کوردستان

پەکەکە بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقاندنەوەی بۆری نەوت راگەیاند

09:52 - 30/10/2020 2889 جار خوێندراوەتەوە

  "زەمەن" 


حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، بۆری هەناردەی نەوتی هەرێم تەقێنراوەتەوە و هەپەگەش دەڵێت، گەریلاکانیان بۆرییەکی نەوتیان لە باکوری کوردستان تەقاندووەتەوە.

لە راگەیەنراوێکدا هەپەگە ئاماژەی بەوەکردووە، "هێزەکانمان لە بەرواری ٢٨ی تشرینی یەکەم لە کاتژمێر ١٣:٠٠ لە دژی بۆری نەوتی بۆتاش لە هەرێمی باگۆکی سەر بە شاری مێردین چالاکیەکی سەرکەوتوویان ئەنجامداوە."

دەشڵێت، "لەو چالاکیەدا بۆری نەوتەکە بە تەواوەتی لەناو چووە."

ئەو راگەیەنراوەی هەپەگە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەنراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، " رۆژی چوارشەممە 28 تشرینی یەکەمی 2020، بۆری هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرایە ئامانج و بووە هۆی ئەوەی كە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بوەستێت."

دەشڵێت، "بە توندی کردەوەی تێرۆریستیی بە ئامانجگرتنی بۆڕی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان سەرکۆنە دەکات."

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم کردەوە تێرۆریستییە شەرمەزار دەکات و پێی وایە ئەم جۆرە کردەوانە دۆخی هەرێم و ناوچەکە زیاتر ئاڵۆز دەکەن."

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەشدا هاتووە، "حکومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی بکرێت ودەست بۆ قوتی خەڵکی کوردستان ببرێت و لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە بەردەوامە."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement