کوردستان

٧١ پێشێلکاریی دژ بە میدیاکار و ڕۆژنامەنوسان تۆمارکراون

04:00 - 17/07/2021 97 جار خوێندراوەتەوە

زه‌مه‌ن_هه‌رێمی كوردستان

 


له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگی رابردوودا، (٧١) کەیسی پێشێلکاریی بە تەنیا دژ بە میدیاکار و ڕۆژنامەوانان تۆمار کراوە، کە خۆی لە کەیسەکانی زیندانیکردن، دەستبەسەرکردن، ڕێگریی لەڕووماڵکردن، لێدان، هەڕەشە و سوکایەتی و بڕیار و مەترسی دەستگیرکردن دەبینێتەوە.


لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا(١/١/٢٠٢١-٣٠/٦/٢٠٢١) لەلایەن تیمەکانی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادییەوە، دەیان دۆسیەی پێشێلکاریی دژ بە میدیاکاران و میدیاکان، چالاکانی مەدەنی و ئازادی ڕادەربڕین بەگشتی، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.


لەسەر ئاستی پارێزگەکاندا؛ پارێزگای هەولێر (٣٥) کەیس، پارێزگای سلێمانی (١٧) کەیس، پارێزگای دهۆک (١٦) کەیس، پارێزگای هەڵەبجە (١) کەیس و (٢) کەیسی پێشێلکارییش لە شەنگال تۆمار کراوە.

هەرچی پەیوەندی بە جۆری پێشێلکارییەکانەوە هەبێت، زۆرترین کەیسی پێشێلکاریی خۆی لە ڕێگریی لە ڕووماڵی میدیایی دەبینێتەوە کە (٣٩) کەیسی تێدا تۆمار کراوە، پاشان دەستبەسەرکردن (١٥) کەیس، زینداینکردن (٨) کەیس، لێدان و هەڕەشە و سوکایەتی (٥) کەیس و هەڕەشە و بڕیاری دەستگیرکردنیش (٤) کەیسی تێدا تۆمار کراوە.

ده‌قی راپۆرتی رێكخراوه‌كه‌:


پوختەی ڕاپۆرتی چاودێریی ڕەوشی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان

نیوەی یەکەمی ٢٠٢١
تەمووزی ٢٠٢١

پوختە

لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا(١/١/٢٠٢١-٣٠/٦/٢٠٢١) لەلایەن تیمەکانی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادییەوە، دەیان دۆسیەی پێشێلکاریی دژ بە میدیاکاران و میدیاکان، چالاکانی مەدەنی و ئازادی ڕادەربڕین بەگشتی، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە. تیمەکانی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی (٧٣) کەیسی پێشێلکارییان بە تەنیا دژ بە میدیاکار و ڕۆژنامەڤانان تۆمار کردووە، کە خۆی لە کەیسەکانی زیندانیکردن، دەستبەسەرکردن، ڕێگریی لەڕووماڵکردن، لێدان، هەڕەشە و سوکایەتی و بڕیار و مەترسی دەستگیرکردن دەبینێتەوە.

لەسەر ئاستی پارێزگەکاندا؛ پارێزگای هەولێر (٣٥) کەیس، پارێزگای سلێمانی (١٧) کەیس، پارێزگای دهۆک (١٦) کەیس، پارێزگای هەڵەبجە (١) کەیس و (٢) کەیسی پێشێلکارییش لە شەنگال تۆمار کراوە.

هەرچی پەیوەندی بە جۆری پێشێلکارییەکانەوە هەبێت، زۆرترین کەیسی پێشێلکاریی خۆی لە ڕێگریی لە ڕووماڵی میدیایی دەبینێتەوە کە (٣٩) کەیسی تێدا تۆمار کراوە، پاشان دەستبەسەرکردن (١٥) کەیس، زینداینکردن (٨) کەیس، لێدان و هەڕەشە و سوکایەتی (٥) کەیس و هەڕەشە و بڕیاری دەستگیرکردنیش (٤) کەیسی تێدا تۆمار کراوە.

جگە لەو پێشێلکارییانەی ڕاستەوخۆ بەرانبەر بە میدیاکاران و ڕۆژنامەڤانان لە کەناڵە جیاجیاکاندا کراوە، تیمەکانی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی، چەندین کەیسی دیکەی پێشێلکارییان دژ بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن تۆمار کردووە، کە خۆی لە داخستنی کەناڵی میدیایی، ڕاگرتنی بەرنامەی میدیایی، داخستن و ڕێگەگرتن لە کردنەوەی نووسینگەی کەناڵی میدیایی و دروستکردنی تەشویش لەسەر پەخشی کەناڵی میدیایی دەبینێتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، بڕیار لەسەر داخستنی (٢٩) کەناڵی تیڤی ناوخۆیی، داخستن و ڕێگەگرتن لە کردنەوەی (٢) نووسینگەی کەناڵی میدیایی، ڕاگرتنی (٤) بەرنامەی تیڤی و دروستکردنی تەشویش لەسەر پەخشی کەناڵێکی ئاسمانی تۆمار کراوە.


لەهەمان ماوەدا، تیمەکانی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی، دەیان کەیسی پێشێلکارییان دژ بە خۆپیشاندەران و چالاکانی مەدەنی و ئازادی ڕادەربڕین بەگشتی لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی تۆمار کردووە. کە تیایدا دەیان خۆپیشاندەر و چالاکی مەدەنی ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردن، بریندارکردن، هەڕەشە و ئەشکەنجەدان بوونەتەوە.


لەو چوارچێوەیەدا، پارێزگای سلێمانی (٩) کەیسی پێشێلکاریی دژ بە خۆپیشاندەران و چالاکی مەدەنی، پارێزگای هەولێر (٣) کەیسی پێشێلکاریی دژ بە خۆپیشاندەران و چالاکانی مەدەنی و لە پارێزگای دهۆکیش (٢) کەیسی پێشێلکاریی تۆمار کراوە. لەچوارچێوەی هەریەک لەو کەیسانەدا، بەتایبەت پێشێلکارییەکان دژ بە خۆپیشاندەران، دەیان خۆپیشاندەر دەستگیر و دەستبەسەرکراون و چەندین چالاکی مەدەنییش ڕووبەڕووی بریندارکردن، ئازار و ئەشکەنجەدان و هەڕەشە کراونەتەوە. وردەکاریی سەرجەم ئەو کەیسانە لە خوارەوە خراوەتە ڕوو.


سه‌رباری ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی كه‌ له‌م ڕاپۆرته‌دا خراونه‌ته‌ڕوو، ده‌كرێت چه‌ندین پێشێلكاری تر دژ به‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرابێت،به‌ڵام به‌هۆی سنورداری توانای ده‌ستڕاگه‌یشتین به‌ هه‌موو كه‌یسه‌كان، ڕه‌نگه‌ ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادیش نه‌یتوانیبێت هه‌موو كه‌یسی پێشێلكاریه‌كان لێره‌دا بخاته‌ڕوو. ئه‌مه‌ سه‌رباری ده‌یان كه‌یسی پێشێلكاری كه‌ له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ڕوویانداوه‌و له‌م ڕاپۆرته‌دا ئاماژه‌یان پێ نه‌دراوه‌.



ئه‌م ڕاپۆرته‌ به‌شێكه‌ له‌ كاروچالاكیه‌كانی پڕۆژه‌ی فراوانكردنی مه‌ودای كاری ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كه‌ ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی به‌ پاڵپشتی ڕێكخراوی فریاگوزاری میلله‌تی نه‌رویجی جێ به‌جێی ده‌كات. ڕاپۆرته‌كه‌‌ ته‌نها پێشێلكاریه‌كانی نیوه‌ی یه‌كه‌می ٢٠٢١ له‌خۆ ده‌گرێت، له‌ سه‌روبه‌ندی ئاماده‌كردنی ئه‌م ڕاپۆرته‌ش چه‌ندین پێشێلكاری تر دژ به‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین ئه‌نجامدران، به‌ڵام ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی له‌ كۆتایی ساڵ ڕاپۆرتێكی تێروته‌سه‌ل سه‌باره‌ت به‌ كۆی گشتی پێشێلكاریه‌كان ده‌خاته‌ڕوو.

وردەکاریی کەیسەکانی پێشێلکاریی دژ بە میدیاکاران و چالاکانی مەدەنی

زیندانیکردن


لەماوەی ئەو شەش مانگەدا، (٨) ڕۆژنامەوان و چالاکوان دەستگیرکراون و لەلایەن دادگایشەوە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە، لەناویاندا حوکمدراوانی بادینان؛ (شێروان شێروانی، شیڤان سەعید عومەر، هاریوان عیسا، ئەیاز کەرەم ڕەشید و گوهدار محەمەدئەمین) کە لە ١٦ی شوباتی ٢٠٢١دا ڕۆژی ١٦ی شوباتی ٢٠٢١، دادگای تاوانەکانی هەولێر/٢ پاڵپشت بە یاسای ژمارە (٢١)ی ساڵی (٢٠٠٣)ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە هەرێمی کوردستاندا، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندن و لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١یشدا دادگای پێداچوونەوەی هەولێر جارێکی دیکە سزاکەی دادگای تاوانەکانی پەسند کردەوە. لەدرێژەی سەپاندنی سزای زیندانیکردنی میدیاکاران، لە ١٢ی حوزەیران لەلایەن دادگای کەتنی هەڵەبجەوە و پاڵپشت بە مادەی ٢ی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، سزای شەش مانگ زیندانیکردن بەسەر رۆژنامەوان (ناسیح عەبدولرەحیم) سەپێندرا. لە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١یشدا، دادگای کەتنی دهۆک بڕیاری ساڵێک زیندانیکردن و پێبژاردنی 240 هەزار دیناری بۆ (ئومێد حاجی فەتاح) بەرۆشکی دەرکرد، ئەویش بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و مادەی 240ی یاسای سزادانی عێراق و بەگوتەی پارێزەرەکەی، هێشتا چەند سکاڵایەکی دیکەی لەسەر ماوە و دیسان دادگایی دەکرێتەوە و دوور نییە سزای دیکەی بەسەردا بسەپێنرێت.



لە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١یشدا، دادگای کەتنی دهۆک سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ڕۆژنامەوان و فۆتۆگرافەر (قارەمان شوکری زەینەدین) سەپاند، قارەمان شوکری رۆژنامەوان و فۆتۆگرافەر پێشتریش دوو جاری دیکە لە ڕێککەوتی ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ و ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە و دواتر ئازاد کراوە.


دەستبەسەرکردن


لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، لانیکەم (١٣) میدیاکار و ڕۆژنامەوان ڕووبەڕووی گرتن و دەستبەسەرکردن بوونەتەوە کە دۆسیەکانیان لە ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی تۆمار کراوە، لەپاڵ چەند میدیاکارێکی دیکە کە لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە یان لە ترسی دەستگیرکردن شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان جێهێشتووە و ڕوویان لە شارێکی دیکە کردووە، لەناویاندا (ئەیهان سەعید عومەر) و (دیفاع هەرکی) ڕۆژنامەوان لە کەناڵی ئاسمانی سپێدە، کە بەگوتەی خۆیان لە ڕۆژی ١٦ی شوباتی ٢٠٢١ و لەمیانەی دادگاییکردنی ڕۆژنامەوان و چالاکە مەدەنییەکانی بادینان ناویان لە هەمان دۆسیەدا هێنراوە و بەهۆی مەترسیی دەستگیرکردن و زیندانیکردنەوە ڕوویان لە سلێمانی کردووە.



لە ١٧ی ئایاری ٢٠٢١یشدا دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر بەگوێرەی مادەی ٢ی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و بەتۆمەتی هاندان بۆ شکاندنی قەدەغەی هاتوچۆ، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ رۆژنامەوان (ڕێبوار کەریم وەلی) دەرکرد. پێشتریش لە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا، لەلایەن دادگای دهۆک بڕیاری زیندانیکردن و پێبژاردن لە دژی نووسەر و ڕۆشنبیر (عەبدال نوری عەبدال) دەرکرا، لە بەرانبەر ئەو رەخنانەی لەبارەی جیهانی ئیسلامییەوە دەریبڕی بوون. عەبدال نوری ئەو قسانەی لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی لە ئەیلوولی ٢٠١٩ کرد، بەهۆیەوە ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و سزای دادگایی کرایەوە.


لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢١دا، هەریەک لە (تەحسین قاسم و نایف عیدۆ) پەیامنێر و کامێرامانی کەناڵی ئاسمانی ڕووداو، نزیکەی چوار کاتژمێر لەلایەن هێزێکی سەر بە حەشدی شەعبی لە سنووری شنگال دەستبەسەرکران و لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕووی لێدان و بریندارکردن بوونەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانی ڕووداو، (تەحسین قاسم) پێش دەستگیرکردنی، بە ناوەندی سەرەکی کەناڵەکەی لە هەولێر ڕاگەیاندووە؛ لیوای 21ی حەشدی شەعبی ئاگادارییان کردووەتەوە کە بڕیاری دەستگیرکردنی دەرچووە و دەبرێتە تەلەعفەر و لەوێ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.



لە ١٧ی ئازاری ٢٠٢١دا، (ڕێبین فەریق) کامێرامانی ماڵپەڕی سبەی، لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیر کرا، پاش ڕووماڵکردنی خۆپیشاندان و گربوونەوەی قوتابییانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی و لەکاتی چوونەوە بەرەو ئۆتۆمبێلەکەی. (ڕێبین فەریق) زیاتر لە شەش کاتژمێر لە ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەر دەکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و دواتر ئازاد دەکرێت.



لە ٨ی نیسانیشدا، لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە ڕێگریی لە هەریەک لە (تەمەن عەبدوڵا و محەمەد خەلیل شوانی) تیمی ئاژانسی وڵات کرا، کە ڕووماڵی گردبوونەوەیەکی دانیشتووانی گەڕەکی ژین لە کۆمەڵگەی دارەتوو لە سنووری هەولێر بکەن، کە دژ بە کەمی ئاوی خواردنەوە ساز کرا بوو، هەردوو میدیاکارەکە تا ماوەیەکیش لەلایەن ئاسایشەوە دەستبەسەرکران.



هەروەک لە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢١دا و لەکاتی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانێک لە ناوەندی سلێمانی کە بەبۆنەی ناڕەزایەتی دژ بە لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی تورکیا ئەنجامدرا بوو، (ڕێباز حەسەن) ڕۆژنامەوان و پەیامنێری ئاژانسی (ANF) دەستگیرکرا و دوای دوو ڕۆژ مانەوە لە ئاسایش، ئازاد کرا.


لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢١یشدا، هەریەک لە (خالید محەمەد) پەیامنێری ئێن ئاڕ تی و (هەژار ڕەشید) پەیامنێری ڕۆژنیوز و کەی ئێن ئێن، جگەلە رێگریی لە رووماڵکردن، لەلایەن هێزێکی سەر بە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر-کۆیە دەستگیرکران و ماوەی دوو کاتژمێر لە ئاسایشی کۆیە بە دەستبەسەرکراویی هێشترانەوە و پاشان ئازاد کران.


هەروەک لە ٣ی ئایاردا، ڕۆژنامەوان (بەشداری بازیانی) و کامێرامان (جەهانگیر ئەحمەد) تیمی دیپلۆماتیک مەگەزین، بۆ ماوەی نیو کاتژمێر لەلایەن پارێزگاری سلێمانی دەستبەسەرکران، سەرەڕای دەستگرتن بەسەر کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانیاندا و لە ١٦ی ئایاری ٢٠٢١یشدا، (هێمن باقر) سەرنووسەری دیپلۆماتیک مەگەزین لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیر کرا و پاشان بە کەفالەتی چوار ملیۆن دینار ئازاد کرا.



لە ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١شدا، تیمی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە دهۆک کە پێکهات بوون لە (ئارام حوسێن و محەمەد سدقی) لەکاتی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانێکی خاوەن یەکەکانی نیشتەجێبوون لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای دهۆک، سەرەڕای ڕێگریی لە ڕووماڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانیان، خۆیشیان بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کران. هەر لە ٢٢ی حوزەیراندا، کاتێک گرژی و تەقەکردن لە شاری سلێمانی لەلایەن هێزە ئەمنی و سەربازییەکان دروستبوو، چەندین ڕۆژنامەوان و میدیاکار، سەرەڕای ئەوەی ڕێگرییان لێکرا ڕووماڵ بکەن و دەست بەسەر کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانیاندا گیرا، (محەمەد حوسێن و کارزان تاریق) پەیامنێر و کامێرامانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی بۆ ماوەیەک لەلایەن ئاسایشەوە دەستبەسەرکران.


لێدان، هەڕەشەکردن و ناوزڕاندن


لە ١٢ی شوباتی ٢٠٢١دا، لەکاتی ڕووماڵکردن و وێنەگرتنی یاری نێوان یانەکانی هەولێر و برایەتی، هێرش کرایە سەر (ئومێد عەبدوڵا) وێنەگری تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان لە هەولێر و بریندار كرا. هەر لە شوباتی ٢٠٢١دا، (شەهێن سابیر) میدیاکار و چالاکی بواری میدیایی، ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی ئاگەدار کردەوە لەو هەڵمەتی سوکایەتی و ناوزڕاندنەی لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە دژی بەرپا کراوە و لە ١١ی ئایاری ٢٠٢١یشدا ڕۆژنامەوان (محەمەد گۆران) لە شاری هەولێر، ئاماژەی بەو هەڕەشە ناڕاستەوخۆیانە کرد پاش سەردانی بەرپرسێکی باڵای سیاسی ڕووبەڕووی دەکرێتەوە و ڕای گەیاند؛ "کاری ڕۆژنامەوانی بەتایبەت بۆ کەسێکی ئازاد، تەواو خەتەرناک بووە، چونکە ئەگەر نەکرێی بە سیخوڕی دەرەکی، ئەوە دەتکەن بەجاسووسی ناوخۆ!".



هەروەها لە ١٤ی ئایاری ٢٠٢١دا، (سەنگەر ئاکرەیی) رۆژنامەوان هەرەشەی کوشتنی لێکرا لە بەرانبەر کارە ڕۆژنامەوانییەکانی کە پەیوەستبوون بە دۆسیەی هاوڕەگەزخوازییەوە. هەڕەشەکان لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بوون و لە ١٨ی ئایاری ٢٠٢١یشدا، (رزگار کۆچەر) پەیامنێری ئێن ئارتی ڕای گەیاند؛ لە بەرانبەر رووماڵکردن و وێنەگرتنی پەنابەرێک کە لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، رووبەڕووی هەڕەشە و سوکایەتی و هەڵمەتێکی توندوتیژ بووەتەوە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.


ڕێگریی لە ڕووماڵکردن


لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢١دا، ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی (٣٩) دۆسیەی رێگریی لە ڕووماڵیکردنی میدیاکانی تۆمار کردووە کە دژ بە (٣١) میدیاکار و ڕۆژنامەوان لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و بەزۆرینەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگرییان لێکراوە ڕووماڵی میدیایی بکەن.


لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا، لەناو حەرەمی پەرلەمانی کوردستان و لەلایەن پاسەوانێکی پەرلەمانەوە، هێرش کرایە سەر (ئەیوب عەلی وەرتی) پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا، لەکاتێکدا پەیامنێرەکە سەرقاڵی وەرگرتنی لێدوان بوو لە ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان، پاسەوانەکەی پەرلەمان پەلاماری ڕۆژنامەوانەکەی دا و پێی گوت؛ "بە شەق دەتکەمە دەرەوە". لە هەمان ڕۆژدا، لەلایەن پاسەوانەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە ڕێگریی لە (هێرش قادر و سۆران ئەحمەد) پەیامنێر و کامێرامانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی کرا، ڕووماڵی مەراسیمی دەستبەکاربوونی وەزیری سامانە سروشتییەکان بکەن. لە ٢٧ی کانوونی دووەمدا، ڕێگریی لە (پێشەوا بەختیار و زانا جەلال) پەیامنێر و کامێرامانی کەناڵی (BMC) کرا کە دەیانویست ڕووماڵی ئاگرکەوتنەوەیەک لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بکەن و لەلایەن پاسەوانانی نەخۆشخانەکەوە هێرش کرایە سەریان و دەستیش بەسەر کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانیاندا گیرا.



لە ١٠ی شوباتی ٢٠٢١یشدا لە سنووری ئاکرێ-دهۆک ڕێگری لە (شەکێران زێباری) پەیامنێری کەناڵی ئێن ئاڕ تی کرا، کە بەدواداچوون و ڕووماڵی بۆردمانەکانی تورکیا لە دەڤەرەکەدا بکات و لە ٢١ی شوباتیشدا، ڕێگری لە هەریەک لە (ئیبراهیم ئیسماعیل و ئازاد ئۆمەراوەیی) تیمی کەناڵی ئاسمانی پەیام کرا کە ڕووماڵی وەستانی جوڵەی گەشتیاریی بکەن لە سنووری هەولێردا.



هەروەک لە ١١ی ئازاردا، لەکاتی ڕووماڵکردنی ئاگرکەوتنەوەیەک لە کۆگایەکی هەولێر، لەلایەن چەند کەسێکەوە بە جلی مەدەنی هێرش کرایە سەر (یوسف فارس ئیسماعیل) کامێرامانی کەناڵی ئێستا و ڕێگریی لە ڕووماڵی میدیایی کرا.



لە ڕۆژی ١٨ی ئازاری ٢٠٢١دا، لەلایەن ئاسایشی بازگەی سیدەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر، ڕێگریی لە هەریەک لە (عەبدۆ رۆستایی) پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕ تی، (زۆسک باڵەک) پەیامنێری تۆڕی میدیایی ژیان، (ئازاد ئۆمەراوەیی) پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی پەیام و (یونس حەمەد) پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی سپێدە کرا کە بۆ ڕووماڵکردنی کێشەی کتێبخانەی گوندی دەرهۆڵ سەردانی ناوچەکەیان کردبوو.



لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢١دا، لەلایەن پاسەوانەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە ڕێگریی لە هەریەک لە (دیدار حوسێن و ئەیوب ساڵح) پەیامنێر و کامێرامانی تۆڕی هەواڵی ژیان و لە هەمان کات و شوێندا (تەمەن عەبدوڵا و محەمەد خەلیل شوانی) تیمی ئاژانسی وڵات کرا کە ڕووماڵی میدیایی بکەن و دەستیش بەسەر کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانیاندا گیرا. لە هەمان ڕۆژدا تیمی کەناڵی ئێن ئاڕ تی کە پێکهاتبوون لە پەیامنێر و کامێرامان (هێرش قادر و گۆران عەبدولخالق) لەلایەن پاسەوانەکانی پەرلەمانەوە و لە بەردەم باڵەخانەی پەرلەماندا رێگرییان لێکرا ڕووماڵی میدیایی بکەن. لە هەمان ڕۆژیشدا لە ڕێگریی لە هەریەک لە (ئومێد چۆمانی و سۆران ئەحمەد) تیمی کەناڵی ئێن ئاڕ تی کرا کە دەیانویست ڕووماڵی سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بکەن و ڕێگەیان نەدرا بچەنە ناو فڕۆکەخانەی هەولێرەوە.



لە ٢ی ئایاری ٢٠٢١دا ڕێگریی لە (هێرش قادر و ڕێبین عەلی) پەیامنێر و کامێرامانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی کرا، لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە کە ڕووماڵی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی تایبەت بە دەستگیرکردنی ژمارەیەک تۆمەتبار بکەن. لە ٣ی ئایاردا، ڕێگریی لە (دیدار حوسێن و گۆران عەبدولخالق) پەیامنێر و کامێرامانی تۆڕی هەواڵی ژیان کرا کە ڕووماڵی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ لای کۆمەڵ و یەکگرتوو بکەن. لە ٥ی ئایاریشدا و لەکاتی ڕووماڵکردنی خولی یانە پلە یەکەکان لە یاریگای برووسک لە شاری هەولێر هێرش کرایە سەر هەریەک لە (قەهار حوسێن و محەمەد رەوف) تیمی کەناڵی ئاسمانی سپێدە و لە ٨ی ئایاریشدا جارێکی تر رێگریی لە (هێرش قادر و ڕێبین عەلی) پەیامنێر و کامێرامانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی کرا کە ڕووماڵی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بکەن.


لە ٣٠ی ئایاریشدا، لەلایەن هێزێکی سەر بە لیوای ١٢ی پێشمەرگە لە سنووری شارۆچکەی بەردەڕەش سەر بە پارێزگای دهۆک، هێرش کرایە سەر (سەباح سۆفی) پەیامنێری کەناڵی ئێن ئاڕ تی و ئازاری پێگەیەنرا و بەپێی خودی پەیامنێرەکە ئەوانەی ئازاریان پێگەیاندووە پاسەوانی فەرماندەی لیوای ١٢ بوون، لەکاتێکدا پێشمەرگەکانی لیوایەکە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ئەویش سەرقاڵی ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتیی دەربڕینەکە بووە. لە ٥ی حوزەیرانیشدا جارێکی دیکە هێرش کرایەوە سەر (سەباح سۆفی) پەیامنێری کەناڵی ئێن ئاڕ تی، لەکاتێکدا سەرقاڵی ڕووماڵکردنی ئاگرکەوتنەوەیەک بوو لە کەمپی شاریا لە سنووری پارێزگای دهۆک و بەو هۆیەوە مۆبایل و بەشێک لە کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانی شکێندرا.



لە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١یشدا، لەمیانەی ڕووماڵکردنی ئەو گرژییەی لەنێوان دوو هێزی ئەمنی و سەربازی لە شاری سلێمانی دروست بوو، هێرش کرایە سەر چەندین تیمی میدیایی و ڕێگرییان لێکرا ڕووماڵی ڕووداوەکە بکەن و دەست بەسەر کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانیشیاندا گیرا. لەناویاندا؛ (پێشەوا بەختیار و مەریوان عەلی)، تیمی کەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕ تی، (تیشکۆ سدقی و بژار دەباغ) تیمی تۆڕی میدیایی ئێستا، (عومەر دلێر و ڕۆزە سەلاح) تیمی میدیایی (BMC) و هەروەها (جوانڕۆ محەمەد) پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی کەی ئێن ئێن. سەرەڕای ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگریی لە هەموو ئەو تیمە میدیاییانە کرا ڕووماڵی گرژییەکە بکەن، دەستیش بەسەر کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکاندا گیرا.



راگرتنی بەرنامە و پەخشی کەناڵی میدیایی


رۆژی ٥ی نیسانی ٢٠٢١، وەزارەتی ڕۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی ژمارە (٣٧٣)، بڕیاری ڕاگرتنی پەخشی هەردوو بەرنامەی (نایت شۆ) لە کەناڵی ئاسمانی کۆڕەک و بەرنامەی (نێت گرام)ی لە کەناڵی ئاسمانی NET TV دەرکرد و لە ٦ی نیسانیشدا، بە نووسراوی ژمارە (٣٧٨) بڕیاری لەسەر ڕاگرتنی پەخشی بەرنامەی (شۆ مەگەزین) لە کەناڵی ئاسمانی کوردماکس دا. وەزارەتی ڕۆشنبیری لە ناوەڕۆکی هەر سێ نووسراوەکەدا، پاساوی بڕیارەکانی بۆ "نەشیاویەتی و نەگونجان لەگەڵ نەریتی کۆمەڵایەتی" کردووە و ڕوونی کردووەتەوە کە "داواکاری گشتی/دەستەی مافی گشتی بە نووسراوەکانیان ژمارە (٢٠٨) لە ٩/٣/٢٠٢١ و ژمارە (٢٤٢) لە ١٦/٣/٢٠٢١ داوای راگرتنی ئەم جۆرە بەرنامانە دەکەن کە پێچەوانەی نەریت و ئادابی گشتییە و زیان بە کۆمەڵگە و شیرازەی خێزان دەگەیەنێت".


وەزارەتەکە لە کۆتایی نووسراوەکاندا ئاماژەی بەوە کردووە، "دەستبەجێ تاکو (١) یەک هەفتە ئەم بەرنامەیە لە کەناڵەکەتان رابگرن و دواتریش پێداچوونەوە بە ناوەڕۆک و ستایلی بەرنامەکەدا بکەن، بە پێچەوانەوە لەباری پابەندنەبوونتان بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم نووسراوەمان، ئەوا پاڵپشت بە مادەی سێیەم، بڕگەی سێیەم لە ڕێنمایی ژمارە (١) ساڵی ٢٠١٤ی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، ڕێکاریی یاسایی بەرانبەر کەناڵەکەتان دەگرینەبەر".


لە ڕۆژی ١٢ی نیسانی ٢٠٢١یشدا، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی ژمارە (٣٩٤) فەرمانێکی کارگێڕی دەرکرد، لەبارەی ڕاگرتنی پەخشی کەناڵی ئاسمانی کورد ماکس شۆ بۆ ماوەی ٢٤ سەعات. لە ناوەڕۆکی نووسراوەکەدا هاتووە؛ "ئاماژە بە نووسراوەکانی داواکاری گشتی/دەستەی مافی گشتی ژمارە (٢٠٨) لە ٩/٣/٢٠٢١ و ژمارە (٢٤٢) لە ١٦/٣/٢٠٢١، پاڵپشت بە ڕێنمایی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١٤ (ڕێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان) مادەی سێیەم، بڕگەی سێیەم، لەبەر ئەوەی کەناڵی ئاسمانی (کورد ماکس شۆ) پابەند نەبووە بە ناوەڕۆکی نووسراومان ژمارە (٣٧٨) لە ٦/٤/٢٠٢١ بڕیارماندا بە؛ ١. ڕاگرتنی پەخشی کەناڵی ناوبراو بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر. ٢، ئەم فەرمانە لە ١٢/٤/٢٠٢١ کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ کاری پێدەکرێت".



لە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢١دا، کەناڵی ڕووناهی بڵاوی کردەوە، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کەناڵەکەوە داوای وەرگرتنی مۆڵەتی کردنەوەی نووسینگەیەک لە شاری هەولێر کراوە، بەڵام لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە رێگریی لە کردنەوەی نووسینگەکە کراوە، لەکاتێکدا کەناڵەکە چەند جارێک داوای پێدانی مۆڵەتی کردووە، بەڵام بەردەوام ڕەت کراوەتەوە و ڕێگەی پێ نەدراوە.


لە ١٠ی ئایاری ٢٠٢١دا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاپ و بڵاوکردنەوەی دهۆک/ وەزارەتی ڕۆشنبیری  لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یەک نووسراو (ژمارە ٩٨) و بەسەریەکەوە بڕیاری لەسەر ڕاگرتنی پەخشی (٢٩) کەناڵی تەلەفیزیۆنی دا، بە پاساوی نەبوونی مۆڵەت و پاڵپشت بە ڕێنمایی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١٤ی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەپێی ناوەڕۆکی نووسراوەکە دەبێت سەرجەم کەناڵەکان لە ڕۆژی دەرچوونی بڕیارەوە، ڕاستەوخۆ پەخشی خۆیان ڕابگرن، تێبینییەکە ئەوەیە کە پێویست بوو وەزارەتەکە دەرفەتێکی دیاریکراو بە کەناڵەکان بدات تا خۆیان لەگەڵ ناوەڕۆکی ڕێنماییەکە دەگونجێنن، نەک ڕاستەوخۆ بڕیار لەسەر داخستنیان بدرێت.



 ئەو کەناڵانەش پێکهاتوون لە: (نیوماکس تی ڤی، بەفرین تی ڤی، هەڤرەنگ تی ڤی، نوبار تی ڤی، تاڤ تی ڤی، ئورسات تی ڤی، سەما تی ڤی، سیما تی ڤی، کانی تی ڤی، ئاقل تی ڤی، یەکگرتوو تی ڤی، بادینان تی ڤی، هەست تی ڤی، بیلان تی ڤی، کەلا ئاکرێ تی ڤی، رەڤەند تی ڤی، یاد تی ڤی، هێڤان تی ڤی، دەڤەر تی ڤی، شیلادزێ تی ڤی، زاوا تی ڤی، نیروژ تی ڤی، هێڤا دیکۆمێنتاری تی ڤی، نویدەم تی ڤی، ئازادی تی ڤی، ئامەد تی ڤی، داسنیا تی ڤی، ئەی تی ڤی و ئێم تی ڤی).



لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١یشدا، ئاسایشی رۆژئاوا/پەیەدە بڕیاری داخستنی نووسینگەی کەناڵی (کوردستان 24)ی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەرکرد. هەروەک لە ٢٢ی حوزەیراندا، کەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕ تی، ڕای گەیاند؛ بۆ ماوەی نیو کاتژمێر تەشویش خراوەتە سەر پەخشەکەی، تا ئەوکاتەی تیمی تەکنیکی کەناڵەکە، گرفتەکەیان چارەسەر کردووە.



ڕێگریی و بەربەست لەبەردەم چالاکییە مەدەنییەکاندا



لەنیوەی یەکەمی ٢٠٢١دا، چەندین خۆپیشاندەر و چالاکی مەدەنی ڕووبەڕووی رێگریی و ئازاردان و گرتن بوونەتەوە کە دۆسیەکانیان لە ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی تۆمار کراوە.



ڕۆژی ٤ی کانوونی دووەم، ژمارەیەک لە دانیشتووانی قەزای ماوەت و گوندەکانی دەڤەرەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیان بە خۆپیشاندان کرد، بەهۆی نەبوون و خراپی کارەباوە، شەش لە خۆپیشاندەران لەلایەن دەزگەی ئاسایشی سنوورەکەوە بانگهێشت کران و ڕووبەڕووی لێپێچینەوە کرانەوە. لە ٤ی کانوونی دووەمیشدا خاوەن دوکانەکانی بازاڕی نیشتمان لە هەولێر، سەرەڕای ئەنجامدانی گردبوونەوەیەکی هێمنانە کە داوای کەمکردنەوەی کرێی دوکانیان دەکرد، بەڵام بە ڕاشکاوی بە میدیاکانیان راگەیاند، هەڕەشەیان لێکراوە کە نابێت قسە بکەن و لێدوان بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن بدەن. لە ٧ی ئازاریشدا، لەلایەن ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی شارەدێی سیدەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر، ڕێگریی لە گەنجێک بەناوی (سیهاد یاسین) کرا کە وەک چالاکییەکی خۆبەخشانە و بەهاوکاری و هەماهەنگی چەند کەس و ناوەندێک کتێبخانەیەکی بچووکی لە گوندی دەرهۆڵ کردبووەوە. بەڵام ئاسایش ڕێگەیان لە چالاکییەکە گرت، سەرەڕای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە چالاکییەکە کرد.


لە ٢٣ی ئازاری ٢٠٢١ ڕێکخراوی راسان لەلایەن پەرلەمانتارێکی کوردستانەوە هەڵمەتی داخستنی لە دژ بەرپا کرا. لە ١١/٣/٢٠٢١ خۆبەخشانی ڕێکخراوی راسان لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانەوە ئاشکرایان کرد لەلایەن پەرلەمانتارێکی کوردستانەوە سکاڵا لە دژی بوون و کارکردنی ڕێکخراوەکەیان تۆمار کراوە و ئەو پەرلەمانتارە هەڵمەتی ئیمزا کۆکردنەوەی بۆ داخستنی ڕێکخراوەکە دەستی پێکردووە. ڕێکخراوەکە کەمپێنێکی ئۆنلاینی بۆ پاڵپشتی لە بوون و بەردەوامی کارەکانی دژ بە هەوڵی داخستنی راگەیاند. پەرلەمانتارەکە لە ١٥/٢/٢٠٢١ سکاڵایەکی لە دژی رێکخراوەکە تۆمار کرد بە پاسای بڵاوکردنەوەی "نائەخلاقی"، لەکاتێکدا ڕێکخراوەکە لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان تۆمار کراوە و کار لە پرسی هاوڕەگەزخوازان دەکات.




لە ١٨ی ئازاری ٢٠٢١دا، کاتێک سەدان قوتابییانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی، گربوونەوەیەکیان لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ساز کرد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستڕێژی گولەیان بەسەردا کرا و بە هەڕەشە و ترساندن بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا. لە ٢٥ی نیسانیشدا، لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە (٥٥) خۆپیشاندەر لە ژن و پیاو دەستگیر کران، لەکاتێکدا خۆپیشاندانیان لە دژی داگیرکاریی و لەشکرکێشییەکانی تورکیا لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان ساز کردبوو. خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان چەند ڕۆژ لە ئاسایش هێشترانەوە. لە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢١یشدا، لەلایەن کارمەندانی ئاسایشی بازگەی دێگەڵە لە سنووری پارێزگای هەولێر، ڕێگریی لە ڕێپێوانی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان کرا کە نزیکەی (٣٠) کەس دەبوون و بەنیەتی ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە لەشکرکێشیی تورکیا دەستیان بە ڕێپێوان کرد بوو.




لە ٥ی حوزەیرانیشدا، ژمارەیەک لە شۆفێرانی تەکسی لەشاری سلێمانی لەدژی گرانی نرخی بەنزین و خراپی کوالێتییەکەی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، لەبەرانبەریشدا، بەمەبەستی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، هێزەکانی پۆلیس گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و گرژی لە خۆپیشاندانەکەدا دروست کرا و بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.



لە ٢٩ی حوزەیرانیشدا، ئاسایشی گەرمیان (٦) هاووڵاتی خۆپیشاندەری دەستگیر کرد، کە خەڵکی ناوچەی نەوتی چیاسورخ بوون و لە خۆپیشاندانێکدا داوایان دەکرد لەو داهاتەی لە نەوتی ناوچەکەیان دەست دەکەوێت، هەندێک خزمەتگوزاری بۆ سنوورەکەیان ئەنجام بدرێت.



لە ڕۆژی دواتریشدا-٣٠ی حوزەیران هاووڵاتییانی کۆمەڵگەی چڕە لە سنووری پارێزگای دهۆک بەهۆی نەبوونی کارەباوە دەستیان بە خۆپیشاندان کرد، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە فشارییان لەسەر کرا و بڵاوە بە خۆپیشاندانەکە کرا.



جگەلە ڕێگری لە گردبوونەوە و خۆپیشاندان، چەند چالاکی مەدەنی لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا ڕووبەڕووی پێشێلکاری بوونەتەوە، لەناویاندا هاوڕێ کوردی چالاکی مەدەنی لە شاری هەولێر و لە ١٩ی کانوونی دووەمدا، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە هێرشی کرایە سەر و بریندار کرا و مۆبایل و جزدانەکەی بردرا. لە ٤ی ئازاری ٢٠٢١یشدا، دووجار لەناو باڵەخانەی قایمقامیەتی سلێمانی و لەلایەن کارمەندێکی ئاسایشەوە، هەڕەشەی کوشتن لە چالاکی مەدەنی و سیاسی (هەرێم جەمال) کرا، لە بەرانبەر قسەکانی لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی لە کەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕ تی و بەگوتەی هەرێم بۆ ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی، پێشتریش چەند جاری دیکە بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیام و نامەی هەڕەشەئامێزی بۆ هاتووە.



لەو ماوەیەدا، چەند کەسی دیکە لەسەر قسەکردن و ئازادی دەربڕین رووبەڕووی گرتن و ئازاردان و هەڕەشەکردن بوونەتەوە، لەناویاندا (د. باخان ئازاد) کە پزیشکە لە بانکی خوێنی هەڵەبجە و پاش قسەکردنی لەسەر گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن لە کەرتی تەندروستیدا، لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیر کرا و دوای ئازادکردنی لە ٣ی حوزەیراندا، بەرەو هەولێر هەڵات. پێشتریش لە ئایاری ٢٠٢١دا، هەڤاڵ زێباری مامۆستا لە ئاکرێ-دهۆک لەسەر بڵاوکردنەوەی بابەتێکی کورت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە کارەکەی دوورخرایەوە و چەند چالاکوانێکی دیکەش هەر لەو مانگەدا ڕووبەڕووی پێشێلکاری کرانەوە کە دۆسیەکانیان لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە، لەناویاندا؛ لە ٥ی ئایاردا، ژمارەیەک کەس هەڵیانکوتایە سەر ماڵی چالاکوان محەمەد رەسوڵ لە ڕاپەڕین-سلێمانی و لە ٢٠ی ئایاریشدا لەلایەن ئاسایشەوە دڵشاد جەباری چالاکوان دەستبەسەر کرا.



جگە لەو دۆسیانەی لە سەرەوە هاتوون، چەند دۆسیەی دیکە لەلایەن ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی تۆمار کراون، بەڵام هێشتا پێویستییان بە بەدواداچوون و زانیاری زیاتر هەیە، لەبەرئەوە دۆسیەکانیان له‌م ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بۆ نەکراوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement