هەواڵ

شیرین ئامێدی، ئەندامی سەرکردایەتی پ.د.ک: لە کابینەی نوێدا تەنیا شەخسەکان دەگۆڕدرێن

08:41 - 08/05/2019 214 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

سازدانی: ئیبراهیم عەلی

شیرین ئامێدی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی ئاشکرای دەکات، دوای پێکهێنانی کابینەی نوێ، پارتی رێوشوێنەکانی بەستنی کۆنگرەی چواردەیەم دەست پێدەکات کە پێنج ساڵە لە وادەی ئاسایی خۆی دواخراوە.


شیرین پێیوایە نابێ خەڵک بێزاربێ لە دواکەوتنی کابینەی نوێ، چونکە ئێرە سوید یان هۆڵەندا نییە دوای هەڵبژاردن خێرا کابینە پێکبهێنرێ! سەبارەت بە پێشبینی خۆی بۆ نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکی حکومەت، دەڵێت: هەردووکیان خاوەنی ئەزموونی بەهێزن لە ئاسایش و ئیدارەداندا. بۆیە دڵنیان لە سەرکەوتنیان لەو پۆستانەی وەری دەگرن.



* چۆن له‌ هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ ده‌ڕوانی؟
-  وه‌ك كادیرێكی پارتی، شانازی به‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ حزبه‌كه‌م حزبی یه‌كه‌مه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان. پارتی حزبی دایكه‌ بۆیە له‌ پێكهێنانی هه‌ر كابینه‌یه‌كدا ئه‌جێنداو ستراتیژی خۆی هه‌یه‌. پارتی بۆ پێكهێنانی هه‌ر كابینه‌یه‌ك به‌رنامه‌كه‌ی به‌لاوه‌ گرنگه‌ نه‌ك پله‌و پۆست. حه‌زده‌كه‌م باسێكی مێژوویی پێكهێنانی كابینه‌كانی حكومه‌ت بكه‌م. پارتی له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌مدا به‌لایه‌وه‌ گرنگ بوو مه‌سه‌له‌ی فیدراڵیه‌ت ببێته‌ واقیع و بچه‌سپێت. سوپاس بۆ خوا ئه‌و ستراتیژیه‌ته‌ هاته‌دی.

كابینه‌ی هه‌شته‌م به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌زۆر قۆناغی ناخۆشدا تێپه‌ڕی به‌ڵام به‌لێهاتوویی كاك نێچیرڤان دۆخه‌كه‌ تێپه‌ڕی و ئێستا قۆناغێكی نوێیه‌ له‌هه‌رێمدا. به‌ڕاستی قۆناغی كابینه‌ی هه‌شته‌م قۆناغێكی قورس بوو، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ رووبه‌ری زیاتر له‌ ١٠٠٠ كیلۆمه‌تر چوارگۆشه،‌ جه‌بهه‌ی هه‌بوو به‌رامبه‌ر گه‌وره‌ترین رێكخراوی تیرۆرستی وەک داعش. یه‌كێكی دیكه‌ له‌و ئاسته‌نگانه‌ی رووبه‌ڕووی حكومه‌تی هه‌رێم بویه‌وه‌ بڕینی بودجه‌و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بوو له‌لایه‌ن به‌غداوه‌. له‌هه‌مان كاتدا له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ رووبه‌ڕووی حكومه‌ته‌كه‌مان بووه‌وه‌. به‌ڵام سه‌رۆكایه‌تی كابینه‌ی هه‌شته‌م ئیسپاتی خۆی كردو توانی ئه‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌ تێپه‌ڕێنێ. ئه‌وه‌ی ئێستا باسی ده‌كه‌ین پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌مه‌. ئه‌جێندایه‌كی نوێ له‌ئارادایه‌ شه‌ڕی داعش وه‌ك جه‌بهه‌ نه‌ماوه‌ كه‌ قورساییه‌كی زۆر بوو له‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان.

پارتی بۆ كابینه‌ی نۆیه‌م به‌هاوكاری هێزه‌كانی دیكه‌ ئه‌جێندایه‌كی چوار ساڵیی داڕشتووه‌. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ خزمه‌ت بكات. ئه‌گه‌ر به‌هۆی بارودۆخی نێوده‌وڵه‌تی‌و ئه‌و قه‌یرانانه‌ی رووبه‌ڕووی كابینه‌ی هه‌شته‌م بووه‌وه‌ نه‌توانرا كۆمه‌ڵێك خزمه‌ت پێشكه‌شی خه‌ڵكی كوردستان بكرێ، ئه‌وا ‌كابینه‌ی نۆیه‌م ته‌واوكه‌ری كابینه‌ی هه‌شته‌م ده‌بێ له‌ پێشكه‌شكردنی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌.


*ئه‌و ئه‌جێنداو ستراتیژیه‌ته‌ چیه‌؟

- پارتی ئه‌جێندای نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتمانیی هه‌یه‌. له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانیی چه‌ندین كه‌موكوڕیمان هه‌یه‌و گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ته‌واو نه‌بووه‌. ده‌بێ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌، پێویسته‌ له‌و رێیه‌وه‌ ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ربن. یه‌كێكی دیكه‌ له‌ كێشه‌كان، كێشه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆش تاكی كوردی كۆمه‌ڵێك ئه‌رك و مافی هه‌یه‌ و ده‌بێ حكومه‌ت بتوانێ ئه‌و مافانه‌ بدات به ‌تاكی كورد. به‌تایبه‌ت بیمه‌ی ته‌ندروستی و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی.

* حه‌وت مانگ تێده‌په‌ڕێ و تائێستا كابینه‌ پێكنه‌هاتووه‌، پێتوانییه‌ خه‌ڵك مافی خۆیه‌تی نیگه‌ران بێ؟
- نه‌خێر، خه‌ڵك نیگه‌ران نابێ. خه‌ڵكی ئێمه‌ واقیعی سیاسی خۆمان ده‌زانێ،خەڵکی  ئێمه‌ هاوڵاتی سویدی و ئه‌وروپی نییه‌ ئاگای له‌ بارودۆخی هه‌رێم نه‌بێ. ئێمه‌ وه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ته‌وافقێكی نیشتمانیی دروستببێ. پارتی سەبروئارامی گرتووه‌، ئه‌گه‌رنا پارتی ده‌توانێ به ‌ته‌نیاش له‌گه‌ڵ كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كان حكومه‌ت پێکبهێنێ و چاوه‌ڕێی هیچ لایه‌نێك نه‌كات. بۆیه‌ خه‌ڵك ده‌زانێت ئه‌و سه‌بره‌ی پارتی هه‌یه‌تی بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان رازی بكات.

به‌لای پارتییه‌وه‌ ئه‌و هێزانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تیشن ده‌توانن هاوكاری حكومه‌ت بكه‌ن ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت ئۆپۆزسیۆنیش بن. چونكه‌ ئه‌وانیش ده‌توانین كه‌موكوڕییه‌كانی حكومه‌ت ده‌ست نیشان بكه‌ن. به‌مه‌ش ده‌توانین كێشه‌ی زۆر چاره‌سه‌ر بكه‌ین.

* تائێستا رێككه‌وتنەکەتان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئیمزا نەکردووە‌، دەکرێ بڵێی هۆكارەکەی ‌ چیه‌؟
-  تێڕوانینمان بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ته‌نیا له‌روانگه‌ی ئه‌وەوە‌ نییه‌ كه‌ دوو هێزن له‌هه‌ڵبژاردن چه‌ندە ده‌نگیان هێناوه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی مێژووی هاوبه‌شمان هه‌یه‌و ئه‌زموونی كاری هاوبه‌شیشمان هه‌یه‌. بۆیه‌ پێوه‌ری پارتی بۆ یه‌كێتی ته‌نیا پێوه‌ری كورسی نییه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ هاوشانی یه‌كتر بووین له‌زۆر شتدا. قوربانیمان به‌یه‌كه‌وه‌ داوه‌. بۆیه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر یه‌كێتی وه‌ستاین تا بتوانین رێككه‌وتنێك بێته‌ ئاراوه‌ كه‌ ببێته‌ مایه‌ی خزمه‌تكردنی تاك به‌تاكی خه‌ڵكی كوردستان. ئیمزای كۆتاییش له‌گه‌ڵ یه‌كێتی به‌منزیكانه‌ ده‌كرێت و جیاوازی ئه‌وتۆمان نییه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی.


* پێتوایه‌ كابینه‌ی مه‌سرور بارزانی چ جیاوازییەکی ده‌بێ له‌گه‌ڵ كابینه‌کانی نێچیرڤان بارزانی؟

- ته‌نیا شه‌خسه‌كان گۆڕاون، ئه‌گه‌رنا ئه‌جێندای پارتی هه‌ر ئه‌و ئه‌جێندایه‌یه‌ كه‌ له‌كابینه‌ی هه‌شته‌مدا هه‌بووه‌. به‌ڵام دوو سه‌ركرده‌ی گه‌نج و به‌توانا و خاوه‌ن ئه‌زموون، خزمه‌تی باش پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و هه‌ردووكیان ته‌واوكه‌ری یه‌كتر ده‌بن ئێمه‌ش به‌ته‌واوی پاڵپشتیان ده‌بین. چاوەڕێی گۆڕانكاری گه‌وره‌ دەکەین چونکە كاك نێچیرڤان بارزانی وه‌ك كه‌سێكی خاوه‌ن ئه‌زموون له‌پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمدا ده‌بێ، ئەو خاوه‌ن په‌یوه‌ندییه‌كی فراوانی نێوده‌وڵه‌تییه‌و ده‌توانێت خزمه‌تی زۆر گه‌وره‌ به‌خه‌ڵكی كوردستان و كێشه‌ی كورد بكات.

به‌لای ئێمه‌وه‌ ئه‌و شته‌ نییه‌ بڵێین كابینه‌ی فڵان و كابینه‌ی فڵان، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌جێندای پارتی دیموكراتی كوردستانه‌. ئه‌وان به‌هه‌ردووكیان به‌رنامه‌ی پارتی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن. ئه‌جێندای پارتی به‌گۆڕینی كه‌سه‌كان ناگۆڕێت و له‌كاتی كاركردنیشدا ده‌بینین كه‌ هه‌ردوو سه‌ركرده‌ی گه‌نج به‌یه‌ك تیم كار ده‌كه‌ن و باشترین نموونه‌ی حوكمڕانی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

* به‌لای تۆوه‌ خاڵی بەهێزی هەردووکیان لە چیدایە؟
-  خاڵی هێزی كاك مه‌سرور وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌نج، له ‌بواری ئه‌منیدا كاك  ئه‌زمونێكی سه‌ركه‌وتووی هه‌یه‌و توانیویه‌تی له‌رووی ئه‌منیه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ده‌ستی ده‌ره‌كی بپارێزێت. یه‌كێكی دیكه‌ له‌خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی كاك مه‌سرور ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ته‌واوی به‌رنامه‌ی پارتی جێبه‌جێ ده‌كات ئەویش ئه‌وه‌یه‌ چاكسازیی فراوان ئه‌نجام بدات و روبه‌روی گه‌نده‌ڵی ببێته‌وه‌. ده‌توانین بڵێن باشترین خاڵی كاك مه‌سرور پاراستنی ئه‌منییه‌تی تاك به‌تاكی خه‌ڵكی كوردستان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی دەبێ‌.

خاڵی هێزی كاك نێچیرڤان بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی فراوانی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی حوكمڕانییە. له‌سه‌ر ئاستی ته‌واوی وڵاتان كاك نێچیرڤان ده‌توانێ لۆبی دروست بكات و باشترین دۆست بۆ میلله‌تی كورد پەیدا بكات.


*  ئه‌و كاته‌ی كاك مه‌سعود سه‌رۆكی هه‌رێم بوو، باره‌گای سه‌رۆكی هه‌رێم له ‌سه‌ری رەش بوو، ئایا ئه‌و كاته‌ی نێچیرڤان بارزانی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌ر ده‌گرێت باره‌گایه‌كی نوێی بۆ ده‌كرێته‌وه‌ یا ده‌چێته‌ هه‌مان باره‌گا؟

-  ئه‌سڵه‌ن ئه‌وه‌ پرسیار نییه‌، ئه‌وه‌ی شاره‌زای مێژووی پارتی بێ، ده‌زانێ بۆ سه‌ركردایه‌تی پارتی باره‌گا هیچ كات كێشه‌ نه‌بووه‌. چونكه‌ پارتی باره‌گای له‌ ئه‌شكه‌وته‌كانی كوردستان بوو توانی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش بكات، ئێستاش ئه‌گه‌ر له‌ژێر خێوه‌تیش بێت كاك نێچیرڤان ده‌توانێ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌باشترین شێوه‌ به‌ڕێوه‌ ببات. جه‌نابی سه‌رۆك، ئه‌و كاته‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمیش بوو، به‌رده‌وام له‌به‌ره‌ی جه‌نگ بوو، ده‌یتوانی له‌ژێر خێوه‌ت كاره‌كانی رایی بكات و میوانی بیانیش له‌و شوێنانه‌ ببینێ.


*  ماوه‌ی به‌ستنی كۆنگره‌ی پارتی زۆری به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه‌، پارتی بۆچی كۆنگره‌ نابه‌ستێ؟

- دیسان ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ پارتی حزبی دایكه‌ و حزبی دایكیش كۆمه‌ڵێك به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ن. بۆ ئێمه‌ ئه‌و كاته‌ی شه‌ڕی داعش بوو، ده‌مانتوانی كۆنگره‌ ببه‌ستین؟ ئێمه‌ پاراستنی خاكی هه‌رێممان له‌به‌ستنی كۆنگره‌ له‌لا پیرۆزتره‌. راسته‌ كاتی به‌ستنی كۆنگره‌ هاتووه‌، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك رووداوی گرنگ روویانداوه‌و ده‌رفه‌تیان به‌ئێمه‌ نه‌داوه‌ كۆنگره‌ ببه‌ستین. ئێستا شه‌ڕی داعش ته‌واو بووه‌و دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م ئه‌و كات ئه‌وله‌ویاتی ئێمه‌ ده‌بێته‌ به‌ستنی كۆنگره‌ و به‌رنامه‌ی پارتی ئه‌وه‌یه‌ به‌زوترین كات كۆنگره‌ ببه‌ستێ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن