هەواڵ

تره‌مپ و کشانه‌وه‌ی ئەمریکا لە سوریا

01:16 - 08/05/2019 109 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

برێت مه‌کگۆرک، که پێشتر نێردراوی سه‌رۆک ئۆباماو دواتر نێردراوی سه‌رۆک تره‌مپ بوو بۆ سه‌رکردایه‌تیکردنی هاوپه‌یمانی نێودەوڵەتی دژ به داعش، که هاوپه‌یمانێتیه‌کی گه‌وره‌ بوو له ٧٥ وڵات و چوار رێکخراو پێکهاتبوون، له نووسینێکی چڕو پڕ ورده‌کاریوشیکارییدالەژێرناونیشانی “راستییەسه‌خته‌کانی سوریا” لەگۆڤاری ‘فۆرینپۆله‌سی’دا بڵاوکراوه‌ته‌وه، بارودۆخی سوریا شی ده‌کاته‌وەو ره‌خنه له سیاسه‌تی سه‌رۆک تره‌مپ ده‌گرێت له شێوازی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ پرسێکی هه‌ستیارو گرنگی وه‌ک سوریاو کاریگه‌ری و لێکه‌وته‌کانی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئەمریکا.


له بنه‌ڕه‌ته‌وه پلانی ستراتیژی هەبوونی هێزه‌کانی ئەمریکا له سوریاو به‌دیاریکراوی له باکووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا که له‌پاڵ هێزه‌کانی ئەمریکادا ٦٠٠٠٠ چه‌کداری سووری لێبوو و به ‘هێزه‌کانی سوریای دیموکرات’ ناسراون، ئه‌وه بوو که ئه‌مریکیه‌کان بۆ ماوه‌یه‌کی درێژتر ده‌مێننه‌وه. ئۆباماو دواتریش تره‌مپ له‌و باوه‌ڕه‌دابوون، که هەبوونی ئه‌وان بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه درێژمه‌وداکانی ئەمریکا له ناوچه‌که گرنگه. به‌ڵام بڕیاری کتوپڕی تره‌مپ - دیسه‌مبه‌ری ٢٠١٨ - به کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی له سوریا و وه‌ک مه‌کگۆرک ده‌ڵێت، دوای په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ ئەردۆغان، به‌ته‌واوی دۆسته‌کانی ئەمریکاو خودی مه‌ککۆرگیشی تووشی سه‌رسوڕمان کردووه.


مه‌کگۆرک به درێژی شرۆڤه‌ی نادروستی ئه‌و بڕیاره‌ی تره‌مپ ده‌کات و وایده‌بینێ که بڕیارێکه لێکه‌وتەو ده‌ره‌نجامه‌کانی له‌به‌رچاو نه‌گیراون. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه ئه‌و راستیه‌یه، که تائێستاش نزیکه‌ی ٤٠٠ سه‌ربازی ئه‌مه‌ریکی له سوریادا ماون که ٢٠٠ سه‌ربازیان له باکووری رۆژهەڵاتی سوریاو ٢٠٠ سه‌ربازی تریش له بنکه‌ی ‘ته‌نف’ن له باشووری رۆژهەڵاتی سوریا.


ئەمریکا ئامانجی کورتکردنه‌وه‌ی ده‌ستی ئێران بوو له سوریاو دروستکردنی هاوسه‌نگیه‌ک بوو له‌نێوان تورکیاو ئێراندا، لەهه‌مان کاتیشدا وتووێژ له‌گه‌ڵ روسیا بۆ گه‌یشتن به رێککه‌وتنێک سه‌باره‌ت به سوریا. له سه‌رووی هه‌موو ئه‌وانه‌ش رێگریکردن له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش وه‌ک هێزێکی دڕنده. به کشانه‌وه‌ی ئەمریکا له سوریاو بڕیاره‌‌که‌ی تره‌مپ هه‌موو ئه‌و ئامانجانه که ئەمریکا خۆی بۆ خسته شه‌ڕه‌وه تووشی کێشه دێن.


مه‌سه‌له‌ی ئێران له سوریا بابه‌تێکی هه‌ستیاره که تره‌مپ ده‌بوایه لەکاتی بڕیاری کشانه‌وه‌که وردتر سه‌رنجی بدایه. هەبوونی ئێرانییه‌کان له سوریا که ته‌واو نزیکه له ئیسرائیلەوە، ده‌کرێ ببێته سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئیسرائیل، له‌کاتێکدا پاراستنی ئیسرائیل له هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی و به‌دیاریکراوی له هه‌ڕه‌شه‌ی ئێران یه‌کێکه له ئامانجه‌کانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئەمریکا. به‌ڵام به‌بێ هەبوونی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریکی ئه‌وه چۆن ده‌کرێت؟


هه‌رچه‌نده دیپلۆماتکاره ئه‌مریکیه‌کان له سه‌ره‌تای دروستکردنی هاوپه‌یمانێتیه‌که دژی داعش رایانگه‌یاند که ئامانجی ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه ته‌نیا روخاندنی داعش و ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تەو دیزاینکردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوین یه‌کێک نییه له ئامانجه‌کانی ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه نێوده‌وڵه‌تییه. ئه‌گه‌ر ته‌نیا ئه‌وەبێ ئه‌وا ئه‌مریکیه‌کان سه‌رکه‌وتوون و کاره‌که‌ ته‌واو بوو، به‌ڵام مه‌ککۆرگ پێیوایه که ئامانجی ئەمریکا ده‌بێ ڕه‌گاژۆتر بێت، چونکه ناکرێت زۆرترین وزه‌و دارایی له ئه‌مریکیه‌کان بڕوات و پاشان له سوریا که‌مترین رۆڵیان هه‌بێ.


جۆن بۆلتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی وایده‌بینی، که تاکو ئێرانیه‌کان له سوریادا بن پێویسته ئه‌مریکیه‌کانیش بمێننه‌وه، به‌ڵام تره‌مپ به قسه‌ی ئه‌ویشی نه‌کردووه. به چه‌ند رۆژێک پێش بڕیاره‌که‌ی تره‌مپ بۆ کشانه‌وه، مه‌کگۆرک رایگه‌یاندووه جێهێشتنی سوریا هه‌ڵه‌یه، که‌چی تره‌مپ وتی ئێمه سه‌رکه‌وتووین و کچان و کوڕانمان له سوریا ده‌کشێنینه‌وه. ئه‌و بڕیاره نه‌ک هه‌ر کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌یه ئەمریکا هیچ نه‌چنێته‌وه، به‌ڵکو هاوپه‌یمانه‌کانیش متمانه‌یان به ئەمریکا لاواز بوو.


راسته ئەمریکا رۆڵی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی هه‌بوو له تێکشکاندنی داعش، به‌ڵام له هه‌لومه‌رجی گڕکاناوی سوریادا، کشانه‌وه‌ی ئەمریکا وه‌ک ئه‌وه وایه پشتی دۆسته‌کانی - هێزه‌کانی سوریای دیموکرات - به‌ربدات، له‌کاتێکدا ئه‌وان دوژمنه سه‌رسه‌خته‌که‌ی داعش بوون، له‌ڕووی دیدی ستراتیجی و جیهانبینیشه‌وه له هه‌مووان له ئەمریکا نزیکتر بوون.


سوریا که مه‌یدانی پێکدادانی کۆمه‌ڵێک هێزی نه‌یارو دژبه‌یه‌ک بوو له سێ زۆن پێکهاتبوو. زۆنێکیان حکومه‌تی سوریا کۆنترۆڵی کردبوو و روسیاو ئێران هاوکارییان ده‌کرد. زۆنێکی تریان باکووری خۆرئاوای سوریا بوو که له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و هێزه ئۆپۆزیسیۆنانه‌دا بوون که تورکیا پاڵپشتی ده‌کردن وه‌کو هێزه‌کانی قاعیدەو ته‌حریری شام، زۆنه‌که‌ی دیکه‌ش هێزه‌کانی سوریای دیموکرات تێیدا باڵاده‌ستن، که هێزێکی تۆکمه‌و شه‌ڕکه‌رن و ڕۆڵی گرنگیان هه‌بووه له تێکشکاندنی داعش و سه‌قامگیری ناوچه‌کانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان.


سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی جۆن بۆڵتن رایگه‌یاندبوو که تاکو ئێرانییه‌کان له سوریادا بن ئه‌مه‌ریکییه‌کان له سوریادا ده‌مێننه‌وه، به‌ڵام هه‌ر زوو ده‌رکه‌وت ئه‌و پلانه واقیعی نییه، چونکه په‌یوه‌ندی ئێران و سوریا ڕه‌گ‌وڕیشه‌یه‌کی مێژوویی هه‌یەو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوو کاتێک سوریا تاکه وڵاتێکی عه‌ره‌بی بوو پشتی سه‌دامی نه‌گرت دژی خومه‌ینی.


مه‌کگۆرک له ره‌خنه‌و شرۆڤه‌کانی به‌رده‌وام ده‌بێت و پێی وایه تورکیا رۆڵێکی ئه‌رێنی نه‌گێڕا له‌و ململانییانه‌دا، بگره هه‌ندێکجار به‌ربه‌ستی دروستده‌کرد له ڕێگای هاوپه‌یمانێتی دژی داعش. هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تادا پلانێک هه‌بوو به‌وه‌ی ئەمریکا هاوکاری ئۆپۆزیسیۆنی نزیک له تورکیا بکات و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ تورکیادا بکات بۆ گرتنه‌وه‌ی ره‌ققه، به‌ڵام دواجار ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریکی پلانێکی تری هه‌ڵبژارد که یارمه‌تیدانی راسته‌وخۆی یه‌په‌گه بوو له گرتنی ره‌ققه.


مه‌کگۆرک پێی وایه باشترین بژارده له ئێستادا ئه‌وه‌یه ئەمریکا له بڕیاری کشانه‌وه پاشگه‌ز ببێته‌وه. هه‌روه‌ها ده‌بێت دان به‌وه‌شدا بنێت، که ئه‌سه‌د ده‌مێنێته‌وەو پێویست ناکات ئەمریکا وزه‌ی خۆی له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان به‌فیڕۆ بدات به باسکردنی لاچوونی ئه‌سه‌د. ئەمریکا باشتر وایه وڵاتانی عه‌ره‌ب چیدیکه به مه‌سه‌له‌ی لابردنی ئه‌سه‌ده‌وه نه‌وروژێنێت، له‌بری ئه‌وه هانی وڵاتانی عه‌ره‌بی بدات، که رۆڵیان له رێكکه‌وتنی هاوسه‌نگی هێزه‌کان هه‌بێت، به‌مه‌ش رۆڵی ئێران و تورکیاو ته‌نانه‌ت روسیا له سوریادا لاواز بکه‌ن. له سه‌رووی هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌وه مه‌ککۆرگ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راکێشاوه که هاوپه‌یمانێتی تورکیاو ئەمه‌ریکا هه‌میشه به‌کێشه بووه بۆ ئەمریکا به‌وه‌ی تورکیا یارمه‌تی ئێرانی داوه دژی ئەمریکا، هاوڵاتی ئه‌مه‌ریکی گرتووەو پرسی رێگه‌کردنه‌وه‌ی بۆ کۆچبه‌ران وه‌ک گوشار دژی ئه‌وروپا به‌کارهێناوه، هه‌روه‌ها پشتگیری مادۆرۆی سه‌رۆکی ڤه‌نز‌وێلای کردووه، که نه‌یاری ئەمریکایه. ئه‌وانه هه‌مووی له‌لایه‌ک، له‌لایه‌کی تره‌وه په‌یوه‌ندی گوماناوی تورکیا به چه‌ند هێزێکی توندڕه‌وی ئایینییه‌وه له‌ناویشیاندا ئه‌لقاعیده. هه‌موو ئه‌وانه مایه‌ی دڕدۆنگی ئەمریکان له تورکیا.


خاڵێکی تر که مه‌کگۆرک نووسیویه‌تی و هانی ئەمریکا ده‌دات ئه‌وه‌یه که ئەمریکا پێویسته له سوریا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مۆسکۆ باش بێت، چونکه سه‌ره‌ڕای ناکۆکی واشینتۆن و مۆسکۆ له‌سه‌ر زۆر پرسی جیهانی، به‌ڵام خاڵی هاوبه‌شیان زۆره له سوریا، وه‌کو هه‌ردوولا هاوڕان له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی سوریا وه‌ک یه‌که‌یه‌کی سیاسی یه‌کگرتوو، رێگریکردن له بوونی داعش و ئه‌لقاعیدەو جگه له‌وانه‌ش هه‌ردوو وڵات په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل باشه.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن