای فتوا هه‌یه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان و له‌هه‌ر شوێنێكیش لقی یه‌كێتی زانایان هه‌بێ لیژنه‌یه‌كی فتوا هه‌یه‌ كه‌ لقێكه‌ له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ باڵایه.


* ئێوه‌ وه‌كو یه‌كێتی زانایان یاخود لیژنه‌ی فتوا، كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوتان نا بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی سایته‌ سێكسییه‌كان، ئه‌و كاره‌تان به‌كوێ گه‌یشتووه‌؟
- ئێمه‌ كارمان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ كردووه‌و له‌هه‌وڵی به‌رده‌وامیشداین بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و سایتانه‌. له‌گه‌ڵ داواكاری گشتی و وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌وگه‌یاندن هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی بواری ئینته‌رنێت له‌سه‌ر خه‌تین، كه‌ ئه‌و سایتانه‌ قه‌ده‌غه‌ بكه‌ین یا فلته‌ر بكرێن. چونكه‌ ناكرێت ئه‌و سایتانه‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌ستی پێیان بگات و بێ هیچ فلته‌رێك تەماشایان بکات‌.
سیسته‌مێك هه‌یه‌ كه‌ له‌به‌شێك له‌ وڵاتان كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت ئه‌ویش فلته‌ركردنه‌. به‌بڕوای ئێمه‌ ئه‌و سایتانه‌ كاریگه‌ری خراپیان ده‌بێ له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌كردنی منداڵان و هه‌رزه‌كارانمان. لەمبارەیەوە ئێمه‌ش به‌رده‌وامین و تا ده‌گه‌ینه‌ چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی‌. نووسراومان بۆ داواكاری گشتی كردووه‌و خۆشبه‌ختانه‌ به‌هاوكاری وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن گه‌یشتوینه‌ته‌ ده‌ره‌نجامێکی باش و پێموابێ به‌منزیكانه‌ سایته‌ سێكسییه‌كان فلته‌ر ده‌كرێن.


* ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ وه‌زاره‌تی گه‌یاندن‌و داواكاری گشتی ره‌زامه‌ندبن ئەی بۆچی تائێستا جێبه‌جێ نه‌كراوه‌؟
-  كاره‌كه‌ هه‌روا ئاسان نییه‌، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم نزیكین له‌ فلته‌ركردن، نه‌ك مانه‌وه‌ی ئه‌و سایتانه‌ به‌و شێوه‌ی ئێستا. چونكه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌بێ كۆمپانیاكانی بواری ئینته‌رنێت جێبه‌جێی بكه‌ن. به‌شێك له‌ كۆمپانیاكانیش پێویستییان به‌ كڕینی ئامێری تازه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌و فلته‌ركردنه‌.


* ره‌خنه‌یه‌كی زۆر له‌ یه‌كێتی زانایان و لیژنه‌ی فتوا ده‌گیرێت كه‌ بڕیارو فتواكانتان ته‌نیا له‌سه‌ر بابه‌تی ساده‌ی نێو كۆمه‌ڵگه‌ن، کەچی ئه‌و بوارانه‌ی كێشه‌ی گه‌وره‌یان بۆ گوزه‌رانی هاوڵاتیان دروستكردووه‌ ئێوه‌ بێدەنگیتان هەڵبژاردووە؟
- ئه‌و قسانه‌ كه‌ له‌سه‌ر یه‌كێتی زانایان ده‌كرێن ناحه‌قی تێدایه‌. چونكه‌ هه‌ندێك شت هه‌یه‌ له‌ئاینی ئیسلامدا جێگیركراوه‌و خۆ ناكرێت ئێمه‌ هه‌موو رۆژ بێین دووباره‌ی بكه‌ینه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌و شتانه‌ی كه‌ جێگیرن پێویستیان به‌فتوا نییه‌. بۆ نموونه‌ خوا یه‌كه‌ یان پێنج نوێژ له‌سه‌ر مرۆڤی موسڵمان واجبه‌، ئێ ده‌كرێت لیژنه‌ی فتوا بێت هەموو جارێ ئەمانە بڵێتەوە؟ به‌هه‌مانشێوه‌ له‌ئاینی ئیسلامدا موتڵه‌قه‌ن گه‌نده‌ڵی و دزی حه‌رامن‌، ئایا ده‌كرێت لیژنه‌ی فتوا بڵێت گه‌نده‌ڵی و دزی حه‌رامه‌. ئه‌وانه‌ی ئه‌و قسانه‌ ده‌كه‌ن له‌ئاینی ئیسلام تێنه‌گه‌یشتوون، چونكه‌ ئه‌وه‌ ئه‌ساسیاتی دینی ئیسلامه‌ خواردنی ماڵی خه‌ڵك و دواخستنی قوتی خه‌ڵك حه‌رامه‌.
خه‌ڵكێك هه‌یه‌، ده‌یه‌وێت یه‌كێتی زانایان رۆڵی دادگا ببینێ و خه‌ڵك دادگایی بكات. كاری ئێمه‌ دادگاییكردنی هیچ كه‌س نییه‌. ئێمه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ناكه‌ین كێ حه‌قه‌ و كێ ناحه‌قه‌؟ یان بێین بڵێین فڵان كه‌س گه‌نده‌ڵه‌و فڵان كه‌س گه‌نده‌ڵ نییه‌. یان فڵان حیزب گه‌نده‌ڵه‌و فڵان گه‌نده‌ڵ نییه‌. ئێمه‌ رۆڵی دادگا نابینین ده‌بێ خه‌ڵك بزانێت كاری لیژنه‌ی فتوا رێنماییكردنی خه‌ڵكه‌ نه‌ك حوكمدان. ده‌بێ خه‌ڵك  جیاوازی له‌نێوانی فتواو حوكمدا بكه‌ن. فتواو قه‌زا دوو شتی جیاواز بوون له‌مێژووی ئیسلامدا. كاری لیژنه‌ی فتوا كارێكی ئامۆژگارییانه‌یه‌و ئامۆژگاری و رێنماییش له‌سه‌ر شتێك ده‌كرێـت كه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كرابێ، نه‌ك ئه‌و شتانه‌ی كه‌ جێگیرن له‌ئیسلامدا.


* له‌مێژوی ئیسلامدا نموونه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ فتواو موفتییه‌كان رۆڵی قه‌زایان بینیبێ؟
- بووه‌، به‌ڵام ده‌بێ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ته‌خویل بكرێت. بۆ نموونه‌ ئیمامی عومه‌ر له‌یه‌ك كاتدا موفتی و قازیش بووە بۆچی؟ چونكه‌ ده‌سه‌ڵات كه‌ ئیمامی ئه‌بوبه‌كر بوو، رێگه‌ی پێدابوو. فتوا له‌سه‌ر ده‌می پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ به‌دامه‌زراندن بووه‌و ده‌بێ ئێمه‌ش بگه‌ینه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌و هه‌ر ده‌بێت ئه‌و كاره‌ به‌ته‌عین بكرێت.


* بەڵام ئەم قسانەی تۆ له‌كاتێكدایە تائێستاش خه‌ڵكێكی زۆر كه‌ كێشه‌ی هه‌بێ،‌ له ‌بری دادگا پەنا بۆ لیژنه‌ی فتوا دەبات ئه‌ی ئه‌مه‌ رۆڵی دادگاو قه‌زا نییه‌؟
- بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی فتوا رۆڵی ئامۆژگاری ده‌بینێ نه‌ك رۆڵی ئیلزامی. جیاوازی هه‌یه‌ له‌ بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی فتواو بڕیاری دادوه‌ر. جیاوازییه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هاوڵاتییه‌ك بڕیاری دادوه‌ر جێبه‌جێ نه‌كات، ئه‌وا ئه‌و دادوه‌ره‌ ده‌توانێ له‌ڕێگه‌ی پۆلیسه‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ به‌سه‌ر ئه‌و هاوڵاتییه‌دا بسه‌پێنێ، به‌ڵام لیژنه‌ی فتوا ته‌نیا شته‌كانیان بۆ روون ده‌كاته‌وه‌.


* ئه‌و فتوایه‌ی له‌ كێشه‌ی نێوان دوو هاوڵاتی له‌لایه‌ن لیژنه‌ی فتواوه‌ ده‌درێت ته‌نانه‌ت له‌دادگاكانیش وه‌ك به‌ڵگه‌ پشتی پێ ده‌به‌سترێت، كه‌وایه‌ بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی فتوا جێبه‌جێ ده‌كرێن نه‌ك ته‌نیا روونكردنه‌وه‌بن.
- نه‌خێر، شته‌كه‌ مه‌به‌ به‌لایه‌كی تردا. ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی دێنه‌ لیژنه‌ی فتوا زۆرجار له‌ ده‌زگایه‌كی فه‌رمی ده‌نێردرێن. كه‌واته‌ ئه‌و ده‌زگایه‌ لیژنه‌ی فتوا دیاری ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ قسه‌یه‌كی خێری تێدا بکات، یان هه‌ندێجار دوو هاوڵاتی به‌ئاره‌زووی خۆیان دێنه‌ لیژنه‌ی فتوا كه‌ به‌ئاره‌زووی خۆیان هاتوون ئه‌و شه‌رعیه‌ته‌ت پێ ده‌ده‌ن كه‌ تۆ بێی قسه‌یه‌كیان له‌نێواندا بكه‌ی.  


* وه‌كو یه‌كێتی زانایانی ئاینی، تێڕوانینتان چیە له‌به‌رامبه‌ر پێدانی بڕوانامه‌ی زانستی ئاینی به‌ ئافره‌تان‌؟
-  بابه‌تی به‌خشینی بڕوانامه‌ی زانستی به‌ ئافره‌تان، زۆر به‌ هه‌ڵه‌ قسه‌ی له‌باره‌وه‌ كراوه‌. چونكه‌ كه‌س نه‌ی وتووه‌ ئه‌و ئافره‌تانه‌ی بڕوانامه‌ وه‌رده‌گرن بۆ ئه‌وه‌یە ببنه ‌ئیمام و وتاربێژ. ته‌نانه‌ت ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزانه‌ی ئه‌و بڕوانامانه‌شیان به‌و ئافره‌ته‌ به‌ڕێزانه‌ به‌خشیوه‌ قسه‌ی له‌و جۆره‌یان نه‌كردووه‌. هیچ كه‌سێكیش ناتوانێ رێگه‌ی هه‌وڵدان بۆ فراوانكردنی رۆشنبیری ئاینی له‌هیچ كه‌س بگرێت. ئه‌و ئافره‌ته‌ به‌ڕێزانه‌ ویستوویانه‌ رۆشنبیری ئاینی وه‌ربگرن. ئه‌مه‌ش هیچ كێشه‌یه‌كی نییه‌. نه‌ك مه‌لایه‌تی ‌بکه‌ن. ئه‌م بابه‌ته‌ پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی به‌ناحه‌قی له‌باره‌وه‌ دروستكرا.
له‌ مێژووی ئاینی ئیسلامدا زانای ئافره‌ت هه‌بووه‌. ته‌نانه‌ت پێغه‌مبه‌ری ئیسلام فه‌رموویه‌تی نیوه‌ی ئاینی ئیسلام له‌ حه‌زره‌تی عائیشه‌ وه‌ربگرن. كه‌واته‌ هیچ رێگرییه‌ك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئافره‌تان رۆشنبیری ئاینیان هەبێ یا نا.


*  لە رێوڕەسمێکدا ناونیشانەکە‌ی پێدانی بڕوانامه‌ی زانستی بوو به‌ ئافره‌تانه هه‌روه‌كچۆن بڕوانامه‌ی زانستی به‌ پیاوێكیش ده‌درێ، ئه‌و ئافره‌تانه‌ش دەتوانن موماره‌سه‌ی هه‌مان كاری پیاوێكی ئاینی بكه‌ن؟
- مه‌رج نییه‌ هه‌ر كه‌سێك بڕوانامه‌ی زانستی وه‌رگرت ببێ به‌ وتاربێژ. زۆر كه‌س هه‌یه‌ بڕوانامه‌ی زانستی وه‌رگرتووه‌و كارێكی دیكه‌ دەکات.


* به‌ڵام پیاوێك كه‌ بڕوانامه‌ی زانستی وه‌رده‌گرێت مه‌گه‌ر خۆی نه‌یه‌وێت ببێ به‌وتاربێژ ئه‌گینا هیچ رێگرییه‌كی نییه‌ بۆ ئه‌و كاره‌؟
- رێگری زۆره‌. بۆیه‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ به‌ڕێزانه‌ش باسی ئه‌وه‌یان نه‌كردووه‌ كه‌ ده‌بن به‌ئیمام و وتاربێژ. ئه‌و بابه‌ته‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی لایه‌نێكی ئیسلامی به‌و كاره‌ هه‌ڵسابوو بۆیه‌ لێكدانه‌وه‌ی سیاسی بۆ كرا. ویسترا به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان به‌كاربهێنرێت، به‌ڵام ناكرێت ئێمه‌ هه‌موو شتێك به‌ سیاسی بكه‌ین.


* بۆچی هێنده‌ به‌لای به‌ڕێزته‌وه‌ قورسه‌ بڵێی ئافره‌ت ده‌توانێ موماره‌سه‌ی كاری مه‌لایه‌تی بكات؟
- نه‌خێر، بابه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌ر كه‌سێك شتێك فێربوو بتوانێ فه‌راغێك پڕ بكاته‌وه‌. ئه‌وان وه‌كو تاك ویستوویانه‌ زانیاری ئاینی خۆیان زیاد بكه‌ن. ناكرێت له‌سه‌ر خۆمان ئه‌و واقیعه‌ دروست بكه‌ین و بڵێین ئه‌وانه‌ مادام بڕوانامه‌ی زانستیان وه‌رگرت ده‌بێ كاریان پێبدرێت و بتوانن موماره‌سه‌ی كاری خۆیان بكه‌ن. وه‌ك وتم زۆر كه‌سمان هه‌یه‌ بڕوانامه‌یه‌ك وه‌رده‌گرێت و موماره‌سه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ ناكات كه‌ بڕوانامه‌ی له‌باره‌وه‌ به‌ده‌ست هێناوه‌.


* ده‌توانی به‌ ڕوونی پێمان بڵێی له‌ ئاینی ئیسلامدا رێگه‌پێدراوه‌ كه‌ ئافره‌ت ئیماموخەتیب بێ؟
- ئه‌و بابه‌ته‌، شتێكی جیاوازه‌و ئه‌مه‌ بابه‌تێكی فیقیهییه‌و ناكرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته‌ تێكه‌ڵ بكرێت. ده‌كرێت فوقه‌هاكان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ قسه‌ بكه‌ن.


* خۆت وه‌ك مامۆستایه‌كی ئاینی له‌م رووه‌وه‌ چی ده‌ڵێی؟
- ئه‌و بابه‌ته‌ بابه‌تێكی فیقهیی خیلافییه‌و قسه‌ی له‌سه‌ر ناكه‌م. چونكه‌ من موفتی نییم.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن