جیهان

19 وڵات به‌دوای باندەکانی مادە هۆشبەرەکانه‌وه‌ن

04:09 - 08/06/2021 40 جار خوێندراوەتەوە

زه‌مه‌ن_كاروان محه‌مه‌د


گەورەترین ئۆپەراسیۆنی نێودەوڵەتی دژی باندەکانی مادە هۆشبەرەکان، لەژێر سەرپەرشتی ئێف بی ئای و ئێف دی ئەی و پۆلیسی هۆڵەنداو سوید بەهاوکاری پۆلیسی ئەوروپا لە ١٦ وڵاتی جیاواز ئەنجامدراو ٨۰۰ کەس دەستگیرکران و دەست بەسەر بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەردا گیرا.




ماوەی ١٨ مانگە ژوورێکی هاوبەشی چاودێری لە ژێر ناوی «Trojan Shield» لەلایەن دەزگای FBI و FDA ی ئەمەریکی و پۆلیسی فیدراڵی سوید و هۆڵەندا بەهاوکاری دەزگای پۆلیسی ئەوروپی لە شاری لاهای هۆڵەنداوە چاودێری چەند باندێکی گەورەی بازرگانی مادە هۆشبەرەکان لە جیهاندا دەکەن و گوێ لە پەیوەندیە تەلەفونیەکانیان دەگرن و نامە ئاڵوگۆڕکراوەکانی نێوانیان دەخوێننەوە.



ئەم باندانە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا سەرپەرشتی بەرهەمهێنان و شاردنەوەو گواستنەوەو فرۆشتنی ئەو مادانە دەکەن و لە چەند وڵاتێک لەناو پاکەت و قوتوی جیاوازی جۆرەکانی خواردن و میوەو شتومەکی تردا دەیشارنەوە بۆ ئەوەی لەکاتی شاردنەوەو گواستنەوەدا گومانیان نەکەوێتە سەر.



لەژووری ئۆپەراسیۆنەکەوە لە لاهای جگە لە گوێگرتنی بەردەوام لەو باندانە کە ژمارەیان بە ۳۰۰ باند لە ۱۰۰ وڵات و ناوچەی جیاوازی جیهان هەژمار دەکرێت،نزیکەی ۲۷ ملیۆن نامەی گۆڕاوەی نێوان ئەم باندانەش فیلتەر کراوەو خوێنراوەتەوە.



لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کە هێزی پۆلیس و ئاسایشی ئەو وڵاتانە بەشداری تێدا کردوە،لە سێ ڕۆژی ڕابوردودا لە ١٦ وڵاتدا زیاتر لە ۷۰۰ ماڵ و کۆگاو شوێنی جیاواز پشکێنراوەو ٨۰۰ کەس دەستگیرکراوەو دەست بەسەر ٨ تۆن کۆکاین،۲۲ تۆن کانابیس،۲ تۆن مادەی هۆشبەری دروستکراو،٦ تۆن مادەی خام کەبۆ دروستکردنی مادەی هۆشبەر سودی لێ دەبینرێت و جۆرە جیاوازەکانی مادەی هۆشبەر و ٤٨ ملیۆن دۆلارو ۲٥۰ پارچە چەک و ٥٥ ئۆتۆمبیلی گرانبەهاو خشڵو زێڕدا گیراوە.



ئەو وڵاتانەی ئۆپەراسیۆنەکەی تێدا ئەنجامدراوە هەندێکیان ئەوروپین و بریتین لە نەمسا، دانیمارک، فینلەندا، ئەڵمانیا، هەنگاریا، هۆڵەنداو سوید، لەدەرەوەی ئەوروپاش جگە کەنەداو ئەمەریکا لە ژمارەیەک وڵاتی تر ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجامدراوە.


دوێنێ لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەست بەسەر ٥۰۰ کیلۆ مادەی هۆشبەردا گیراوە،کاتی دەست بەسەراگرتنی ئەو بڕە زۆرەی مادەی هۆشبەر هاوکاتە لەگەڵ کاتی بەڕێوەچونی ئۆپەراسیۆنەکە لە جیهاندا،ئەو کەسانەی کە وەک تۆمەتبار لەو بڕە زۆرەی مادە هۆشبەرە دەست بەسەرداگیراوەکەی هەولێر تێوەگلاون بیانین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement