کەلتور

برۆدسکی شیعرێکی پوشکین تەخبیس دەکات!

10:37 - 27/02/2021 238 جار خوێندراوەتەوە

شیروان مەحمود محەممەد

تەخمیس لە شیعری عەرەبی و ڕوژهەڵاتیی کلاسیکییدا بە گشتی بریتییە لەوەی کەسێک بەیتە شیعرێکی شاعیرێک دێنێ و سێ دێڕی بە هەمان کێش و سەروا دەخاتە سەر و بەو جۆرەش نیوەی یەکەمی بەیتەکە، ئەوەی پێی دەگووترێ (سەدر)، دەبێتە ( عەجزی) بەیتی دووەمی پێنج خشتەکییەکە ، نیوەی دووەمیشی  دەبێتە کۆتایی پێنج خشتەکییەکە.
ئەم جۆرە متوربەکردنی چەند دێڕێکی نۆی لە بەیتیێکی ناسراوی شاعیرێک لە ئەدەبی کوردیدا باو بووە و نموونە زۆرن لە سەریان.

بەڵام لە ئەدەبی کوردیدا جۆرێکی دیکەی دەستتێوەردان هەبووە و هەیە، ئەویش زیادکردنی چەند دێڕیکی گاڵتەئامێزە بۆ دێڕی شاعیرێک ، سا ئیتر وەک جۆرە سوعبەتێکی دوستانە بێت یان وەک گاڵتە پێکردن بێت. لە ناو ئەدیبان و ئەدەبدۆستاندا ئەم جۆرە دەستکارییە پێی دەگووترێ ''تەخبیس'' واتە لە بری تەخمیس یان بە  پێنجخشتەکی کردنی شیعرەکە  شیعرەکە تەخبیس'' تخبیث'' واتە پیس دەکرێت. هێندەی من بیستبێتم خوا لێخۆشبوو حەمە سدیقی محامی تەخبیسی شیعرەکانی چەند شاعیرێکی ناوداری شەستەکان و حەفتاکانی کردووە. مامۆستا عومەر مەعروف بەرزنجی هێژاش لە بابەتێکی فەیسبووکدا باسی ئەوە دەکات کە چۆن مامۆستا نەجمەدین مەلا لە وەڵامی کەسێکی خۆ بە شاعیرزاندا بڕیاری داوە شیعری ئەو کەسە تەخبیس بکات بۆ دەم کوتکردنی ... وا بزانم،  بۆ پێناساندنی  دیاردەی تەخبیس، هێندە بەس بێت، با بگەڕێینەوە لای پوشکین و برۆدسکی.
ئەو شیعرەی پوشکین کە مەبەستی ئەم باسەیە، ئەو شیعرەیەتی کە ڕەنگە زیادە ڕۆیی نەبێت گەر بڵێم کەسێک نییە لە ڕوسیا چوبێتە قوتابخانە و لە بەری نەکردبێت و لە پۆلدا شیکردنەوەی بۆ نەکردبێت و دواتریش لە ویستگەکانی ژیانیدا نەهاتبێتەوە یادی و هیچ نەبێ سێ  چواردێڕی یەکەمی نەخوێندبێتەوە.

 پوشکین لە ساڵی ١٨٢٩ دا ئەم شیعرەی نووسیوە و لێکۆڵەرانی ئەدەب کۆک نیین لە سەر ئەوەی: ئایا  ئەو شیعرە ئاڕاستەی کام لە دڵبەرانی بێ شوماری پوشکین کراوە. ئەوەی هەمووان لە سەری کۆکن ئەوەیە کە ئەم شیعرە نموونەیەکی بەرزی خۆشەویستییەکی پڕ هەست و خۆنەویستانەیە، کاتێک شاعیر بە دڵنیاییەوە دەزانێت  کە خۆشەویستییەکەی بێ وەڵامە، بەڵام ئەو خویشەویستەکەی دڵنیا دەکاتەوە کە با نیگەران نەبێت و ئەم بەردەوام ئاواتی خۆشەویستی و بەختەوەری بۆ دەخوازێ تەنانەت ئەگەر  لە پاڵ کەسێکی دیکەشدا بێت.        

سەردەمانێک خۆشمویستی،
ڕەنگە خۆشەویستیت، تا ئیستاش لە دڵما،
 خامۆش نەبووبێ، بە یەکجاری،
بەڵام با خۆشەویستیم چیتر
نەبێتە مایەی نیگەرانیت:
من نامەوێ ببمە هۆی غەمباریت.
من خۆشمویستی:
بە بێدەنگی، بە بێ هیوا،
تاوێک شەرم، تاوێکیش ئیرەیی،
ئازاری گیانمیان دەدا.
من خۆشمویستی:
وا دڵسۆزانە، وا لێوان لێوی نیانی
لە خوا خوازیارم، دڵدارەکەی ئێستاشت،
لە دڵیا بێت هێندەی من خۆشەویستی


ساڵی ١٩٧٤ یۆسیف برۆدسکی، کە شاعیرێکی ناوداری تری ڕووسە و لە ساڵی ١٩٨٧ دا خەڵاتی نۆبڵی پێبەخشرا، دێت و شیعرێک بە هەمان ناونیشان و قەبارەیەکی هاوشێوەوە  دەنووسێت:

سەردەمانێک  خۆشمویستی
خۆشەویستیت
( لە وانەشە هەر ژانێک بێت)
تا ئێستاش مێشکم کووناودەر دەکات.
گشت شتێ تەفروتونا بووە، شەیتان کردوویەتی بەرباد
هەوڵم دا فیشەکێک لە خۆم دەم،
لێ،چەک  کەمێک ئالۆزە بۆمن ، چیبکەم
جگە لەوەش: لەو دوو لاجانگەم کامیان بەر فیشەک دەم ؟
واتە،ئەوەی لێی تێکدام، لەرزینی دەستم نەبوو،
بەڵکو ئەوەی من هەمیشە داڵغە لێدەدەم ،
شەیتان بمباتەوە بۆ خۆی ، شتێکم نییە وەک بنیادەم !
من وا پڕ بە دڵ، وا بی هیوا خۆشمویستیت
خوا بکات لای خەڵکی تریش وا خۆشەویست بیت.
دەشزانم ، کە نابیت،
چونکە خوا، هەرچەندە زۆریشی پێدەکرێت،
بەڵام  ئەو، بە پێی پەرمینید(١)، دووجار هەمان ئاگری ناوخوێن،
هەمان خرمەی ئیسقانئەستوور، ناخولقێنێ
کە حەشوەی ناو گەروو بتاوێنێ،
لە تینووێتیدا بۆ ئەوەی دەم بە بەرۆکت( دەیکوژێنمەوە و دەیکەم بە)
لێوانت بگەیەنێ.

شیعرەکەی برۆدسکی کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتەوە. لای زۆربەی ئەوانەی پوشکین  بە کەسایەتی و پێگەیەکی بێ هاوتای شیعری ڕووسی دەزانن، ئەو کارەی برۆدسکی چاو قاییمی و بێ ڕێزییەکی ئەوتۆ بوو ، کە وەک ڕووسەکان دەڵێن'' بە هیچ دەروازەییەکدا نەدەچوو''  و بە کەس قووت نەدەدرا.

زۆر کەسی دیکە وای دەبینن کە ئەو شیعرە دەربڕی گشت ئەو گوڕانکارییانەیە،  کە لە ماوەی نزیکەی سەدە ونیوێکدا پاش نووسینی شیعرەکەی پوشکین، بە سەر خەڵک و تێگەیشتنیان  لە پرسەکانی خۆشەویستی و پەیوەندی نێوان ژن و پیاودا هاتۆتە گۆڕێ و لە جێگەی ئەو هەستە نیان و فریشتەئاساییەی پوشکین، بەو وشە ناسک و بەرزەفڕانە، تەعبیریان لێ دەکات، جۆرێکی تر لە پەیوەندی هاتۆتە کایەوە، زیاتر جەستەیی ، ڕۆژانەتر، تژی لە توڕەیی و سڵ نەکردنەوە لە  بە کارهێنانی وشەی ڕۆژانە و بگرە جۆرێک لە جوێنیش. بەشبەحاڵیخۆم و ئەگەر چی پڕ بە دڵ عاشقی ئەو شیعرەی پوشکینم، بەڵام هیچ جۆرە کفر و بێ ڕێزییەک لە شیعرەکەی برۆدسکیشدا نابینم، تۆش، خوێنەری ئازیز سەرپشک بە لەوەی کامیان پەسەند دەکەیت، یان ڕەنگە هەرنەتەوێت وتارەکەش بخوێنیتەوە، هەرچەندە ئەگەر تا ئێرە گەیشتبیت، تازە کار لە کار ترازاوە.

تێبینی: هەردوو شیعرەکەم لە ڕووسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

1.پەرمینید ، یان پەرمینیدیس، فەیلەسوفێکی یونانی بووە لە ساڵانی نیوای ٥٢٠ – ٤٥٥ی پش زایین ژیاوە. تێزی سەرەکی فەلسەفەکەی ئەوەبوو کە ئەو تێگەیشتنمان لە جیهانی دەوروبەرمان کە لە ڕێی هەستەکانمانەوە درکی پێدەکەین، نادروست و هەڵەیە، بەڵکوواقیعێکی ڕاستەقینە هەیەکە بەدەر لە هەستەکانی ئێمە وجودی هەیە و بەردەوامیشە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement