کوردستان

نرخی ئاوی ماڵان گۆڕانكاری به‌سه‌رداهات

01:47 - 04/05/2021 451 جار خوێندراوەتەوە

زه‌مه‌ن_هه‌رێمی كوردستان

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاری ئەحمەد کەمکردنەوەی نرخی ئاوی خواردنەوەی بۆ هاوبەشەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.

 ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وتی: "بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە کوردستاندا هاتووەتە ئاراوە و بە رەچاوکردنی باروگوزەرانی هاووڵاتییان هەستاین بە رێکخستنەوە و دەستکاریکردنی رێنماییەکانی پێشتر بەشێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ گوزەرانی هاووڵاتییان و ئەو دۆخەی کە هەیە".

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ دەربارەی شێواز و بڕی کەمرکردنەوەکان رایگەیاند "کەمکردنەوەی نرخی ئاو لەسەر هاووڵاتییان بەڕێژەی تا لەسەدا ٢٣ دەبێت، بۆ شوێنەکانی نیشتەجێبوون و پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە ١٥ مەتر سێجا تاوەکو ٣٠ مەتر سێجا نرخی هەر مەترێک ٣٠٠ دینار دەبێت کە پێشتر ٤٠٠ دینار وەردەرگیرا و لە ٣٠ مەتر بۆ ٦٠ مەتر سێجا ئاو بۆ هەر مەترێک ٤٥٠ دینار وەردەگیرێت کە پێشتر ٦٠٠ دینار وەردەگیرا و لە ٦٠ مەتر سێجا بەسەرەوە ئەگەر بەکاریان هێنا بۆ هەر لیترێک ٦٠٠ دینار وەردەگیرێت لەکاتێکدا پێشتر دوو هەزار دینار وەردەگیرا".

ئاری ئەحمەد دەربارەی شوێنە بازرگانییەکان و شوێنەکانی دیکەش رایگەیاند "بۆ پەرستگاکان و دامودەزگاکانی حکوومەت و کەرتی نیمچە حکوومی بۆ هەر مەترێک سێجا ئاو ٤٠٠ دینار وەردەگیرێت، بۆ کەرتی پیشەسازی و بازرگانی و وەبەرهێنان بۆ هەر مەترێک سێجا ئاو ٦٠٠ دینار وەردەگیرێت، بۆ شووشتنگەکانی ئۆتۆمبیل و فەرشی ماڵان و ئوتوەکان بۆ هەر مەترێک سێجا ئاو بڕی هەزار دینار وەردەگیرێت کە بۆ ئەمانیش پێشتر دوو هەزار دینار بوو".

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، وتیشی: "ئەگەر هاوبەشێکی ئاو لە ماڵەکەی خۆیدا واتە شوێنی نیشتەجێبوون بێت بڕی ٦٠ مەتر سێجا ئاو بەکاربهێنێت کە دەکاتە ٦٠ هەزار لیتر یان ٦٠ تانکی پێنج بەرمیلی ئاو کە لەزۆرینەی ماڵەکاندا هەیە بڕی ١٩ هەزار دینار و ٧٥٠ دیناری لێ وەردەگیرێت".

ئاری ئەحمەد راشیگەیاند "بەپێی پێوەری ئاو لە ٤٥ هەزار دینار زیاتر پارە لە هیچ هاوبەشێکی ماڵان وەرناگیرێت واتە ئەگەر هاوبەشێک کرێی ئاوی زیاتر لە ٤٥ هەزار دینار بۆ بێتەوە ئەوا کەمدەکرێتەوە بۆ ٤٥ هەزار دینار و تەنیا ئەوەندەی لێ وەردەگیرێت، ئەو هاوبەشانەش کە بەپێی رێنمایی پێشتر پارەی زیاتریان بۆ هاتبێتەوە بڕیارەکە ئەوانیش دەگرێتەوە و بۆیان کەمدەکرێتەوە بۆ ٤٥ هەزار دینار، بەڵام ئەگەر کەسێک پارەکەی پێشتر دابێت ئەوا ئەوان قەرەبوو ناکرێنەوە".

ئاری ئەحمەد دەربارەی ئەو هاوبەشانەی کە تا ئێستا پێوەری ئاویان نەبەستووە وتی: "بەپێی داتاکان ئێستا لەسەدا ٦٢ی هاوبەشەکانمان پێوەریان بەستووە و تەنیا لەسەدا ٣٨ ماون پێوەری ئاو ببەستن، بۆ ئەوانەی پێوەریان نەبەستووە بەپێی رێنماییەکە بۆ ماڵ و شوێنەکانی نیشتەجێبوون بۆ یەک تاوەکو سێ مانگ بڕی ٨٠ هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت، پەرستگا و دامودەزگاکانی حکوومەت و کەرتی نیمچە حکوومی لە یەک تا سێ مانگ بڕی ١٠٠ هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت، بۆ کەرتی بازرگانی بڕی ٢٠٠ هەزار دینار و بۆ شووشتنگەکان بڕی ٢٥٠ هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement