کوردستان

دیدی بزوتنەوەی گۆڕان.. کێشەی ٣٢٠ ملیار دینارەکە

11:00 - 14/11/2020 558 جار خوێندراوەتەوە

"زه‌مه‌ن"

په‌سه‌ندكردنی یاسای كورتهێنانی دارایی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌، وه‌ك زه‌نگێكی ئاگاداركردنه‌وه‌ به‌ر گوێی هه‌رێمی كوردستان كه‌وت، له‌ دوای 2003ه‌وه‌ كورد زۆربه‌ی پرسه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافوق یه‌كلاده‌كرانه‌وه‌‌، لایه‌نه‌ كوردییه‌كان پێیانوایه‌ په‌نابردن بۆ بنه‌مای زۆرینه‌  مه‌ترسیه‌كی نوێیه‌.

 
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێیوایه‌ پێشهات و ره‌وشێكی نوێ له‌ عێراقدا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ و پێویستی به‌ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردن و بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌.

 

ئێستا له‌ ناو شه‌قامی سیاسی دوو بۆچون گه‌ڵاڵه‌بوون، یه‌كه‌میان بایكۆتی به‌غدا، دووه‌میشیان رێككه‌وتنه‌، هه‌ردوو دیده‌كه‌ پێویستیان به‌ بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و كۆنكرێتی هه‌یه‌.

 

عه‌دنان عوسمان، ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌ڕاندن، هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هه‌ردوو بژارده‌كه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر بایكۆت بكرێت چۆن گره‌نتی ئه‌وه‌ ده‌كرێت بژێوی خه‌ڵك دابینبكرێت، ئایا هه‌رێم ده‌توانێت له‌ڕووی سیاسیه‌وه‌ دانپێدانانی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ربگرێت و له‌رووی ژێرخانی ئابورییه‌وه‌ خۆی ده‌گرێت، چونكه‌ زۆربه‌ی داهاته‌كان له‌ به‌غداوه‌ دێن، هه‌ر كاتێك بودجه‌ له‌ به‌غدا دواكه‌وتبێت موچه‌ لێره‌ دواكه‌وتووه‌ و ژیان لێره‌ وه‌ستاوه‌.

 

به‌دیدی عه‌دنان عوسمان، بژارده‌ی باش‌ ئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كانیان، به‌ قورسایی بچنه‌ ناو پرۆسه‌ی گفتوگۆوه‌‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، چونكه‌ ئه‌وه‌ی رووده‌دات دۆخێكی نوێیه‌، پێویست ده‌كات هه‌رێمی كوردستان له‌ گۆڕینی هاوكێشه‌ سیاسیه‌كه‌ له‌ به‌غدا تێبگات.

به‌ره‌به‌یانی پێنجشه‌ممه‌، به‌بێ ره‌زامه‌ندی فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان، یاسای كورتهێنانی دارایی به‌ ده‌نگی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتارانی عه‌ره‌ب تێپه‌ڕێنرا، ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ی به‌ر فراوانی له‌ سه‌ر ئاستی سیاسی لێكه‌وته‌وه‌.

 

یاساكه‌ بڕیاریدا چیتر 320 ملیار دیناری پشكی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ خه‌رجنه‌كرێت، به‌بێ راده‌ستكردنی نه‌وت و به‌شێك له‌ داهاتی خاڵه‌ سنورییه‌كان به‌ به‌غدا.

 

رۆژی16ی 8ی2020، هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك رێككه‌وتن، له‌و چوارچێویه‌دا حكومه‌تی عێراق 320 ملیار دیناری وه‌كو به‌شێك له‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌نارد، بڕیاربوو تاوه‌كو په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی 2021 به‌رده‌وام بێت.

 

شەماڵ عەبدولوەفا ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان، له‌باره‌ی كێشه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غداوه‌ ده‌ڵێت: "کێشەکە زۆر روونە ھیچ تەفسیرێک ھەڵناگرێت، دەیان سەردان و بیرورا گۆرینەوە کرا تا ھەرێم و بەغداد رێکكەون رێکنەکەوتن بۆ و خەتای کێ بوو؟ لەسەر(٢٥٠) ھەزار بەرمیلەکە رێککەوتن، ئەی نیوەی داھاتی گومرگ و دەروازەکان بۆ رێکنەکەوتن؟ داھاتی گومرگ و دەروازەکان بونەتە بەربەستێکی دروستکراو بۆ (٢٥٠) ھەزار بەرمیلەکە".

دەشڵێت، "(٢٥٠) ھەزار بەرمیلەکەش کێشەیەکی چەق بەستووە، چونکە رێکكەوتن لەگەل سۆمۆ، دەبێ بە ھەموو ئەو رێکكەوتن و گرێبەستانەدا بچینەوە کە لە دەری دەسەڵای حکومه‌تی ناوه‌ندی کراوە ، ئەمەش کێشەی قوڵ دروست دەکات چونکە ھیچ لە رێکكەوتن و گرێبەستەکان رووناکی نەبینوە و نایبینێ".

له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی مانگی هه‌شتدا هه‌رێم و به‌غدا رێككه‌وتن له‌سه‌ر "یەکخستنی رێکارەکانی دەروازە سنوورییەکان ئاسمانی، وشکانی و دەریایی؛ دەکرێت گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی دەرەکی بکرێت و رێکبکەون لەسەر ژمێرەی گومرگی، ئەوەش دوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەردوولا. تیمێکی کاری تەکنیکی پێکدەهێندرێت لە فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە".
 
له‌ خاڵێكی دیكه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتبوو "یەکخستنی رێکارەکانی گومرگ و دەروازەکان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەواوی دەروازەکانی حکومەتی فیدراڵی بە هەر رێگەیەکی کارکردن کە پشتی پێدەبەسترێت لەگەڵ پێناسەی گومرگی یەکگرتوو".
 
هه‌روه‌ها رێككه‌بوون له‌سه‌ر"دانانی سیستمێکی ژمێرە لەبارەی داهاتە گومرگییە بەدەستهاتووەکان لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و مامەڵەکردن پێی بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ی ساڵی 2019".
 
له‌به‌رامبه‌ردا رێككه‌وت بوون، مانگە بڕی 320 ملیار دیناری عێراقی بۆ هەریەک لە مانگەکانی ئاب، ئەیلول و تشرینی یەکەم بۆ هەرێمی کوردستان خەرجدەکرێت بەمەبەستی پڕکردنەوەی هەندێک لە خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان.

 

به‌شێك له‌ پاساوی په‌رله‌مانتارانی شیعه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی یاسای كورتهێنانی دارایی ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌رێم پابه‌ندی ئه‌م خاڵانه‌ نه‌بووه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ بڕه‌ نه‌وتێكی راده‌ستی سۆمۆ نه‌كردووه‌.

 

به‌لای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ چاره‌سه‌ری راسته‌قینه‌ بۆ پرسی قه‌یرانی دارایی و گرفتی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم، دوو بژارده‌یه‌؛

 

یه‌كه‌میان بریتیه‌ له‌ ده‌ستپێكردن به‌ چاكسازی راسته‌قینه‌ له‌ بواره‌كانی خه‌رجیه‌كانی نه‌وت و داهات و خاڵه‌سنوریه‌كان و پاككردنه‌وه‌ی لیستی مووچه‌ له‌ چه‌ند مووچه‌ی و بندیواره‌كان و خانه‌نشینی نایاسایی.

بژارده‌ی دووهه‌میش بریتییه‌ له‌ پرسی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌وه‌ش به‌ ئامانجی ده‌سته‌به‌ركردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم كه‌ میكانیزمه‌كه‌ی بریتییه‌ له‌ فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم به‌هه‌ماهه‌نگی له‌ به‌غدا، به‌مه‌رجێك ماف و شایسته‌داراییه‌كانی هه‌رێمی تێدا پارێزراوبێت.

 

عه‌دنان عوسمان، به‌گرنگی ده‌زانێت هه‌رێم خۆی یه‌كلابكاته‌وه‌ كه‌ "ئایا ده‌توانێت ئابوری و ژیانی ئه‌م خه‌ڵكه‌ به‌ڕێوه‌ببات، ئه‌وا زۆرباشه‌ با دوربكه‌وینه‌وه‌ له‌ به‌غدا و به‌و داهاته‌ی هه‌یه‌ ژیانی خه‌ڵك دابینبكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌كرێت به‌ڵێ ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكبكه‌وین، ئه‌و مه‌رجه‌ قورسانه‌ی به‌غدا هه‌یه‌ جێبه‌جێبكرێن".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement