هەواڵ

هێزە زەبەلاحەکە لە چاوەڕوانی چارەنوسێکی نادیاردا

11:04 - 10/05/2019 572 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

بەهۆی قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان ئەمریكا‌و ئێران‌و بەتیرۆر ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە، گروپەكانی حەشدی شەعبی عێراق رووبەڕووی چارەنووسێكی نادیار دەبنەوە‌و نازانرێت ئەنجامیان بەچی دەگات.

 

حەشدی شەعبی كە سەرەتای سەرهەڵدانیان بۆ مانگی ئازاری ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە‌و لەلایەن نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراقەوە بنەماكانی پێكهێنانیان داڕێژرا، دوای سەرهەڵدانی داعش لەمانگی حوزەیرانی ساڵی 2014دا بە فتوایەكی مەرجەعیەتی باڵای شیعەكانی عێراق بەشێوەیەكی بەرفراوان لە گۆڕەپانی ئەمنیدا بەدەركەوتن‌و ئێستا كاریگەرترین هێزی چەكدارن لە عێراقدا.

 

لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی پێكهاتەی حەشدی شەعبی لە كەسانی شیعەمەزهەبن، بەڵام بەشێكیش لە سوننە‌و توركمان‌و كوردەكان چوونەتە ناو ریزەكانی حەشدی شەعبی‌و لەلایەن دەستەیەكی باڵاوە سەرپەرشتی دەكرێن، كە راستەوخۆ وابەستەیە بە سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە، بەڵام مەرجەعە باڵاكانی شیعە رۆڵی زیاتر دەبینن لە ئاراستەكردنی گروپەكانی حەشد، چونكە پێكهاتەی حەشد زیاتر لەسەر بنەمایەكی مەزهەبی‌و ئایینی دامەزراوە نەك ئیدارەیەكی سەربازیی‌و دیسپلینی ئەمنیەت.

 

هەرچەندە گروپەكانی حەشدی شەعبی رۆڵی كاریگەریان گێڕا لە بەرەنگاربوونەوەی داعش‌و كۆنترۆڵكردنی ناوچە داگیركراوەكان، بەڵام نیگەرانییەكانی كۆشكی سپی لەبەرامبەر گروپ‌و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەردەوام بوون‌و واشنتۆن بەردەوام ئەو نیگەرانییانەی نەشاردۆتەوە، بەتایبەت كە شەڕی داعش كۆتایی هات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەشێوەیەكی فەرمیی داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی لە حكومەتی عێراق كرد.

 

بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان‌و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، لەمیانی شەڕی داعش‌و هێرشكردنە سەر ناوچە داگیركراوەكان، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی چەندین پێشێلكارییان كردۆتە سەر مافەكانی مرۆڤ‌و هەستاون بەكوشتن‌و رفاندن‌و ئەشكەنجەدانی هاوڵاتیانی مەدەنی، بەتایبەت لەناوچە سوننەنشینەكاندا. ئەوەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە‌و جیهان‌و كۆمەڵی نێودەوڵەتی داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدیان كرد.

 

موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەكرد، بەشێكی زۆر لە گروپەكانی حەشدی شەعبی زیان بە پرۆسەی سیاسی دەگەیەنن‌و پێویستە سنوورێكیان بۆ دابنرێت، هەرچی ئەمریكاشە ئاشكرای كرد، زۆرینەی گروپەكانی حەشد سەر بەئێرانن‌و ئەجێندای ئەو وڵاتە جێبەجێ‌ دەكەن.

 

دوای ئەوەی ئیدارەی ئەمریكا لەسەرەتای مانگی رابردوودا سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی تیرۆرەوە، بەشێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی‌و فەرماندەكانیان دژایەتیی خۆیان بۆ بڕیارەكەی واشنتۆن دەربڕی‌و جەختیان لەوە كردەوە، كە بەهیچ بڕیارێكی ئەمریكا رازی نابن، تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی، بەشێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی لە رێگای نوێنەرەكانیانەوە لەناو پەرلەمانی عێراق كار بۆ ئەوە بكەن، بەیاسا مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەناو خاكی عێراقدا قەدەغە بكەن‌و داوای چوونە دەرەوەی ئەو هێزانە دەكەن لەناو عێراقدا.

 

بەوتەی چاودێرانی سیاسی، بەشێكی زۆر لە گروپەكانی حەشدی شەعبی كە وەلائیان بۆ ئێران زۆرە، دوای بڕیارەكەی ئەمریكا لەدژی سوپای پاسدارانی ئێران بەرەو چارەنووسێكی نادیار هەنگاو دەنێن‌و كەوتوونەتە نێوان بەرداشی ململانێكانی نێوان واشنتۆن‌و تاران، بەتایبەت گروپەكانی سەر بە حزبی دەعوە‌و بەدر‌و حزبوڵڵا‌و ئەنسار‌وڵڵا‌و فەتح، چونكە ئەمریكا هەر هەنگاوێك لەدژی سوپای پاسداران بگرێتە بەر، ئەو گروپانەی حەشدیش بەشێك دەبن لە بڕیارەكە.

 

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن