کوردستان

کرێى خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگا تایبەتەکان کەمکرایەوە

06:01 - 22/11/2020 205 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، رایده‌گه‌یه‌نێت: بەلەبەرچاوگرتنى بارودۆخى دارایى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان، کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەپێى ئەنجامەکانى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان، بەڕێژەى (10 بۆ 20%) بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندنى ساڵى (2020-2021)کەمده‌كرێته‌وه‌.

 

ئەمڕۆ 20ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی 2020 بەسەرپەرشتى ئارام محه‌مه‌د سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت و وەزیری خوێندنی باڵاو ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرۆک زانکۆکان و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، کۆبونەوەى تەواوکارى ژمارە (10)ى ئەنجومەنى وەزارەت بە شێوەى ئۆنلاین بەڕێوەچوو.

سەبارەت بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە کارى لیژنەى تایبەتمەند لەسەر ئاستى وەزارەت بەم ئەرکە کردو دەستخۆشى لێکردن بۆ کارەکانیان لە ڕابردوو.
وتی: هەرێمى کوردستان بە بارودۆخێکى تایبەت گوزەر دەکات بە شێوەیەک پێویستە هەموان ڕەچاوى بارو گوزەرانى دارایى خەڵکى بکەن و لە هەمان کاتیشدا بتوانن هەلى خوێندن بۆ هەموان دەستەبەر بکەن.

 لەو چوارچێوەیەشدا وه‌زیری خوێندنی باڵا، وتى: بۆ ئەوەى روحیەتى کێبڕکێى زانستى لە دامەزراوە ئەکادیمیەکان بپارێزین و بە لەبەرچاوگرتنى باوردۆخى هاوڵاتیان بڕیارماندا بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بۆ ساڵى خوێندنى (2020-2021) ئەویش بەپێى ئەنجامەکانى ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان کە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیەنراوە بەم شێوەى خوارەوە:

• ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى B، بەڕێژەى (10%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.
• ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى C، بەڕێژەى (15%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.
• ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى D، بەڕێژەى (20%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.
• سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بەڕێژەى (20%) کرێى خوێندنیان کەمدەکرێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement