جیهان

سەمەن بەشێوەیەکی دڕندانە کەسوکارەکەی دەیکوژن

12:15 - 08/06/2021 1054 جار خوێندراوەتەوە

شوان سدیق: ئیتاڵیا


ڕێگاکانیان قەدەغەکردوە، تیمە لێکۆڵەرەوەکان، ناوچەیەکی کشتوکاڵیان خستۆتە ژێر چاودێری و بەچڕی پشکنین دەکەن، بەڵام ھێشتا تەرمەکەیان نەدۆزیوەتەوە.


کچە گەنجێکی بەڕەچەڵەک پاکستانی کەسوکارەکەی بەشێوەیەکی دڕندانە دەیکوژن و دەی شارنەوە. ئەمە قسەی داواکاری گشتی ناوچەی ڕێجیۆ ئێمیلیای ئیتاڵیایە.

ئەم ڕووداوە پۆلیس و لێکۆڵەرەوە ئیتاڵییەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردوە، بکوژەکان دیارن، بەڵام ھێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

سەمەن شەبار عەباس تەمەن ھەژدە ساڵ لەگەڵ دایک و باوکی لە ناوچەی نۆڤبلارای ڕێجیۆ ئیمیلیای ھەرێمی ئیمیلیا ڕۆماننا لە باکوری ئیتاڵیا دەژیان.

ئەم کچە وەک ھەر کچێکی دیکە دەیویست بژی و ئاشنای کەلتوور و ژیانی کۆمەڵگەی ئیتاڵی بووە، بەڵام خێزانەکەی ڕێگریان لێ کردوە.

سەرەتای مانگی پێنج ھەواڵی دیار نەمانی سەمەن بڵاوبویەوە، ھەر ئەوکات خێزانەکەی گەڕابوونەوە بۆ وڵاتی یەکەمیان کە پاکستانە، بەڵام کچەکەیان لەگەڵ نەبووە. پاشان داواکاری گشتی ڕێجیۆ ئیمیلیا دەکەوێتە لێ کۆڵینەوەو بۆی دەرکەوتووە کوژراوە.

ئێستە کچەکە کوژراوەو ھۆکاری کوشتنەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ڕەتیکردوەتەوە ھاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزایەکی بکات.

شەبار عەباس ٤٦ ساڵ و نازیا شەھێن ٤٧ ساڵ باوک و دایکی سەمەن گەڕاونەتەوە بۆ پاکستان، ئەوان زیاتر لە شەش ساڵە لە ئیتاڵیا دەژین.

داواکاری گشتی ڕێجیۆ ئێمیلیا باوک، خاڵی کچەکەو ئامۆزایەکی تۆمەتباریان دەکات بەکوشتنی کچەکەیان.

ئەم ڕووداوە توڕەبوون و ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا ھێناوە لەنێو ئیتاڵییەکان و نەیار و دژە بێگانەکانیش کردویانە بە بابەتێکی گەرمی خۆیان بەردەوام قسەی لەسەر دەکەن.

ھێشتا تەرمەکەی سەمەن نەدۆزراوەتەوە و لێکۆڵنەوە بەردەوامە.

لەسەر ڕووداوەکە ئامۆزایەکی کە لەوڵاتی فەڕەنسابووە، ھەر بەتۆمەتی کوشتنی ئەم کچە دەستگیرکراوەو گەڕێنراوەتەوە بۆ ئیتاڵیا.

حکوومەتی ئیتاڵیا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە نابێ بکوژانی ئەم کچە دەربازیان ببێ لە ھەر کوێ بن، چاوەڕوان دەکرێ لە پاکستانیش باوکی دەستگیر بکرێ و ڕەوانەی ئیتاڵیا بکرێتەوە.
لە ڕێپوبلیکا
دەنگی_کورد_ئیتاڵیا

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement