کوردستان

تێکدانى دیموکراسی تەوافوقى و کەمتەرخەمى دەسەڵاتدارانى کورد

09:18 - 15/11/2020 63 جار خوێندراوەتەوە

"زه‌مه‌ن"

شیكاری: عه‌بدوڵا رێشاوی

 

تێپەڕاندنى یاساى قەرز و پڕکردنەوەى کورتهێنانى دارایی کە بەبێ رەزامەندى و دیاریکردنى پشکى کورد بەزۆرینە بڕیارى لێدرا، تەنها رەهەندێکى ئابورى نییە، بەڵکو رەهەندێکى سیاسیشى هەیە، ئەویش  تێکچونى باڵانسی دیموکراسی تەوافوقیە لە پەرلەمانى عێراقدا.

زاڵبونى زۆرینەى شیعە لە پەرلەمانى عێراق ئاماژەى ئەوەیە کورد و سوننە بە بەردەوامیى لە ژێر رەحمەتى بڕیارى زۆرینەى شیعەدان و بڕیارە چارەنوسسازەکان بۆ لەمەودوا شیعەکان و بەشێک لە سوننە یەکلایى دەکەنەوە.

رەهەندى سیاسى روداوەکەى بەرەبەیانى پێنجشەممەى رابردو لە پەرلەمانى عێراق تێکدانى بنەماى تەوافوقى دیموکراسی بو کە لە سەرەتاى دروستبونى عێراقى نوێوە لە بڕیارە چارەنوسسازەکانى عێراقدا رەچاو کراوە.

بەهار مەحمود ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى گۆڕان دەڵێت: "ئەوەى لە پەرلەمانى عێراق رویدا تێکدانى پرەنسیپى دیموکراسیى تەوافوقى بو کە عێراقى نوێى لەسەر دامەزراوە".

بەڵام ئەمە یەکەم جارنییە پرسێکى چارەنوسساز بە زۆرینە و کەمینە لە برى تەوافوقى دیموکراسى یەکلا دەکرێتەوە.

لە هاوینى ئەمساڵدا و دواى گرژیەکانى نێوان ئێران و ئەمەریکا لایەنە شیعەکان بەبێ رەزامەندى سوننەو کورد بڕیارێکیان لە پەرلەمان یەکلاکردەوە بۆ دەرکردنى هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق.

کورد و سوننە بەو بڕیارە رازى نەبون، بەڵام شیعەکان توانیان بەتەنها (50+1) پێکبهێنن و پرسەکە یەکلا بکەنەوە.

دیموکراسیەتى تەوافوقى لە عێراقدا گرنگە، چونکە لە بنەماوە وڵاتەکە لە کۆمەڵێک پێکهاتە و مەزهەب و نەتەوەى جیاواز پێکهاتوە.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە چۆن شیعەکان و کوتلە عەرەبیەکان توانیان تەوافوقى سیاسى لە رێگەى زۆرینەى پەرلەمانییەوە تێکبشکێنن؟ سەرەتاکانى ئەم پێشهاتە بۆ کەى دەگەڕێتەوە؟

لەسەرەتاى دروستکردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و یەکەم هەڵبژاردن لەدواى روخانى رژێمى بەعس لە ساڵى (2005) بە (275) کورسی پەرلەمان، باڵانسێکى وا لە ئەنجومەنەکەدا دروستکرابو کە هیچ پێکهاتەیەک نەتوانێت بەزۆرینە راى خۆى بەسەر دو پێکهاتەکەى تردا بسەپێنێت.

نەوشیروان مستەفا ئەمین سەرکردە و بیرمەندى کورد وەک یەکێک لە نوێنەرانى کورد لە نوسینەوەى دەستور رۆڵى دیارى هەبو، لە دیمانەیەکدا ساڵى (2009) کە لە (سبەى) دەقەکەى بڵاوکراوەتەوە، باس لەم راستیە دەکات و جەخت دەکاتەوە ئەوان توانیویانە باڵانسی پێکهاتەکان لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە شێوەیەک رێکبخەن کە هیچ لایەک نەتوانێت دو پێکهاتەکەى تر پەراوێز بخات.

بەڵام لەگەڵ زیادبونى ژمارەى کورسیەکانى پەرلەمانى عێراق لە (275) کورسیەوە بۆ (325) کورسى لە هەڵبژاردنى ئازارى ساڵى (2010) و دواتریش بۆ هەڵبژاردنى (2014) ژمارەى کورسیەکانى پەرلەمان بۆ (328) کورسى زیادکرا و لە هەڵبژاردنى (2018)شدا کە چوارەم خولى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران بو کورسییەکان بۆ (329) کورسی زیادکرا (320) کورسى گشتى و نۆ کورسیش بۆ کەمینەکان.

نەوشیروان مستەفا لەو دیمانەیەدا کە لە ساڵی (2009) لەگەڵیدا ئەنجامدراوە، هۆشدارى دەدات لە زیادکردنى ژمارەى کورسیەکانى پەرلەمانى عێراق و رەزامەندى دەسەڵاتدارانى کورد بەو زیاد کردنە.

لەهەمانکاتدا مه‌ترسییه‌كانی خۆی سه‌باره‌ت به‌ زیادنه‌بونی كورسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر كورسی پارێزگاكانی تری عێراق ده‌خاته‌ڕو.

نەوشیروان مستەفا ساڵى (2009)  لەگەڵ زیادکردنى ژمارەى کورسیەکانى پەرلەمانى عێراق هۆشدارى دەدات و دەڵێت: "رێژەی كورد له‌ په‌رله‌مانی عێراقیدا له‌ (21%) داده‌به‌زێته‌ خواره‌وه‌ بۆ كه‌متر له‌ (18%)‌، ‌ ئه‌وه‌ گرفتێكی گه‌وره‌ ده‌خاته‌ ناو په‌رله‌مانی عێراق".  

لێرەوە دەردەکەوێت ئاماژەکانى هەڵوەشانەوەى تەوافوق زۆر لەوە کۆنترن کە ئێستا دەسەڵاتداران و بڕیار بەدەستانى کورد لە تێپەڕاندنى یاساى قەرزدا هەستى پێدەکەن.

کەمتەرخەمى دەسەڵاتدارانى کورد بۆ ئەو کاتانە دەگەڕێتەوە کە لەبەر دەستکەوتى شەخسى و سیاسی و حیزبیى، لەسەردەمى نورى مالیکیەوە رازى بون باڵانسى هێز لە قازانجى زۆرینەى شیعە لە پەرلەمانى عێراقدا تێکبدرێت.

 ئەمڕۆش بەروبومە تاڵەکەى دەبینن و خەڵکى کوردستانیش باجەکەى دەدەن.

تەوافوقى سیاسى بابەتێک نییە بە نیەتپاکى و بە قسە بچەسپێت، بەڵکو پەیوەندى بە باڵانسى هێزەوە هەیە، هەرکات ئەو باڵانسە تێکچو، تەوافوقەکەش تێکدەچێت.

لە سەرەتاى دروستکردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقەوە ئەو دەزگا گرنگە لە عێراقدا بەم شێوەیە دامەزرێنرا، بەڵام دواتر بەهۆى کەمتەرخەمى دەسەڵاتدارانى هەرێم و پلانى دەسەڵاتدارانى شیعە بە دیاریکراوى لە سەردەمى دەسەڵاتى نورى مالیکیدا ئەو باڵانسە تێکدرا.

ئەمڕۆ سەرەتاکانى بەکارهێنانى زۆرینەى پەرلەمانى لە دژى کورد بە یاساى قەرز دەستى پێکرد، دیاریش نییە سبەى لەچ یاسایەکى تردا بۆ لێدانى کورد یان سوننە یان هەر پێکهاتەیەکى تر بەکار دەهێنرێت؟.

لەبەردەم ئەم پێشهاتە سیاسیانە و کەمتەرخەمیەکانى دەسەڵاتدارانى کورد، دەبێت ئەو پرسیارە بکەین ئایا مێژوى کورد لە عێراقدا خۆى دوبارە دەکاتەوە؟، ئایا جارێکى تر کورد لە عیراقدا وەک پێکهاتەیەکى قەومى و جوگرافى گرنگ دەخرێتە پەراوێزەوە؟، هەروەک ئەوەى بەسەر پێکهاتەى سوننەدا هێنرا؟.

ئایا ئەو مێژوە دوبارە دەبێتەوە کە سەرەتاکەى بونیادنانەوەى عێراقە بە دەست و پەنجەى کورد و کۆتاییەکەشى بڕینى ئەو دەستو پەنجەیە و لاواز کردنەوەى کوردە؟.

ئایا ئەو وتە بەناوبانگە بەسەر کوردا دەچەسپێت کە دەڵێت "مێژو خۆى دوبارە دەکاتەوە" بەڵام بەشێوەیەکى کۆمیدى؟ واتە کورد جارێکى تر هەڵەکانى مێژوى خۆى دوبارە دەکاتەوە، یان وانەى لە هەڵەکان وەرگرتوە؟.

ئەوەى لە ئێستادا بۆ کورد پێویستە دوبارە رێکخستنەوەى پەیوەندیەکانیەتى بەشێوەیەکى هاوسەنگ لەگەڵ ناوەند، چونکە وەک دەبینرێت بەتێپەڕینى کات و بەهۆى بێباکیی دەسەڵاتدارانى کوردەوە ساڵ بە ساڵ پێگەى کورد لە عێراقدا لێدانى کەمەرشکێنى بەردەکەوێت و لاواز دەبێت.

سه‌رچاوه‌: سایتی سبه‌ی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement