کوردستان

ره‌وشی مافی مرۆڤ له‌ سلێمانی

06:58 - 03/01/2021 231 جار خوێندراوەتەوە

زه‌مه‌ن_سلێمانی

 

ناوەندی نیشتیمانی بۆمافی مرۆڤ بە پاڵپشتی سندوقی نیشتیمانی بۆ دیموکراسی (NED) ئەمریکی ڕاپۆرتی چوارەمی پڕۆژەی چاودێری رەوشی مافی مرۆڤ كه‌، تایبەتە بە چاودیری و هەڵسەنگاندنی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هەریەک لە: به‌ڕێوەبەرایەتی چاکسازی ژنان و منداڵانی سلیمانی، بەڕیوەبەرایەتی چاکسازی گەوران / پیاوانی سلیمانی، بەشی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و خانەی داڵدەدانی ژنان لە سلێمانی بڵاوكرده‌وه‌.

ده‌قی راپۆرته‌كه‌:


پێشەکی

 
ڕەوشی مافی مرۆڤ بەشێوەیەکی گشتی لە ساڵی ٢٠١٩ – ٢٠٢٠ بە هۆی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و درێژەکێشانی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستاندا بە دۆخێکی ئاوارتەدا تێپەڕی ، کێشە و گرفت و پێشێلکارییەکان چەند قات بوون ، دام و دەزگا حکومییەکان ڕووبەڕوی چەندین ئاڵنگاری ئیداری و دارایی بوونەوە ، وەڵامی حکومەتی هەریمی کوردستان بۆ ئەو دۆخە لە ئاستێکی زۆر لاوازدا بوو ، لەبری چارەسەر کردنی گرفتەکان و دابین کردنی پێداویستی دام و دەزگاکان، سیاسەتی چارەسەر کردنی قەیرانی بە قەیران پەیرەو کردوە.

لە دوای هاتنی شەپۆلی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ هەرێمی کوردستان و بریاری کەرەنتین کردنی هاوڵاتیان و قەدەغەی چەند جارەی هاتوووچۆ ، پێشێلکارییە یاساییەکان و پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە بنەماکانی مافی مرۆڤ گەیشتە لوتکە ، ئەمەش وای لە ئێمە کرد وەک (ناوەندی نیشتیمانی بۆمافی مرۆڤ) ڕاپۆرتێکی تایبەت بە (پێشێلکارییە یاساییەکانی دەسەڵاتە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە زەمەنی کۆرۆنادا) ئامادە و بڵاو بکەینەوە ، کە خۆی لە (١٥) تەوەری یاسایی دەبینییەوە و کۆی ئەو بریار و (بەیان)انەی وەزارەتی ناوخۆ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووی یاساییەوە شیکرانەوە و پێشێلکارییە یاساییەکان دەستنیشان کران .

ڕاپۆرتی بەردەست کە ڕاپۆرتی (چوارەم)ی پڕۆژەی ( چاودێری رەوشی مافی مرۆڤ لەسلێمانی)یە کە ناوەندی نیشتیمانی بۆمافی مرۆڤ بە پالپشتی سندوقی نیشتیمانی بۆ دیموکراسی ( NED  ) ئەمریکی جێبەجێی دەکات ، تایبەتە بە چاودیری و هەلسەنگاندنی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هەریەک لە :

-بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی ژنان و منداڵانی سلیمانی
-بەڕیوەبەرایەتی چاکسازی گەوران / پیاوانی سلیمانی
-بەشی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی

-خانەی دادەدانی ژنان لە سلێمانی

شێوازی چاودێری و بەدواداچوونەکە لەڕێگای چاوپێکەوتن بووە لەگەڵ ڕاگیراوان و سزادراوان و  پرکردنەوەی فۆرمەوە بووە جگە لە خانەی داڵدەدانی ژنان ، وەدواتر فۆڕمەکە داخلی بەرنامەی ( kobo toolbox ) کراوە و داتا و ئامارەکان وەرگیراوە و شیکردنەوەی بۆ کراوە .

دیارە پرۆژەکە تەنیا لە چوارچیوەی چاودێریکردندا خۆی نەبینیوەتەوە بەڵکو بەدواداچوون بۆ ئەو کێشە و گرفتانە کراوە کە لە کاتی چاوپیکەوتنەکاندا ئاماژەیان بۆ کراوە بەهەماهەنگی لەگەل لایەنە پەیوەندیدارەکانی پڕۆژەکە لە هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازییەکان و بەشی گرتن و گواستنەوە و خانەی داڵدەدانی ژنان و بەریوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی پارێزگای سلیمانی و بەرێوەبەرایەتی گشتی چآودێری گەشەپیدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی و فەرمانگەی داواکاری گشتی سلیمانی و سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلیمانی و بەڕێزان وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان .

ئامانج لە پڕۆژەکە بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییەکان و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەیەیان ، وە پڕکردنەوەی ئەوپێداویستی و کەموکورتییانەی کە بۆتە هۆی دروست کردنی کێشە و گرفت بۆ راگیراوان و سزادراوان و کەیسەکان ، جێگای ئاماژە بۆکردنە کە سەرەڕای بەدواداچوون و هەوڵەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی تری هاو ئامانجمان ، بەڵام نەتوانراوە لایەنی کەمی ئەو پێداویستییانە دابین بکرێت بەهۆی بەردەوامی قەیرانی دارایی و نەبوونی لامەرکەزییەتێکی ڕاستەقینەی دارایی و ئیداری .

 

لەئێستادا کە ڕاپۆرتی چوارەمی پرۆژەکە بڵاودەکەینەوە و کارکردن لە پڕۆژەکەدا بۆ ساڵی پێنجەم بەردەوامە ، بە هیواین بتوانین لە ساڵی ئایندەدا لایەنی کەمی ئەو ئامانجانە بەدی بهێنین کە دەبنە هۆی باشتر کردنی دۆخی ڕاگیراوان و سزادراوان و کەیسەکان ، تابتوانین ئاستی پێشێلکارییەکان کەمتر بکەینەوە و ژیانیکی شایستەیان بۆ دابین بکرێت .


خانەی داڵدەدانی ژنان :

لە خانەی داڵدەدانی ژنان بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تایبەتی کەیسەکان ، چاوپێکەوتنی کەسییان لەگەڵدا ئەنجامدراوە و لە کۆی چاوپیکەوتنەکان ، کۆمەڵێک سەرنج و تێبینی دەخەینە ڕوو سەبارەت بە دۆخی خانەی داڵدەدانی ژنان :
-لە تەواوی چاوپێکەوتن لەگەڵ کەیسەکانی شێڵتەردا هیچ کەیسێکی تێدا نیە کە خاوەن بڕوانامەی زانکۆبێت ، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لاوازی ئاستی ڕۆشنبیری و نەبونی هۆشیاری پیویست هۆکارێکی بەهێزن بۆ ئەوەی ئافرەتان ڕوبەڕوی توندوتیژی ببنەوە و نەتوانن بەسەر کێشە و گرفتەکانیاندا زاڵببن و بەشێوازێکی جیاوازتر گرفتەکانیان چارەسەربکەن.

-زۆرینەی کەیسەکان کەڕوبەروی هەڕەشەبونەتەوە خێزاندارن و هاوسەرگیرییان ئەنجامداوە و لە چوارچێوەی ژیانی هاوسەرییاندا ڕوبەڕوی هەڕەشە بونەتەوە لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە ، کە دەتوانین ئاماژە بەوە بدەین کە لەچوارچێوەی هەڵکشانی ڕێژەی جیابونەوەی خێزانەکان حاڵەتی هەڕەشە بۆسەر ئافرەتانیش زیادی کردوە.

-بوونی پارێزەر بۆ بەدواداچوون بۆ کەیسی ئافرەتانی داڵدەدراو بابەتێکی گرنگ و پێویستییە بۆچارەسەر کردن و بەدواداچون بۆ کەیسەکانیان ، وە پێویستە ئاماژە بەوەبدەین کە دابین کردنی پارێزەر بۆکەیسەکان لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییەوە بوە کە توانییویانە خزمەتگوازری یاسایی و دابین کردنی پاریزەر بگرنە ئەستۆی خۆیان، بەڵام سەرەرای ئەوەش نەتوانراوە پاریزەر بۆ تەواوی کەیسەکان دابین بکرێت ، کە ئەمەش هۆکارە بۆ پێشێلکردنی مافەکانیان و بەرێوەنەچوونی کەیسەکانیان وەک پێویست.

-بەشێوەیەکی گشتی کەیسەکان کێشەو گرفتێکی ئەوتۆیان لەگەڵ ستافی ئیداری شێڵتەردا نیە و توانراوە مامەڵەیەکی باش و گونجاویان لەگەڵ بکرێت، هەندێکجار بەهۆی نەبونی شارەزایی تەواو و پێویست لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لگەڵیان ڕووبەڕوی کێشە و گرفت دەبنەوە، وە وەڵامی ئیدارە بۆ کێشەو گرفتەکان لە ئاستێکی بەرزدایە و توانراوە چارەسەری گرفتەکان بکرێت.

-ئەو ئافرەتانەی کە ڕوبەڕوی هەڕەشەدەبنەوە و پەنا بۆ خانەی داڵدەدانی ژنان دەبەن ، پێویستە بە بڕیاری دادگا بهێنرێنە خانەی داڵدەدان، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە هەندیک جار لەکاتی بردنیان بۆ بەردەم دادوەر یان لەکاتی لێکۆڵینەوە و وتە لێوەرگرتنیان ڕوبەڕوی مامەڵەی خراپ و نەشیاو دەبنەوە ، وەک خۆیان ئاماژەیان پێداوە هەندێکیان ڕوبەڕوی وتەی نەشیاو و مامەڵەی ناتەندروست بونەتەوە لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە.

-خزمەتگوزارییەکان لەلایەن حکومەتەوە لە ئاستێکی زۆر نزمدایە ، دەتوانین بڵێین زۆرینەی خزمەتگوزاریەکان کە پێشکەشی کەیسەکان دەکرێت، لەلایەن ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە دەکرێت ، کە ئەگەر ئەوان نەبوونایە بەردەوامیدان بە شیڵتەرەکان کاریکی ئەستەم دەبوو.

-دابین کردنی جل و بەرگی وەرزی لەلایەن ڕێکخراوەکانەوەیە و توانیویانە تاڕادەیەکی باش جل وبەرگ و پێداویستییەکانیان بۆ پڕبکەنەوە.

-سەرەڕآی بونی بەرخۆرکردن ، بەڵآم زۆرینەیان ئاماژە بەکەمی ماوەی بەرخۆرکردن دەکەن ، کە ڕۆژانە کەمترە لە یەک کاتژمێر.

-سەردانی کردنی کەس وکاری کەیسەکان هۆکاریکی گرنگە بۆ باشتر بونی ڕەوشی دەرونی کەیسەکان، وە لەلایەکی ترەوە دەکرێت لەو ڕێگەویەوە هەوڵبدرێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو حاڵەتە نەخوازراوەی کەیسەکانی تێدا دەژین و کۆتایی هێنان بەو هەڕەشەیەی کەلەسەر ژیانیان دروست بووە.

-هەست کردن بە ئارامی و پارێزگاری لای کەیسەکان ئاماژەیەکی گرنگە بۆ پێداویستی بوونی خانەکانی داڵدەدانی ژنان و پارێزگارییلێکردنیان لەو هەڕەشانەی کە روو بەڕویان دەبێتەوە.

-هەست کردن بە بوونی جیاکاری بەهۆی بوونی جیاوازیکردنە لەنیوان کەیسەکان بە پێی ماوەی مانەوەیان لەخانەی داڵدەدانی ژنان ، ئەوانەی کەئاماژەبەبونی جیاکاری دەکەن باس لەوەدەکەن کە ئەوکەیسانەی زۆرتر لەوێ ماونەتەوە زیاتر خزمەت دەکرێن و ئازادانە هەڵسوکەوت دەکەن بەبەراورد بەوکەیسانەی دواتر هاتوون، کە ئەمەش هەمان گرفتە کە لە بەریوەبەرایەتییەکانی تر ئاماژەمان پیداون.

-لایەنی پزیشکی وەک لە راپۆرتی ساڵانی پێشووتری پڕۆژەکەدا ئاماژەمان پێداوە ، لە نزمترین ئاستییدایە ، ئەوەی بەشێوەیەکی سەرەکی دابین دەکرێت تەنیا دەرمانە ئەویش تەنیا چەند جۆرەدەرمانێکی سەرەتایی و دیاریکراو ، کەلە باشترین حالەتدا لە چەند جۆرەدەرمانێک تێناپەڕێت.

-بەهۆی نەبوونی یاریدەدەری پزیشکی و پزیشکی تایبەتمەند لە خانەی داڵدەدانی ژنان ، لە کاتی پێویستدا کەیسەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەکان دەکرێت ، کە ئەمە لەلایەکەوە بارگرانی بۆ ئیدارەدەکات و لەلایەکیترەوە مەترسی بۆسەر سەلامەتی گیانی کەیسەکان دروست دەکات.

-بەهۆی کەمی ژمارەی توێژەرانی دەروی و کۆمەڵایەتی و زۆربونی ژمارەی کەیسەکان ناتوانرێت وەک پێویست لەڕووی دەرونییەوە خزمەتگوازری پێشکەشی کەیسەکان بکرێت ، کە لە هەندێ حاڵەتدا دەبێتە هۆی دروست بوونی کێشە و گرفتی دەروونی و هەوڵدان بۆخۆکوژی، خزمەتگوزاری دەروونی گرنگترین خزمەتگوازارییە کە پێویستە پێشکەشی کەیسەکان بکرێت بەهۆی ئەو بارودۆخە تایبەتەی کە کەیسەکانی تێدا دەژی کە بەداخەوە تائێستا وەک پێویست نییە و لە چوارچێوەیەکی زۆر بچوکدا کاردەکرێت لەم بوارەدا.

-ئەنجامدانی چالاکی و خول و وەرزش ، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر باردی دەروونی و جەستەیی کەیسەکان هەیە، ئەگەرچی لە ئاستی پیویست نیە و بەردەوامییان نیە بەلام توانراوە تارادەیەک چالاکییەکان ناوبەناو ئەنجامبدرێت ، تەواوی چآلاکی و خول و وەرزشەکان لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە ئەنجامدراوە.


بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران / پیاوان

بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی سلێمانی لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازییەکانی هەرێمە لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و ئەو سزادراوانەی لە جاکسازییەکەدان لە رەگەزی نێرن وسەرووی (١٨) ساڵن و بریاری دادگایی کردنیان پلەی بنەبری وەرگرتووە و سزاکانیان لە چاکسازییدا بەسەردەبەن.

لەئێستادا چاکسازی گەورانی سلیمانی (١٠٣٤) سزادراوی تێدایە .

کیشە گرفتەکانی چاکسازی گەورانی سلێمانی لەم جەند خاڵەی خوارەوەدا کورت دەکەینەوە:

-گرفتی کەمی تویژەر : سەرەڕای زۆری ژمارەی سزادروان بەڵام تەنها (٩) تویژەر لە چاکسازی گەوراندا هەیە لە کاتیکدا  بەگوێرەی ستانداردی نێودەولەتی و ژمارەی سزادراوان چاکسازی گەوران پێویستی بە (٤٠) تویژەر هەیە .

-وە ئەو تویژەرانەی کە لەئێستادا لە چاکسازی گەوراندان بە (تناوب) دەوام دەکەن کەئەمەش هێندەیتر ئەرکەکەیانی سەختتر کردووە.

-کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ناو سزادراوان:

زیاتر لە (٢٠) سزادراوی خاوەن پێداویستی تایبەت لە چاکسازی گەوراندا هەیە کە ڕیژەی پەککەوتەییان لە (٪٧٠ - ٪٨٠) یە و پێویستیان بە چاودێری و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری تایبەتە و ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ کارمەندانی چاکسازی و سزادراوەکانی دروست کردوە ، چونکە لەلایەن کارمەندان و سزادراوانەوە خزمەت دەکرێن و جاودێری دەکرێن.

-داواکاری گشتی:

لەگەڵ بوونی ئەو ڕێژە زۆرەی سزادراوان تەنها(١) ئەندامی داواکاری گشتی بوونی هەیە ، لەکاتێکدا بەلایەنی کەم چاکسازی گەوران پێویستی بە (٦) ئەندامی داواکاری گشتی هەیە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کاروباری سزادراوان
-سەردانیکردن:

لە دوای بەرواری ٢١/٢/٢٠٢٠ و قەدەغەکردنی سەردانیکردن و جێژوانی خێزانی  سزادراوان   بۆ ماوەیەکی درێژ ، کە بوویە هۆی دروست بوونی نیگەرانی و گرفت لای سزادراوان و لە هەمانکات دروستکردنی گرفت بۆ ئیدارەی چاکسازیی.

-گرفتی تەندروستی:

لە چاکسازی گەورانی سلێمانی بنکەیەکی تەندروستی هەیە کەتارادەیەک ستاف و پێداویستی تەندروستی تێدایە و لەلایەن خاچی سووری نیودەوڵەتی و بەڕیوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی و پارێزگا و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نیودەوڵەتییەکانەوە هاوکاری دەکرێت .

بەڵام ئەوەی کێشەکەیانە بریتییەلە :
-نەبوونی دکتۆری پسپۆڕی پێویست
-نەبوونی کارمەندی تەندروستی پێویست
-پزیشکی دەروونی تەنیا هەفتەی یەکجار سەرداندەکات

لەکاتیکدا ژمارەیەک لە سزادراوان نەخۆشی دریژخایەنیان هەیە وەک( ڤایرۆسی جگەر و سیل و گەڕی و نەخۆشی سەختی دەروونی کە سزادراو پەلاماری کارمەندی چاکسازی داوە و برینداری کردووە)

-گرفتی سزادراوانی سزادراو بە بڕیاری لە سێدارەدان:

یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی چاکسازی گەوران بریتییە لەوکەسانەی کە سزای لە سێدارەدانیان هەیە و کە نزیکەی (١٣٥)  سزادراو دەبن و تائێستا چارەنوسیان نادیارە ، سەرەڕای بەسەربردنی کاتێکی زۆر لە چاکسازی گەوراندا، کە بۆتە هۆی دروست بوونی گرفتی  دەروونی بۆ سزادراوان و ئیدارەی چاکسازیی.

-بەردان بەمەرج(افراج شرطی):

ئەوسزادراوانەی کە بەردان بەمەرج دەیانگرێتەوە گرفتی ئەوەیان هەیە کە ڕێوشوێنەکانی بەردان بەمەرج لەلایەن دادگاکانەوە زۆردوادەکەوێت ، وە دادگاکان راپۆرتی توێژەرانی کۆمەڵایەتی لە  چاکسازی بەهەند وەرناگرێت .
وە سزادراوانی تیرۆر بەپێی یاسا بەرکارەکان بەردان بەمەرج دەیانگرێتەوە بەلام لە ئێستادا لەلایەن دادگاکانەوە کاری پیناکرێت و بەردان بەمەرج نایانگرێتەوە کە ئەمەش پێشێلکارییەکی یاسایی روونە.

-خواردن:

خواردنی سزادراوان لە ریگەی تەندەرەوە دابین دەکرێت، بەڵام بەهۆی بوونی کەموکورتی و نەدانی بڕی پێویستی خوارن چەندین جار لایەنی بەڵێندەر ڕووبەڕووی سزابۆتەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی سلێمانییەوە

بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی ژنان و منداڵان

ڕێژەی سزادراوان :

-           ژنان : ٣٨
-           منداڵان و نەوجەوانان : ٢٠
-           بەکۆی گشتی لە ساڵی ٢٠٢٠ دا (٣٤٥) ڕاگیراو و سزادراوی ژن ومنداڵان و نەوجەوان هەبووە.

-           کێشە و گرفتەکانی بەڕێوەبەرایەتی  چاکسازیی ژنان و منداڵانی سلیمانی:

-           ١. گرفتی بینا :

-           بینای چاکسازییەکە هیچ مەرج چاکسازیی ێکی بۆ بینای چاکسازی تێدا نییە و بەجۆرێک کۆن و بێکەڵکە ناتوانریت وەکو چاکسازی بەکاربهێنریت یان نۆژەن بکرێتەوە ، بەڵکو لە بنەمادا چاکسازییەکە پێویستی بە دروستکردنی بینایەکی نوێ هەیە کە بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان وەک چاکسازی بەکار بهێنرێت .

-           ٢. کێشەی تەندروستی و نەبونی بنکەی تەندروستی:

-           هیچ بنکەیەکی تەندروستی لە چاکسازی ژنان و منداڵاندا بوونی نییە ، ئەوەش بارگرانییەکی زۆری بۆ ئیدارەی چاکسازییەکە و سزادراوان و ڕاگیراوان دروست کردوە، هەرسزادراویک یا راگیراوێک باری تەندروستی ناجیگیر بێت ، پێویستە بنێردرێت بۆچاکسازی گەورانی سلێمانی ، کە ئەەمش بارگرانیەکی زۆردەخاتە سەرئیدارەی چاکسازی .

-           وە ئەگەر نەتوانرا لە چاکسازی گەوران چارەسەری پێویست بکرێت ئەوکات دەبیت بنێردرێتە نەخۆشخانەکانی ناو شاری سلێمانی کە ئەمەش لە دۆخی ئێستادا کە ژمارەی فەرمانبەر کەمە و دەوامی فەرمانبەران (تناوب)ە بارگرانییەکەی زیاتر کردووە

-           ٣.کەمی فەرمانبەر:

-           گرفتێکی تری چاکسازییەکە کەمی ژمارەی فەرمانبەرە ، لە کاتێکدا ئەم بەڕێوەبەرایەتییە ناوی چاکسازییە و پێویستی بە دووبارە شیاندن و ئامادەکردنی سزادراوانە بۆ دوبارە گەڕاندنەوەیان بۆ کۆمەڵگا .
٤.کێشە ی نەبوونی کەلوپەل و شتومەک :

بەمەبستی کڕین و کەلوپەل و شتومەکی پێویست بۆ چاکسازییەکە لە ساڵی (٢٠٢٠) تەنیا بڕی (٪١٥) ی (نسریە) ی چاکسازی تەرخانکراوە بۆ کڕینی پێداویستیە بنەڕەتییەکان کە ئەمەش بەشی پیویستییەکان ناکات ، لە کاتێکدا بری بودجە و نەسرییەکە خۆی لە بنەڕەتدا کەمە و بەشی نۆژەنکردنەوەی بەردەوامی بیناکە ناکات .

سێیەم: دابەش کردنی دەرمان بەسەر سزادراوان و ڕاگیراواندا:

مەترسییەکی جدی لەسەر ژیانی ڕاگیراوان و سزادراوان بریتییە لە دابەشکردنی دەرمان لەلایەن ستافی سەربازی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە ، کە تەنها یەک هەڵە لە دابەشکردنی درمان بەسەر سزادراوان دەبێتە هۆی کارەساتی گەوەرە و دروست بوونی مەترسی لەسەر ژیانی ڕاگیراوان و سزادراوان ، ئەمەش بە هۆی نەبوونی بنکەی تەندروستی کارمەندی تایبەتمەندی تەندروستی لە ناو چاکسازییەکەدا ، لە کاتێکدا لە ناو چاکسازییەکەدا کەسانیکی تیدایە کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەک ( فشاری خوێن ، شەکرە ، فشاری دل ) سەرەڕای ئاگادار کردنەوەی بەڕیوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلیمانی و وەزارەتی تەندروستی تائێستا نەتوانراوە چارەسەری ئەم گرفتە بکرێت.

داواکاری گشتی :

لە ناو بینای بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی ژنان و منداڵان هیچ ئەندامێکی داواکاری گشتی بونی نییە ، بۆ بەدواداچوونی کێشەو گرفتە یاساییەکانی  ڕاگیراوان و سزادراوان .
سەردانیکردنی سزادراوان و راگیراوان:

بەهۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەریمی کوردستان لە بەرواری ٢١/٢/٢٠٢٠ سەرجەم ڕێکارەکانی سەردانیکردنی سزادراوان و جێژوانی خێزانی و مۆڵەت ڕاگیرا، کە ئەمەش کێشە و گرفتێکی دەروونی گەورەی دروست کرد لای ڕاگیراوان و سزادراوان ، بەو هۆیەی کە ئەوانەی لە ناو چاکسازییەکەدان (٢) چینی زۆر هەستیارن :

•          منداڵان و نەوجەوانانی خوار (١٨) سالن کە پێویستییەکی زۆریان بە بینینی کەس و کاریان هەیە

•          راگیراوان و سزادراوانی ژنن کە زۆربەیان خاوان منداڵن و منداڵەکانیان لە دەرەوە لای کەس وکاریانن و پێویستە بیانبینن.

ئەوەی جیگای دەستخۆشییە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا وەک جیگرەوەیەک بۆ قەدەغەکردنی چاوپیکەوتن ئەو بەریوەبەرایەتییە هەستا بە ئەنجامدانی پەیوەندی لە ڕێگەی هێلی ئینتەرنیت و (ڤایبەر) ەوە لە نێوان سزادراوان و راگیراوان و کەسوکاریان ، وە  دواتر وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەبەرواری ١٦/١٢/٢٠٢٠ بڕیاریدا بە دەستپێکردنەوەی سەردانەکان و مۆڵەت و جێژوانی خیزانی.

گرفتی منداڵی بچووک و شیرەخۆر:

زۆرجار ئەو ئافرەتانەی کەرادەگیرین منداڵی بچووک و شیرەخۆریان لە گەڵدایە کە دابین کردنی پێداویستییەکانی ئەو منداڵانە لە ئەستۆی چاکسازیدایە ، لە ئێستادا (٢) حاڵەتی لەو شیوەیە لە چاکسازییەکەدا بوونی هەیە .
گرفتی پرۆسەی دادگایی کردن پەیوەست بە سزادراوان و ڕاگیراوانەوە :

کێشەیەکی گەورەی راگیراوان و زۆری ماوەی ڕاگرتن و درێژەکیشانی ماوەی دادگایی کردنیانە وەک ئەوەی لە راپرسییەکەشدا دەردەکەویت ، لە هەمانکاتدا کیشەی بەردان بە بارمتە (کفالة) هەیە کە زۆرجار مادە یاساییەکانیان بەردان بە بارمتە دەیانگریتەوە بەڵام بەردانیان زۆر دوادەکەوێت .
لەلایەکی ترەوە بابەتی بەردان بە مەرج (افراج شرطی) هەندێک لە سزادراوان و راگیراوان ناگرێتەوە و هەڵاویر دەکرین بەبێ بوونی هیچ پاساوێکی یاسایی ، وەک هەڵاوێر کردنی ئەو سزادراوانەی کە بە مادەی تیرۆر سزادراون.


 کێشەی سزادروانی سزادراو بە بڕیاری لە سێدارەدان :

لە ئێستادا (١٠) سزادراو لە چاکسازی ژنان و منداڵاندان  کە بریاری لە سێدارەدانیان هەیە ، سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر بڕیارەکەدا تائیسات جێبەجی نەکراوە و جارەنوسی ئەوسزادراوانەش ڕوون نییە کە ئایا سزاکەیان بەسەردا جێبەجی دەکرێت یان سزاکەیان دەگۆردرێت بۆ زیندانیکردنی هەتا هەتایی ، ئەم سزادراوانە لە دۆخێکی دەروونی نا لەباردان و دەیانەوێت دۆسییەکانیان یەکلا بکرێتەوە .

بەشی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی

بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییە ، ئەو کەسانەی  ڕاگیراوان تێیدا دۆسییەکانیان لە قۆناغی لێکۆلینەوە و دادگایی کردندان ، لە هەردوو رەگەزی نێر ومێ و لەسەر و (١٨) ساڵن .

ژمارەی راگیراوان :

لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەدا ژمارەی راگیراوان (٢٦١) کەسە ، بەبەردەوامی ڕێژەکە لە نێوان (٢٥٠ – ٣٥٠) کەسدایە و ڕۆژانە ئەم ڕێژەیە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و کات هەبووە گەیشتۆتە ( ٧٠٠) کەس .
کێشە و گرفتەکانی بەشی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی :

گرفتی بینا :

بینای بەشی گرتن و گواستنەوە یەکێکە لە خراپترین و کۆنترین بیناکان ، هیچ مەرجێکی بەندکردن و راگرتنی تێدا نییە و ژوور و هۆڵوکانی بیناکە هیج مەرجیکی سەلامەتی و تەندروستی تێدا نییە.

سیستمی گەرمی و ساردی تێدا نییە و ئامیری فینککەرەوە و گەرمگەرەوەکان لە کار کەوتون و پیویستیان بە گۆرینە و سەرەڕای ئەوەی دەرخستەیان بۆکراوە بەڵام بودجەی پێویست نییە بۆ گۆڕینیان .

سیستمی کارەبا ی ناوگرتوخانەکە وەک پێویست کارناکات و پێویستی بە گۆڕانکاری تەواوەتی هەیە .

 بچووکی بینا و کەمی هۆڵی ڕاگرتن :

بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆری ڕاگیراو هؤلەکانی راگرتن وەک پێویست بەش ناکات و قەرەباڵەغییەکی زۆری لەسەرە و لەگەل بچووکی قاعەکاندا ناگونجێت.

وەرگرتنی ڕاگیراوی تازە:

لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشی گرتن و گواستنەوە هیچ راگیراوێک وەرناگرێت هەتا پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا () ی بۆ نەکرێت ، ئەگەر دەرکەوت لە پشکنینەکەدا کە تۆمەتبار هەلگری ڤایرۆسەکەیە ئەوا وەرناگیرێت.
گرفتەکە لەوەدایە کە هیج شوێنیک نییە بۆ مانەوەی تۆمەتبار و ناچار لە هۆڵی چاوەروانی بنکەکانی پۆلیسدا دەمینێتەوە ، لە کاتیکدا وەک لە راپۆرتی سالانی پێشووشدائاماژەمان پێداوە کە ئەو هۆڵانەی بنکەکانی پۆلیس هیچ ،ەرجیکی مانوەی ڕاگیراوی تێدا نییە وەک ( ئاو ، کارەبا ، ڕاخەر ، سیستمی گەرمی و ساردی)

داواکاری گشتی :

تەنها یەک ئەندامی داواکاری گشتی لە ناو بینای بەشی گرتن وگواستنەوەدا ڕۆژانە دەوامدەکات ، کە بەهۆی زۆری ژمارەی راگیراوانەوە ناتوانرێت وەک پێویست بەدواچوون بکرێت بۆکێشە و گرفتە یاساییەکانی راگیراوان .
گرفتی درەنگ یەکلایی کردنەوەی دۆسییەکان:

یەکێک لە دیارترین گرفتی ڕاگیراوان درەنگ یەکلاکردنەوەی دۆسییەکانیانە لە دادگادا ، بۆ نمونە ڕاگیراو هەیە کە بەمادەی (٤٠٦) ی یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە لە ساڵی (٢٠١٣) تا ئێستا دۆسییەکەی یەکلا نەکراوەتەوە، بەهەمان شێوە ڕاگیراویتر هەیە (٥) ساڵ و (٤) ساڵ و (٣) ساڵ ڕاگیراون ، کە ئەمەش پیشیلکارییەکی زەقی یاسایی و بنەماکانی مافی مرۆڤە ، کە مافی هەر تۆمەتباریکە داداگاییەکی دادپەروەرانە بکرێت .

گرفتی تەندروستی :
لە بەشی گرتن وگواستنەوەدا بنکەیەکی تەندروستی هەیە ، کەتەنها یەک پزیشکی پسپۆڕ و (٦) کارمەندی تەندروستی هەیە کە بە(تناوب) دەوام دەکەن و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان وەک پێویست نین لە بەر ئەم هۆیانەی لای خوارەوە :

-دەرمان و چارەسەرە پزیشکییەکان وەک پێویست نییە و تەنها چەند جۆرێک دەرمانی دیارکراو لە بنکە تەندروستییەکەدا هەیە و دەدرێت بە راگیراوان.
-پزیشکی پسپپۆڕی نەخۆشییەکان بونی نییە ئەمەش وای کردووە وەک پێویست وەڵامی داواکاری و نەخۆشەکانی گرتن و گواستنەوەنەدرێتەوە
-تاقیگەی بنکەی تەندروستی گرتن و گواستنەوە تەنیا ژمارەیەکی کەمی پشکنینی تێدا دەکرێت. 
-هیچ پزیشک و رێنماییکاریکی دەروونی لێ نییە
-کارمەندی ئێشکگری تەندروستی لێ نییە و ئەو راگیراوانەی دەرمانی سێژەمیان هەیە لەلایەن کارمەندانی پۆلیسەوە  دەرمانیان دەدرێتێ ، کە ئەمەش مەترسی بۆسەر ژیان و تەندروستی راگیراوان دروست دەکات
گرفتی سەردانیکردن :
لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەریمی کوردستان لەمانگی (٢/٢٠٢٠) سەردانیکردنی راگیراوان وەستینراوە و کەسوکاریان ناتوانن سەردانییان بکەن کە ئەمەش کاریگەری لەسەر دۆخی دەرونیان دروست کردوە و پیویستەلایەنە پەیوەندیدارەکان بیر لە ریگە جارەی گونجاو بکەنەوە بۆ جارەسەری ئەو گرفتە.
گرفتی خواردن:
سیستمی خواردن کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمەوە دانراوە کەموکرتییەکی زۆری تیدایە و رەچاوی ستانداردە نیودەوڵەتییەکانی تێدانەکراوە و بڕێکی کەمی خواردن دەگات بە راگیراوان ، سەرەرای خراپی کوالێتی خواردن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement