کەلتور

لە بارەی دەفتەرە شیعری زەویی پلاستیکەوە.

12:59 - 30/10/2020 80 جار خوێندراوەتەوە

سوهەیب فاروق

جیهانی شیعر جیهانێکی زمانییە، زمان تەحەکومی تەواوەتیی ئەم جیهانە دەکات، جیهانی شیعر، جیهانی بینراوەکانە بە جۆرێک ئەم بینراوانە سەرلەنوێ لە جیهانی زماندا وا بنوێنرێنەوە، کە نەبینرابن، شاعیر لە جیهانی هەستەکیی خۆیدا، هەست بە بوونەوەرەکانی دەوروبەر دەکات، پەیوەندییەکانیان دەبینێت و وەک هەر مرۆڤێک بەریان دەکەوێت، وەلێ ئەرکی شاعیرە وەک بوونەوەرێکی جیاواز، ئەم بینراوانە سەرلەنوێ عەینی بکاتەوە لە زماندا، جیهانێک دروست بکات بە هیچ شێوەیەک جیهانە بینراوەکەی تر نەبێت، ئەمه بەندە بە جۆرێک هۆشیارییەوە کە هۆشیاریی شاعیرانەیە، کە دەتوانین بە دوو خاڵ ڕوونتری بکەینەوە:
یەکەم/ هۆشیاریی زمانی: ئەم تایپە لە هۆشیاری، هۆشیارییەکی فەرهەنگییە، بەندە بە ژمارەی داتاکانی زمانەکە و کۆی ئەو وشەگەلەی کە شاعیر پێی دەنووسێت، هەموو ئەو داتا و هاوواتایانەی داتاکان دەگرێتەوە، کە شاعیر دەیانزانێت و لە فەرهەنگی مێشکی شاعیردان.
دووەم/ هۆشیاریی"درکی شاعیرانە": جۆرێکە لە بینینی جیاواز، درکێکە لای هەموو کەس نییە، بینینێکە هەموو چاوێک نایبینێت، ئەم چاو(بینین)ە، دەبێت لای هەموو داهێنەرێک هەبێت، فلیم، سینەما، چیرۆک، ڕۆژنامە.... تاد ئەم بینینە وەک ئایدیاڵێک دەچێتە مێشکی شاعیرەوە، ئەگەر بوونێکی ماددیشی هەبێت، وەک ئایدیاڵێک لای شاعیر هەیە، دواتر لە پرۆسەیەکی زمانیدا، وشە، ڕستە، وەک هیولا دەبڕێت بە باڵای ئایدیاڵەکەدا، دواتر لە پرۆسەیەکی خولقێنەرانەدا، شکڵێک وەردەگرێت، ئیدی ئەو بینراوە نییه، کە پێشتر دیتوومانە.

سەرنج بدەن، ناوونیشانی "زەویی پلاستیک" ئەم زەوییە زەوییه بینراوەکە نییه، کە هەموومان ڕۆژانە بەری دەکەوین، پلاستیکەکەش بە هەمان شێوە، چوون شاعیر لە دنیا بینراوەکەدا، وەک ئایدیاڵ هێناونی و خواستوونی بۆ ناو دنیای زمان، ئیدی ئەم زەوییە لای گەڕیدەیەک، جوگرافیناسێک، کشتیارێک هەمان زەوی نییە، چوون هیولاکەیان جیاوازە، وشە لای شاعیر، وشەی ناو فەرهەنگەکان نییە، بە هەمان واتاوە بەڵکو بار دەکرێت لە زۆر واتای تر، واتە لە هەمان هیولا عەینی ناکرێتەوە، لێرەوەیه شیعر لە چاوی زانستە پەتییەکاندا، وەک قسەی بێمانا و لای زۆرێک لەوانەش دین بە جۆرێک لە تەنکی و تیواڵی وێنای دەکەن، دەڵێن درۆیە، یان موبالەغەیە یان دووره لە واقیعەوە، کەم نین ئەو شاعیرانەی، مەسافەی ناو دنیای واقیع و شیعریان هێند دوور و زمانی کردووەتەوە، گوتوویانە شێت، ساحیرن، یان فڵان شیعر وڕێنەیە.
تا هۆشیاریی شاعیر به هەردوو هۆشیاریی "زمانی" و " شاعیرانە" زیاتر و قووڵتر بێت، شیعرێک درووست دەبێت، کە نە لاساییکەرەوەیە، نە دەتوانرێت لاسایی بکرێتەوە، ئەگەر لە چەند ڕوویەکی کەمەوە، لاسایی بکرێتەوە، یان خۆی وەک لاساییکراوە دەرکەوتبێت، لە چەندین ڕووەوە جیاوازە، چوون کردەی شیعری کردەیەکی خولقێنەرانەیە، هەریەک لە بنەماکانی بوونە شیعرییەکە جیاوازن له جیهانە بینراوەکەدا، ئایدیاڵ و هیولا و ئامانج و شێوەکەش جودان بۆ وێنە:
" ڕۆژ خەریکە،
سەر لە پەنجەرەی ئاسمانەوە، دەکاتە دەر
ئەستێرەکان، چەردەیەکی ئاوییان بە خۆیان داپۆشیوە،
مانگ پشتی لە زەوی
مەمکەکانی لەناو دەمی خۆر تواندووەتەوە"

 
مانگ، مانگی نێو جیهانە بینراوەکە نییە، مانگە لە شیعردا، مانگه وەلێ لە زماندا، نە لە واقیعدا، مەمک و خۆریش بە هەمان شێوە، لێرەوە جیهانی شیعر جیهانێکە سەر بە هیچ جیهانێکی تر نییە، سەر بە خۆیەتی و هیچی تر، بەردەنگ وەختێ بەر دالگەلی وەک مانگ، مەمک، خۆر، دەکەوێت بیر لە جیهانێکی جودا دەکاتەوە، جیهانێک کەشفنکەراو و نەبینراوە، کە تەنێ جیهانی شیعرە و هیچی تر.
یان لە شیعری[Final oto biografhy]دا، بەر جۆرێک لە هۆشیاریی تەواوەتیی شاعیرانە دەکەوین، کە درکێکی تەواو شاعیرانە لە ڕێی داتای وردی زمانەوە، لە جیهانی شیعردا دەکاتە گوتنێکی شیعری بۆ وێنە کە دەڵێت:

"ساڵەکانی گەورەبوونم
وردەشووشەی گەرووی ژیانن
لەو شارەی تیایدا دەژیام
زوو زوو جلەکانی واقیعم دەشووشت و
دەموچاوەکانم دەگۆڕی"

گوتنی شیعری، گوتنێکە لە زمانی شیعریدا دەکەوێتەوە، تا هۆشیاریی شیعریی بەردەنگ زیاتر بێت، تا بە هەمان شێوەی شاعیر بەردەنگیش هۆشیاریی زمانی و درکی شاعیرانەی هەبێت، پتر دەتوانێت پەی بەو گوتنە شیعرییە ببات، زۆرجاریش بەردەنگ لە شاعیر واوەتر دەڕوات و گوتنەکە بەر چەندین واتای جیاواز دەخات، ئەمە هەم هێزی شاعیرەکە دەری دەخات هەم بەردەنگی وردیش[وردەشووشەی گەرووی ژیان] وشەگەلی نێو ئەم گوتنە، بیستراو و بینراویشن، وەلێ بەهۆی سیستمی تەکنشینیی شیعرییەوە بە جۆرێک چنراون، چی دی وەک ماددەیەکی نێو ژیانە بینراوەکە نین،[شووشتنی جلەکانی واقیع]یش بە هەمان شێوە، ژیان و واقیع بەرجەستە و ماددی بوونەتەوە، به جۆرێک لە زماندا کایەیان لە تەکدا کراوە، ئیدی بوونەوەری ناو جیهانە بینراوەکە نین، هیی ناو جیهانە زمانییەکەن، تا درک بە هۆشیاریی ناو جیهانە زمانییەکەمان زیاتر بێت، درکی شیعری و چەشەی شیعریمان زیاترە، تا مەودای نێوان جیهانی بینراو(هەستپێکراوەکە) و (جیهانی زمان)ی شاعیرەکە زیاتر بێت، بەر شیعریەت و جوانیی ئەدەب دەکەوین و بەر کردەی داهێنەرانە دەکەوین.
پەیوەندیی نێوان کەرەستەکان(شتەکان)له دنیا هەستپێکراو(بینراوەکە)دا هەمان پەیوەندیی نێوان دانەکان(وشەکان) نییە له دنیا زمانییەکەدا، چوون لۆجێک بنەمای پەیوەندیی نێوان شتەکانە لە دنیا بینراوەکەدا، وەلێ بە پێچەوانەوە ئەوەی حوکمی ناو دنیا زمانییەکە دەکات، نالۆجیکییە، هەتا پەیوەندی[دراوسێیەتی و جێنشینی]ی دانەکان نالۆجیکی بێت، زیاتر شیعرییه، نالۆجیکییە بەنیسبەت دنیا بینراوەکەوە، وەلێ لۆجیکییە بەنیسبەت دنیا زمانییەکەوە بۆ نموونە سەرنج بدەنە ئەم ڕستەگەلە لە دەفتەرەشیعری"زەویی پلاستیک"دا:
٭ پێڵاوەکەم گیای تێدا ڕواوە.[ل78]
٭ماڵێک لە تەم درووست دەکەم.[78]
*بۆ هەمیشە دەڕۆمە ناو ڕووباری کاغەزەوە.[79]
*من شوانێکی گەڕیدەم، بزنەکانم گیای هەور دەجوون.[84]
٭ڕادیۆکان دەکۆخن.[46]
٭لەناو کەوانەیەک دادەنیشم و دەخۆمەوە.[26]

 
ئەمانە و دەیان ڕستەگەلی تری نالۆجیکی، کە سووریالییانە چنراون و جێ کراونەتەوە، وایان کردووە دنیای بینراو و دنیای زمانیی شاعیرمان پتر بۆ ڕوون ببێتەوە، جگە لەوەش تایبەتمەندییەکی وەهایان داوەتە شاعیر کە خۆیەتی و جیهانەکەشی تایبەتە به خۆی و کەسی تر نا، هەموو ئەوەی کە شاعیر لەم پرۆسەیەدا دەیکات دەبێتە "زمانخولقاندن" چوون شاعیر بە وردی هۆشیارە بەوەی کە دەیکات هەم وەک " چییەتی" و "چۆنێتی"یش، شاعیر بە خولقاندنی ئەم جیهانە لە جیهانە بینراوەکە دادەماڵرێت و دەچێتە نێو جیهانە زمانییەکەوە، لەو واقیعە بینراوە دوور دەکەوێتەوە و سووریالی دەبێتەوە، چوون لە جیهانی بینراودا، واقیع حوکم دەکات و لە جیهانی زماندا، سەروو واقیع.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement