هەواڵ

جەبار یاوەر: سه‌رده‌می حزبی خاوەن چەکدار كۆتاییهات

12:22 - 11/05/2019 143 جار خوێندراوەتەوە

سازدانى هه‌ڵمه‌ت محه‌مه‌د

نزیکەی ١٠ ساڵە جەبار یاوەر ئومێد دەخوازێ کە هێزی پێشمەرگە یەکبخرێتەوە و کۆتایی بەو پەرشوبڵاوییەی بهێنرێت، لە کەم دیداری رۆژنامەوانیدا ئەو قسانەی نەکردبێتەوە. بەڵام ئەمجارە ئومێدی زۆرە لە کابینەی نێودا گۆڕان و یەکێتی  وپارتی بەڕاستی هێزەکان یەک بخەن و کوردستان ببێتە خاوەن سوپایەکی نیشتمانیی و هەرێم ئەو لەکە و تانەیەی بەناوچاوانەوە نەمێنێ کە پێشمەرگە چەند پارچە و لەتلەتە.
 لەم دیدارەدا جەبار یاوەر ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە راشکاوانە دەڵێت: ئیتر ئەو سەردەمە بەسەرچوو حزب هێزی چەکداری هەبێ. پیویستە حزبەکان شانازی بە بەرنامە و پرۆژەکانیانەوە بکەن نەک ئەوەی چەند چەکداریان هەیە.


* به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بایه‌خی به‌نیشتیمانیكردن و یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌چیدایه‌و بۆچی گرنگه‌؟
- ئێمه‌ ئێستا حكومه‌ت و په‌رله‌مانمان هه‌یه‌، هه‌ر شوێنێك جا چ هه‌رێمبێ یان ده‌وڵه‌تێكی فیداراڵی یان كۆنفیدراڵی یان ده‌وڵه‌تێكی مەرکەزی، پێویسته‌ هێزێكی چەکداری هه‌بێ بیپارێزێت. هه‌رێمی كوردستان بێگومان پێویستی بە هێزێک هەیە بۆ پاراستنی سنوورو خاك و ئاسمانەکەی. بێگومان هێزی پێشمه‌رگه‌ش ئه‌و هێزه‌یه‌ به‌پێی بڕگه‌ی ٥ لە مادەی ١٢١ ی ده‌ستووری عێراق، پاسه‌وانی هه‌رێمی كوردستانه‌. ئه‌م هێزه‌ ده‌بێ رێكبخرێتەوە له‌ژێر سایه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگەدا‌. بۆ ئەمەش چوار یاسامان هه‌یه‌ و ده‌بێ به‌پێی ئه‌و یاسایانه‌ هێزه‌كان رێكبخرێن‌و كاروباره‌كانیان بەڕێوە ببرێ.
یاسای ژماره‌ ١٩مان هه‌یه‌ كه‌ هه‌یكه‌ل و پێكهاته‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌موو ئۆرگانه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی دیاریكردووه‌، هه‌روه‌ها یاسای ٣٤ مان هه‌یه‌ كه‌ مافه‌كانی كه‌مئه‌ندامی هێزی پێشمه‌رگه‌ دیاری ده‌كات، یاسای ٣٣ مان هه‌یه‌ كه‌ مافی ڕێزلێنان بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات. بێجگه‌ له‌وانه‌ش یاسای ٣٨ مان هه‌یه‌ كه‌ پێی ده‌ڵێن یاسای ڕاژه‌و خانه‌نشینی پێشمه‌رگه‌. ئێمه‌ ئێستا له‌ قۆناغێكی مێژوویداین‌و ده‌بێت هێزه‌كانمان به‌ره‌و هێزێكی یه‌كگرتوویی ده‌وڵه‌تی ته‌واو مۆدێرن ببەین.


* ئەیچۆن ده‌توانن هێزی چه‌كداری حزبه‌كان بگۆڕن بە هێزێكی نیزامی؟
- سه‌رده‌می بوونی هێزی چەکدار لای حزبی سیاسی كۆتایی هاتووه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بینین ئه‌و ئەزموونانه‌ی كه‌ هه‌ن له‌ چوارده‌وری ئێمه‌ش، هه‌ر ده‌وڵه‌تێك ئه‌گه‌ر فره‌ هێزبوو یان حزبی سیاسی چەکداری هه‌بوو، به‌رده‌وام هه‌لومه‌رجی ئاسایشی ئه‌و وڵاته‌ جێگیر نییه‌. تۆ سه‌یری یه‌مه‌ن بكه‌ سه‌یری سوریا و لوبنان و لیبیا بكه‌. چاو لە ئەزموونی سودان و ته‌نانه‌ت عێراقیش بکە هەمیشە جێی مشتومڕ و نائارامی بوون. له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێ ئێمه‌ش ئێستا له‌ كابینه‌ی نوێدا ئه‌و پرۆژه‌ چاکسازییە کە‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی ڕێكخستن‌و یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌یه،‌ بتوانین هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ میكانزمێكی گونجاو ڕێكبخه‌ین له‌ژێر سایه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا تا هەرێمەکەمان بپارێزین له‌ كاتی ململانێ  به‌تایبه‌تی له ‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان یان ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵاتدا توشی شه‌ڕێكی دیكه‌ی ناوخۆیی نه‌بینه‌وه.


* باستان له‌ چاکسازیی كرد له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ تائێستا به‌چی گه‌یشتووه‌؟
- پرۆژه‌کە لە ٣٥ خاڵدا کۆکراوەتەوە، تیمێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ماوه‌یه‌كی زۆرە ئیش له‌سه‌ر داڕشتنیدا دەکەن بۆ دیاریکردنی میکانیزمی یه‌كخستی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هه‌م له‌ڕووی پێكهاته‌وه‌ هه‌م له‌ڕووی فه‌رمانده‌ییكردنییانەوە. ‌له‌ دنیادا هێزه‌ چەکدارەكان به‌و شێوه‌یه‌ ڕیكده‌خرێن كه‌ ناودەبرێ به‌ (سه‌ركردایه‌تی و كۆنتڕۆڵكردن) زیاتر له‌ دوو مانگه‌ له‌ناو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌باره‌ی چۆنێتی جێبه‌جێكردنییه‌وه‌ مشتومڕی لەسەر‌ ده‌كرێت.
له‌سه‌ر هه‌ندێ ورده‌كاری ئیداریی‌و ژمێریاریی بیرو بۆچوونی جیاواز هه‌یە، به‌ڵام له‌سه‌ر چوارچێوه‌ گشتییه‌كه‌ی پرۆژەی چاکسازیی هیچ كێشه‌یه‌ك نییه‌. من له‌و باوه‌ڕه‌دام له‌ كابینه‌ نۆ‌دا ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بن و ده‌توانین به‌ شێوازێكی گونجاو ئه‌و هێزانه‌ كۆبكه‌ینه‌وه‌ له‌ژێر سایه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا و له‌ژێر فه‌رمانده‌یه‌كی یه‌كگرتوو له‌ هه‌رێمی كوردستان.
شتێکی گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە نابێ تەرکیزمان ته‌نیا لەسەر هێزێکی یەکگرتووی پێشمه‌رگه‌ هەبێ، بەڵکو ده‌بێ ئێمه‌ لەپاڵ ئەمەدا هێزه‌كانی ئاسایش و دژەتیرۆریش یه‌كبخه‌ین. هێزه‌كانی زێره‌ڤانی و به‌رگریی و فریاکەوت ئاوێتە بکەین هەروەها  هێزه‌كانی پۆلیسیش. دەبێ هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستاندان یەکگرتووبن و فەرماندەیەکی هاوبەش هەبێ بۆ سەرکردایەتیکردنیان تا له‌كاتی مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌رێم هه‌موو به‌یه‌ك ئاراسته‌ ئیش بكه‌ن.
بەڕاستی نابێ ئه‌م هێزانه‌ خۆیان دوژمنی یه‌كبن له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی سیاسییان چونكه‌ ئه‌وه‌ زۆر زۆر ترسناكه‌. ئه‌و هێزانه‌ ده‌بێت هه‌ڵگری بیروبڕوای نیشتمانیی بن، داكۆكی له‌ وڵات و سه‌روه‌ری خاك و پارێزگاری له‌ هه‌موو هاوڵاتیان بكه‌ن. چونكه‌ ئیتر نابێ هێزێكی چەکدار حزبێكی سیاسیی یان كه‌سێك بپارێزێ.


* باشە ئەی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی له‌ ئارادان، به‌كوێ گه‌یشتوون؟
- بێگومان ماوه‌یه‌كی زۆره‌ باسی  مه‌سه‌له‌ی یه‌كخستنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێت و ململانێیه‌كی زۆر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌یه‌ له‌لایه‌ن سیاسییه‌كانه‌وه‌، پرۆژه‌ زۆره‌ بۆ یه‌كخستنی ئه‌و هێزانه‌. له‌ ساڵی ٢٠٠٦ه‌وه‌ له‌ هه‌وڵداین و لیژنه‌یه‌كی باڵای یه‌كخستنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دروستبوو ماوه‌ی چوار ساڵ زیاتر من ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵا بووم وه‌كو یه‌كێتی، لای پارتیشه‌وه‌ به‌ڕێز كاك فه‌ریق شێروان بوو، ئێمه‌ چوار ساڵ زیاتر كارمان كرد هه‌تا یاساوڕێنماییەکانمان یه‌كخست تا بەوەگەیشت هه‌ردوو وه‌زاره‌تمان له‌٢٠١٠‌ یه‌كخست، ئێمه‌ نۆ ساڵه‌ خه‌ریكی یه‌كخستنین به‌ڵام له‌و نۆ ساڵه‌دا توانیومانە یه‌ك له‌سه‌ر چواری ئه‌و هێزانه‌ یه‌كبخه‌ین.
هەرێمی کوردستان‌ نزیكه‌ی ١٧٠ هه‌زار چه‌كداری هه‌یه‌، ئیستا ٤٢ هه‌زار پێشمه‌رگه‌ یه‌كخراون لەناو ١٤ لیوادا کە لە‌ زمنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دان. کەواتە هێشتا ١٢٠ هه‌زار پێشمه‌رگه‌ له‌ژێر فه‌رمانده‌یی هێزی ٧٠ و ٨٠ ماونەتەوە. بێگومان ده‌بێ له‌ پرۆسه‌ی یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌دا له‌كابینه‌ی داهاتوو بیانخه‌ینه‌ ژێر ڕكێفی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وە.


* هۆكارو ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ئه‌م پرۆژه‌یه‌ چین؟
- هۆکار زۆرن و هەندێکیان په‌یوه‌ندییان به‌ ململانێی سیاسییه‌وه‌ هه‌یە، بۆ نموونە دوای ٢٠١٥ کاتێ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دروستبوو به‌تایبه‌تی له‌نێوان گۆڕان و پارتی، ئه‌وه‌ زۆر ڕۆڵی هه‌بوو له‌ په‌كخستنی پرۆسه‌كه‌دا. بێجگه‌ له‌وه‌ش شه‌ڕی داعش و قەیرانی دارایی ڕۆڵێكی گه‌وره‌یان هه‌بوو بۆ په‌كخستنی پرۆسه‌كه‌. به‌ڵام ئومێد ده‌كه‌ین ئه‌م حكومه‌ته‌ کە شەراکەتی  پارتی و یه‌كێتی و گۆڕانه‌و هه‌موویان پرۆژه‌ی یه‌كخستنیان هه‌یه‌، کۆتایی پێبهێنرێت و په‌له‌ی تێدا بكرێت. دیاره‌ بێگومان گیروگرفت زۆره‌، به‌ڵام ده‌بێت بتوانین به‌سه‌ریاندا زاڵ بین.
بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژە گرنگ‌و ستراتیژییە، پێویستە حزبه‌كان متمانه‌یان به‌ یه‌كتری هه‌بێ، هەروەها دەبێ هەموو حزبه‌کان‌ بگه‌نه‌ قه‌ناعه‌ت كه‌ قوه‌ت و توانای حزبی سیاسی له‌ به‌رنامه‌كه‌یدابێ نه‌‌ك له‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كه‌یدا. دەبێ ئیتر ئێمه‌ له‌و قاوغه‌ ده‌رچین كه‌حزبی سیاسی به‌هۆی هێزی چه‌كداره‌وه‌ به‌هێزه‌، بێگومان ئومێدی گه‌وره‌شمان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ بگۆڕێ.  


* ئەی بۆ دەرەوەی هەرێم بایه‌خی دیپلۆماسی لە یه‌كخستنی ئه‌م هێزانه‌دا لە کوێدایە؟
- ئێمه‌ له‌ڕووی جوگرافییه‌وه‌ پێگه‌یه‌كی گرنگمان هه‌یه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ كوردستان ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ نه‌وت و گاز ئه‌مه‌ش ئابووری كوردستان ده‌به‌ستێتەوە به‌ ئابووری جیهانه‌وه‌. دوای ساڵی ٢٠١٤‌ لە جیهاندا ناوی پێشمەرگە درەوشایەوە وزۆربه‌ی وڵاتانی جیهان به‌تایبه‌ت‌ ئه‌وروپا  و ڕوسیا و ئه‌مریكا و چین، كوردستانیان به‌هۆی ئازایه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌وە دەناسییه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان.
وشه‌ی پێشمه‌رگه‌ بووە وشه‌یه‌كی جیهانیی، له‌ رۆژئاواش هێزه‌كانی سوریای دیموكرات و په‌یه‌ده‌ و به‌تایبه‌تیش ئه‌و ژنانه‌ی له‌ناو هێزه‌كانی ئه‌واندا بوون، هێندەی تر ناوی پیشمەرگەیان بەرزکردەوە لەسەر ئاستی جیهان، ئێ کەوابێ دەبێ ئێمه‌ش كه‌ڵك له‌و ناوبانگه‌ وه‌ربگرین و پێشمه‌رگه‌ بكه‌ینه‌ هێزێكی مۆدێرن كه‌ خه‌ڵك شانازیی به‌ ئازایه‌تییه‌وه‌ بكات كه‌ شه‌ڕی دژی تیرۆر ده‌كات.  

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن