هەواڵ

سکانداڵی ویلیامسۆن و خێری مۆرداونت

01:39 - 08/05/2019 118 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

 

رۆژی یه‌کی ئایار بۆ وه‌زیری به‌رگری به‌ریتانیا گاڤین ویلیامسۆن به‌خێر نه‌گه‌ڕا، چونکه ئه‌و ئێواره‌یه سه‌رۆک وه‌زیران ترێزه مه‌ی پێی راگه‌یاند، که به‌ڵگه‌ی بنه‌بڕی له‌لایه ویلیامسۆن دزه‌ی به زانیاریه‌کانی کۆبوونه‌وه‌ی ٢٣ی مانگی ڕابردوو کردووه، که ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی به‌ریتانی له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا باسی ڕێگه‌دان به کۆمپانیای هواوی چینی کردووه بۆ به‌شداربوون له بنیادنانی تۆڕی ‘جی فایڤ’ی نوێی په‌یوه‌ندیه‌کان و ئینته‌رنێتی به‌ریتانی بکات.


مه‌سه‌له‌ی سکانداڵی دزه‌پێکردنی زانیاری که به‌سه‌ر گاڤین ویلیامسۆندا شکایه‌وه، شه‌ڕێک بوو خێری خانمێکی ته‌مه‌‌ن مامناوه‌ندی و شۆخی تێدابوو، که وه‌ک یه‌که‌م وه‌زیری به‌رگری ئافره‌ت بێته جێگای. پێنی مۆرداونت که ته‌مه‌نی ٤٦ ساڵەو ساڵانێکی زۆره وه‌ک ئه‌ندام په‌رله‌مانی پارتی پارێزگاران و فیگه‌رێکی سیاسی دیار له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه کارده‌کات ئه‌و ئه‌رکه‌ی پێسپێردرا.


ڕۆژێک پێش ده‌رکردنه‌که‌ی له‌لایه‌ن سه‌رۆک وه‌زیرانه‌وه، گاڤین ویلیامسۆن له چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ (بی بی سی) رایگه‌یاند، که ئه‌و هیچ زانیاریه‌کی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ی دزه پێنه‌کردووه، ته‌نانه‌ت به گیانی منداڵه‌کانیشی سوێندی خواردووه، به‌ڵام ترێزه مه‌ی که هه‌م سه‌رۆک وه‌زیران‌و هه‌م سه‌رۆکی حیزبه‌که‌ی وه‌زیره ده‌رکراوه‌که‌یه، به ویلیامسۆنی وتووه که به‌ڵگه‌کان حاشاهه‌ڵنه‌گرن.


وه‌زیری به‌رگری که ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتیمانییه له کۆبونه‌وه‌ی ٢٣ی مانگی ئه‌پریلدا به‌شداربوو و کۆبونه‌وه‌که باسی ڕه‌زامه‌ندی به‌ریتانیایان کردووه له ڕێگه‌پێدان به کۆمپانیای هواوی چینی بۆ به‌شداریکردن له‌گه‌ڵ ‘جی فایڤ’ له پرۆژه‌ی گرنگی بنیاتنانی تۆڕی په‌یوه‌ندیه‌کان و ئینته‌رنێتی به‌ریتانی، له‌کاتێکدا کۆمپانیای هواوی وه‌ک کۆمپانیایه‌ک ناوی رۆیشتووه که سیخوڕی بکات بۆ حکومه‌تی چینی، تۆمه‌تێک که هواوی به به‌رده‌وامی ڕه‌تیده‌کاته‌وه.


له به‌یاننامه‌که‌ی داونین ستریتدا هاتووه که: ‘سه‌رۆک وه‌زیران متمانه‌ی به توانای گاڤین ویلیامسۆن نه‌ماوه بۆ خزمه‌تکردن’، بۆیه پێنی مۆدورانت جێگای ده‌گرێته‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی مایک فالۆن که وه‌زیری به‌رگری بوو و کتوپڕ وازیهێنا، ساڵی ٢٠١٧ گاڤین ویلیامسۆن بوو به وه‌زیری به‌رگری تاکو ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی رابردوو کاتێک ترێزه مه‌ی پێی ڕاگه‌یاند که زانیاری دزه پێکردووه بۆ ده‌زگاکانی راگه‌یاندن، زانیاریه‌ک که مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی نه‌بووه.


ئه‌و بابه‌ته کاتێک هاته‌ئاراوه که ڕۆژنامه‌ی ده‌یلی ته‌له‌گراف ڕاپۆرتێکی بڵاوکرده‌وەو باسی ره‌زامه‌ندی حکومه‌تی کردبوو له ڕێگەدانێکی سنووردار به کۆمپانیای هواوی له تۆڕی ئینته‌رنێتی به‌ریتانی. ڕۆژنامه‌که سه‌رنجی حکومه‌تی بۆ مه‌ترسی ئه‌و بابه‌ته ڕاکێشابوو به‌وه‌ی کۆمپانیای هواوی له‌کاری سیخوڕیه‌وه تێوه‌گلاوه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه ڕه‌نگه ئاسایشی نیشتیمانی به‌ریتانی بکه‌وێته مه‌ترسیه‌وه. ترێزه مه‌ی دڵنیایه ئه‌و زانیاریانه گاڤین ویلیامسۆن داویه‌تی به ته‌یلی ته‌له‌گراف.


لاورا کوینسبێرگ که ڕۆژنامه‌نووسێکی تۆڕی (بی بی سی)یه وتویه‌تی که سه‌رچاوه‌ی نزیک له ویلیامسۆن پێی راگه‌یاندووه که گاڤین ویلیامسۆن، ستیڤن سوینفۆرد - جێگری سه‌رۆکی به‌شی هه‌واڵی سیاسی ده‌یلی ته‌له‌گراف-ی بینیوه، به‌ڵام لاورا وتویه‌تی به‌ڵگه‌م نییه که ئه‌و زانیاریانه ئه‌و دزه‌ی پێکردبێت.


سه‌ره‌ڕای ئه‌و گێژاوه سیاسیه‌ی ترێزه مه‌ی به‌هۆی مه‌سه‌له‌ی بریگزیت تێیکه‌وتووه، به‌ڵام هاوپه‌یمان و نزیکه‌کانی هێشتا وه‌ک ژنێکی به‌هێز ده‌یبینن که توانای بڕیاری قورسی هه‌یه. مه‌سه‌له‌ی ده‌رکردنی وه‌زیری به‌رگری بڕیارێکی قورسه، به‌ڵام پێده‌چێت داونین ستریت بیانووی گرده‌بڕی هه‌بێت بۆ ئه‌و بڕیاره.


ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی به‌ریتانی له وه‌زیره پله‌به‌رزه‌کان پێکهاتووه، سه‌رۆک وه‌زیران هه‌فتانه سه‌رپه‌رشتی کۆبوونه‌وه‌که‌ی ده‌کات‌و هه‌ندێکجار ئه‌گه‌ر پێویست بێت به‌رپرسانی پله‌باڵای سه‌ربازی و هه‌واڵگری بانگ ده‌که‌نه ناو کۆبوونه‌وه‌که‌وه. کۆڕبه‌ندیه‌که که ده‌کرێت تیایدا زانیاری ئاڵوگۆڕ بکرێت له‌نێوان ‘جی سی ئێچ کیو’ و ‘ئێم ئای فایڤ’ و ‘ئێم ئای سیکس’ که ده‌زگای زانیاری و هه‌واڵگری و سه‌ربازی به‌ریتانین‌و هه‌مووان ‘یاسای نهێنی فه‌رمی’یان واژۆ کردووه.


هێشتا هیچ زانیاریه‌کی فه‌رمی سه‌باره‌ت به به‌شداری هواوی بڵاونه‌کراوه‌ته‌وه، حکومه‌ت ده‌ڵێت له کۆتایی به‌هاردا بڕیار ده‌درێت به به‌شداریپێکردن یان نه‌کردن. هواوی رایگه‌یاندووه که هیچ جۆره کارێکی سیخوڕیان نه‌کردووەو په‌یوه‌ندیان به‌ حکومه‌تی چینه‌وه نییه. ترێزه مه‌ی وتی: دزه‌کردن به زانیاریه‌کانی کۆبوونه‌وه‌ی ٢٣ی مانگی ڕابردوو بابه‌تێکی زۆر هه‌ستیارەو زۆر نائومێدکه‌ریشه. ‘هیچ بژارده‌یه‌کی دیکه‌ی نه‌بوو جگه له ده‌رکردنی گاڤین ویلیامسۆن.’


جیرمی هه‌نت، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا وتی: ‘من زۆر به‌داخه‌وه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ڕوویدا، به‌ڵام سه‌رۆک وه‌زیران. له‌کاتێکدا جیگری سه‌رۆکی پارتی کرێکارانی ئۆپۆزیسیۆنە داوای له پۆلیس کرد لێکۆڵینه‌وه له بابه‌ته‌که بکات بۆئه‌وه‌ی بزانرێت به‌ڕێز ویلیامسۆن ‘یاسای فه‌رمی نهێنیپارێزی’ پێشێلکردووه یاخود نه‌یکردووه.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن