کوردستان

حكومه‌تی هه‌رێم له‌باره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ "هه‌نگاوێكی گرنگ"ی نا

07:10 - 02/05/2021 1828 جار خوێندراوەتەوە

زه‌مه‌ن_هه‌رێمی كوردستان

 

بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی داراییی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، داوا لە سەرجەم فەرمانگەکان کراوە کە لە ڕێگەی فۆرمێکەوە داتا و زانیارییان لەبارەی فەرمانبەرانەوە بۆ ڕەوانە بکەن، بۆ ئەوەی ئەژماری بانکی بۆ ھەموو فەرمانبەران بکرێتەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نووسراوێکی بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە بەستراو و نەبەستراوەکانی سەر بە وەزارەتەکان ناردووە و تێیدا ھاتووە: "داوا دەکەین داتا و زانیاری لەسەر گشت فەرمانبەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەی ئەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە، ئەوانەی تا ئێستا بۆیان نەکراوەتەوە، ئەمەش بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٢٠ ماددەی ١٣، برگەی یەکەم."

فۆرمێکی تایبەتیش ئامادە کراوە کە پێویستە فەرمانبەران ھەموو زانیارییەکان لەو فۆرمەدا بنووسن بۆ ئەوەی بتواندرێت لەو ڕێگەیەوە ئاگاداری گشت زانیارییەکان بن.

ئەرشەد حوسێن، ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وتووه‌، "ئەوکارەی حکوومەت لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدایە و ھەنگاوێکی گرنگە کە ھەموو زانیاری و شایستەکانی فەرمانبەران لەو ئەژمارەدا کۆ بکرێنەوە و جگە لەوەش، ئەمە بۆ پێشکەوتنی سیستەمی بانکییە و لە چاکسازیشدا باسی لێوە کراوە و پێویستە جێبەجێ بکرێت و پاشەکەوتی مووچەش لەوێ دادەنرێت."

ئەرشەد حوسێن باسی لەوەش کرد: "ئێستا حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدا دەستی بە دروستکردنی ئەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران کردووە و بەردەوام دەبێت تا ھەموو فەرمانبەرێک دەبێتە خاوەن ئەژمارێکی تایبەتی بانکیی خۆی."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement