هەواڵ

وەسێتنامەکەى حاکم گۆران

11:28 - 08/05/2019 1074 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

 

حاکم گۆران بۆ سەربەخۆیی کوردستان بیست و یەک مانگ بە تاقی تەنیا لە چیا مایەوە، دوای بێ هیوابوونی لە سەربەخۆیی، ئەمجا دروشمی چاکسازیی و یەکڕیزیی بەرز کردەوە. دیسان لەمەشدا بێ هیوا بوو دواجار بە گولـلـەیەک کۆتایی بە خۆی و هەموو ئەو خواست و داواکارییانە هێنا.

 

حاکم گۆران بە هەڵسوکەوتەکانی بوبووە جێی سەرنج و باسوخواسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، مردنەکەیشی کەمتر نەبوو لەو رووداوانەی خۆی دروستی دەکرد. دوای گیان لەدەستدانە خەمهێنەرەکەی کە راستەوخۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نیشانی سەدان هەزار کەسی دا. براو کەسوکاری حاکم گۆران قسەیان بۆ رۆژنامەی “زەمەن” کردووە.

 

ئەوان ئێستا بێ ئەوەی ناوی هیچ لایەن و سەرکردەو سەرۆکێک بهێنن، دەڵێن: هیچ کەس و لایەنێک سەردانێکی نەکردن تا قسەی دڵی خۆیان بکەن سەبارەت بەو کارەساتەی بەسەریاندا هاتووە. یان سەبارەت بە داواو خواستەکانی حاکم گۆران.

حاکم گۆران کێ بوو؟
سوبحی عەبدال ناوی راستەقینەی حاکم گۆرانە، ساڵی ١٩٦٣ لە ئاکرێ لە دایکبووە. باوکی دوو کوڕە بەناوەکانی گۆران ١٨ ساڵ و رامیار تەمەن ١٤ ساڵ، نازناوی حاکم و گۆران دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی پێشمەرگە بووە لە چیا. ئەگینا نە زانکۆی خوێندووە و نە هیچ ناوەندێکی یاساناسی. هیوای برای دەڵێت: لەبەر ئەوەی ئاستی رۆشنبیریی بەرزبووە لەناو پێشمەرگەکاندا، ئیتر نازناوی حاکم پێدەدەن و دەیخەنە ناو دادگای شۆڕشەوە.

 

یەکەم وێستگەی حزبایەتی و پێشمەرگایەتی حاکم گۆران، لە حزبی شیوعی عێراقەوە دەستیپێدەکات. پاش ساڵانێک مانەوەی لەناو حزبی شیوعی دا، ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی رابردوو بێ ئەوەی هۆکارەکەی دیاربێ واز لە شیوعی دەهێنێ و پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەکات.

 

حاکم گۆران لەناو پارتیدا بە پێشمەرگەیی دەمێنێتەوە تا ساڵی ١٩٩4، ئیتر لەو ساڵەوە کوردستان بەجێ دەهێڵێ و لە وڵاتی هۆڵەندا دەگیرسێتەوە و تا کۆتایی ژیانی، رەگەزنامەی هۆڵەندی هەبووە. لەو وڵاتە دوکانی سەرتاشخانەی هەبووەو جارجار کارەکەی گۆڕیوە.

 

هیوا عەبدال، برای حاکم گۆران بە “زەمەن”ی وت: “لە دوای ساڵی ١٩٩٤ حاکم گۆران پەیوەندی بە هیچ حزبێکی کوردستانەوە نەماو تاکۆتایی ژیانی بەو بێلایەنییە مایەوە، بەڵام باوەڕێکی پتەوی بە مەسەلەی کوردو کوردایەتی هەبوو”.

کەی گەڕایەوە کوردستان؟
ساڵی ٢٠٠١ حاکم گۆران گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستی بە دروستکردنی پرۆژەیەکی بەخێوکردنی مریشک (دەواجن) کردووەو لەگەڵیدا کاری بازرگانی دیکەی کردووە. دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، حاکم گۆران جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە بۆ هۆڵەنداو لەوێ ماوەتەوە.

 

کەسوکارەکەی دەڵێن: لە دوای رووخانی رژێمی بەعس، ناوبەناو بە خێزانیی دەگەڕانەوە بۆ کوردستان و چەند مانگ دەمانەوە. بەڵام لەسەروەختی بانگەشەکردن بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە مانگی ئابی ٢٠١٧ هەر خۆی گەڕایەوە بۆ کوردستان و بڕیاریدا لە چیا بمێنێتەوە تا سەربەخۆیی کوردستان رادەگەیەنرێ.

 

ئەو چوونەی بۆ سەر چیا، حاکم گۆرانی کرد بەناوێکی ئاشنا بە خەڵکی کوردستان، وەکچۆن خەڵک هەبوو پشتیوانی و دەسخۆشانەی لێدەکرد، ئاوەهاش خەڵک هەبوون تانەو تەشەریان لێدەداو بە سەرلێشێواو ناویان دەبرد. بەڵام ئەو سووربوو لەسەر قسەی خۆی و لە چیا زۆر مایەوە.

 

مهتین عەبدوڵڵا، خوشکەزای حاكم گۆرانە سەبارەت بهو قسانەی دەوترێن ئەو پیاوە نەخۆشیی دەروونیی هەبووەو کێشەی خێزانیی هەبووە بۆ “زهمهن” وتی: “ئەو قسانە هیچ راستییان تێدا نییە چونکە خاڵۆم نە نهخۆشی دهروونیی هەبوو و نە کێشەی خێزانیی. ئەو لە هەموو کۆڕو مەجلیسێکا هەر باسی یەکڕیزی کوردی دەکرد. تا ئەو شەوەی خۆی کوشت، هیچ نیشانەو ئاماژەیەکی نەبووە کە دەری بخات دەیەوێ خۆی بکوژێ. ئەو قسانە درۆن”.

وەسێتنامەکەی گیرفانی
دوای ئەوەی بە برینداری گەیەنرایە نەخۆشخانە، کەسوکارەکەی جلوبەرگ و مۆبایلەکەی وەردەگرنەوە، دەبینن لەناو گیرفانی کراسەکەیدا کاغەزێک دەقکراوە. کاتێ دەیکەنەوە دەبینن دوایین وەسێتی خۆیەتی بۆ بنەماڵەو خێزانەکەی.

 

هیوای برای حاکم گۆران، سەبارەت بە ناوەڕۆکی وەسێتەكەی بۆ “زەمەن” وتی: “وەسێتەکەی بە ١٦ خاڵ نووسیوە، تێیدا دەڵێت ئەو ٥٠٠ هەزار دینارەی مووچەکەم کە لای خۆتان هەڵمگرتووە، بیدەن بە خەرجی گۆڕەکەم. با گۆڕێکی شایستەم هەبێ تا خەڵک ئەگەر هاتنە سەردانم ماندوو نەبن. من دەزانم پێنج سەد هەزار دینار بەشی پرسەدانان ناکات، بۆیە پرسەم بۆ دامەنێن”.

 

هیوا ئاماژەی بەوەشدا خاڵەکانی تری ناو وەسێتەکەی تایبەتە بە هاوسەرو منداڵەکانی، بۆیە پێویست ناکات بڵاوی بکەنەوە.

 

کەسوکاری حاکم گۆران نایشارنەوە گلەییان لە حزبەکان و هێزە ئەمنییەکان هەیە کە نە لەکاتی هەڕەشەی خۆکوشتن و نە دوای خۆکوشتنەکەی، وەکو پێویست نەهاتوون بەدەم کێشەو داواکاری حاکم گۆرانەوە.

 

لەمبارەیەوە عەقید رەشید محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای ئاكرێ سەبارەت بە تۆمەتبارکردنیان بە کەمتەرخەمی لە کەیسی حاکم گۆراندا، بۆ “زەمەن” وتی: “سەعات ٩ی شەو پۆلیس ئاگادار کراوەتەوە لە رووداوەكه، بۆیە دەستبەجێ دەستمان بە گەڕان کرد لەو چیایەی وتیان حاکم گۆران بۆی چووە. بەڵام چونکە تەلەفۆنی داخرابوو، دۆزینەوەی ئاسان نەبوو. ئەو تفەنگێکی پێبوو نەیدەهێشت کەسیش نزیکی بێتەوە لەگەڵ ئاسایش هەوڵی زۆرماندا بەڵام سودی نەبوو”.

 

رەجەب سەڵاح، برازای حاكم گۆرانەو ئەو قسانەی بەڕێوەبەری پۆلیسی ئاکرێ رەتدەکاتەوەو بۆ “زەمەن” وتی: “هێزە ئەمنییەكان و لایەنەكان كەمتەرخەمبوون، ئەوان دەیانتوانی گیانی مامم بپارێزن. چونکە پێشوەخت پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداری ئەوەبوون كە خۆی دەكوژێ کەچی نەچوون بە هانایەوە”.

 

رەجەب دەشڵێت: “حاکم گۆران بۆ کوردستان و سەربەخۆیی سەری خۆی دانا، کەچی لە ناشتنی تەرمەکەیدا، بەرپرسانی حزبیی و حکومیی ئامادە نەبوون. هەروەها له (ئاكرێ)وه چووم بۆ دهۆك تا بە پۆستەر پەیامەکانی حاكم گۆران بڵاوبکەمەوە، کەچی له كاتی هەڵواسینی پۆستەرو دروشمەكاندا هێزه ئەمنییەكانی دهۆك رێگەیان نەدام”.

ناو مۆبایلەکەی چی تێدابوو؟

هیوای برای حاکم گۆران بەشێک لەو نامانە بۆ “زەمەن” ئاشکرا دەکات کە خزم و هاوڕێکانی لەڕێی مۆبایلەوە بۆیان ناردووە لەو کاتەی چووەتە چیاو وتبووی نایەمە خوارەوە تا سەربەخۆیی کوردستان رادەگەیەنرێ.

 

هیوا وتی: “لەبەرئەوەی حەزی کردووە دوای مردنی خۆی کەسێک سوود لە مۆبایلەکەی وەربگرێ، پاسۆردی لەسەر دانەنابوو. هەموو کەس دەتوانێ نامەکانی ببینێ.

دوای ئەوەی تەرمەکەیمان ناشت، جلوبەرگ و مۆبایلەکەیان بۆ هێناینەوە سەیرم کرد چەند نامەیەکی تێدایە کە هاوڕێکانی بۆیان ناردووەو نووسیویانە: حاکم گۆران خەریکی چیت برا.. بڕۆ سەیرێکی خێزانی شەهیدەکان بکە لە چ بارودۆخێکدان و کەس لێیان ناپرسێتەوە، بەخوا تۆش شەهیدببی کەس ناپرسێتەوە لە منداڵەکانت و ئیهمال دەکرێن”.

حکومەتی هۆڵەندا هەڵوێستی چی بوو؟
بەوپێیەی حاکم گۆران رەگەزنامەی هۆڵەندی هەبوو، دەبوو حکومەتی ئەو وڵاتە بەدواداچوونی بۆ خۆکوشتنی هاوڵاتییەکی خۆی بکردایە کە خۆکوشتنێکی ئاسایی نەبوو.

هیوای برای حاکم گۆران لەمبارەیەوە وتی: تائێستا حکومەتی هۆڵەندا هیچی بە ئێمە نەوتووەو هەر نەشیان پرسیوە ئەو پیاوە بۆچی خۆی کوشتووە. خێزان و منداڵەکانیشی لەوێن و پرسەشیان بۆ دانا، هیچیشیان بەوان نەوتووە.

 

حاکم گۆران سەعات ١١ی شەوی ٣٠/٤/٢٠١٩ لە پەخشی راستەوخۆی فەیسبووکدا، فیشەکێکی نا بە سینگی خۆیەوەو بەرەبەیانی رۆژی ١ی ئایار لە نەخۆشخانەی ئاکرێ کۆچی دوایی کرد. پزیشکەکان وتیان: بەهۆی ئەو گولـلـەیەوە بەشێک لە جگەری نەماوەو کاریگەری لەسەر گورچیلەکانی هەبووە، دوای تێکردنی ٢٠ بوتڵ خوێن، دواجار گیانی لە دەستدا.

 

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن