کەلتور

"لەبارەی کارە هونەرییەکەی تارا عەبدوڵڵا وە"

09:08 - 27/10/2020 282 جار خوێندراوەتەوە

سوهەیب فاروق

پەیوەندیی نێوان بینەر و بینراو(دەق) خوێنەر و خوێنراو، گۆشەی بینین و جۆری بینین و تەنانەت ئامانجی بینین، دەرخەری ڕەهەندی هونەریی هەر کارێکن، جا هونەرمەندەکە بە هەر ئامانجێکیش کردبێتی، چێژی کاری هونەرییش ئەوەیە کۆنکرێتی نییە، دەقێکی کراوە و تەواونەکراوە، جا گەر وا نەبووایە هونەر دەبووە بیرکاری، لام زەروورە هونەر گفتوگۆ درووست کات، وەلێ لە چوارچێوەی زمانی نیقاشدا، هەوەڵجارمان نییە، بەر کارگەلی وا دەکەوین، پەیکەرەکانی "زیرەک میرە" و شیعرەکانی" شێرکۆ بێکەس و فەرهادپیرباڵ و قوبادی جەلیزادە" نموونەی ئەو مشتومڕە هونەرییەن، وەختێ "قوبادی جەلیزاده" دەڵێ:
هەموو پۆلیسەکانی ئەم شارە
کەوتبوونە دوای ڕەشەبایەک
لەبەرئەوەی لە تووی مەلیک
تەنوورەی کچێکی هەڵداوەتەوە.

بەردەنگ گەر چاوە هونەرییەکەی ئیش بکات، هەڵدانەوەی تەنوورە، دالێکە تیایدا مەدلوولەکە ڕەخنەی کۆمەڵایەتی بەرجەستە ئەکات، ئیدی لێرەوە ئەکرێ تەنوورە لە شیعرا هەمان تەنووره نەبێ، ئەکرێ هەمان تەنوورەش بێت وەک لای "ئیسماعیل خورماڵی" وەختێ دەڵێت:
تەنوورەیەکی کورتی زەرد
خوماری سەر دوو بەرزایی
کە بە موو دەچووە پێش یان دووا
ئیدی.. ئیدی
دڵ دەبووە درەختێکی نیوسووتی پڕدووکەڵ و
ڕێی بارانی بە قوڕ دەگرت.

 
بۆ ستیان و لیباس و شۆرت و هەموو ئەوەی کە لە چاوی ئێمەدا تابۆیە.... تاد هەمان شێوە، جل و ستیان و دەرپێ و پاوەرە و ماکسییەکان ... هەموو ئەوەی لە کارەکەی تارادایه، هاوشێوەی شیعرەکەی قوباده، ماتریاڵەکە ڕەخنە دەنوێنێت، جەستە نانوێنێت ئازار دەنوێنێت، ئەوەی دەمانوەسێنێت خەمی پشت ڕەنگ و جۆر و قەباره و درێژی و پانیی ماتریاڵەکەیە نەک ناسکی و ئیرۆتیکییەتەکەی، پەمەیی و مۆر ئیدی ڕەنگی ناسک نین، شین و سوور دالی جوانی و هارمۆنیەت نین دالی شینوموربوونەوەی گۆشتن، هەموو ئەو گاز و قەپ و شەق و کلکەدەمانچانە دەنوێنن، کە بەر مێینە کەوتوون، ڕەش ڕەنگی نموونە نییه ئەوەندەی قووڵیی دۆزەخی خەمەکانە، سوور خوێنی ڕژاوی دوعایە، ئیدی ستیان دالێک نییە لە بەرانبەریدا مرۆ مەدلوولەکەی سێکس ببینێت، بینینی مەمکی ژنێک لە وەختی شیرداندا چوون ئامانج لێی هیچ بنەمایەکی ئیرۆتیکی نییە، نابێتە دەرکەوتەیکی ئیرۆتیکی چوون مەمک لەوێدا ڕێک ڕۆڵی مەمەیەکی شیر ئەبینێت نەک ئەوەی نالی دەڵێت:
نەخلی باڵات نەوبەرە, تازەشکۆفەی کردووە
تۆ کە بۆی شیرت لەدەم دێ, ئەم مەمەت کەی کردووە؟
جا گەر نابووتیی کارە هونەرییەکە لەوەوە بێت، کە ژنی تێدا ڕووت بووەتەوە، هەڵەیه به پێچەوانەوە، پۆشراوێکی تێدا ڕووت کراوەتەوە، کە دەکرێ زۆربەمان بەو جۆر و ڕێژە و ژمارە ڕووت نەماندیبێت. یان بیهێننە پێش چاوتان گۆڕێکی بەکۆمەڵ جلی ژێرەوەی مێینەیەکی تیایه و لە پێشانگایەکا پیشان دراون، لێرە بەردەنگی هونەری جل نا بینێت، ئازار ئەبینێت.، وەک چۆن هەموو ئەوەی تارا هەڵیواسیبوون ئازار بوون، شینومۆربوونەوەی خەمەکانی ئەوان بوون، درێژی و ئەستووری و پانیی بەدبەختییەکانیان بوون، من ئەوانەم تیا بینییەوە وەک بینەرێک، هونەر ئەگەر بەشە پەیامئامێزەکەی هێنانەسەربەڕەی هەموو ئەوەی لەژێر بەڕەیە نەبێ، ئەی چییە؟
گەر دەشڵێن ڕێک و هونەری نەبوو شپرز بوو، ئازار ڕێکی کوا، خەم تەنسیقی کوا، مەراق ستایلی کوا، خۆی قووڵیی مەراق لەوێیدایە کە لەتمان دەکا و دواییش نادوورێینەوە، گەر بۆ من هیچی نەکردبێ مەرگی دوعا و چەندینی نزیک و دووری وەک ئەوی بیرخستمەوە، کە زۆربەشیان زیندوون و بە کۆڵێ خەمی شین و مۆرەوە دەژین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement