کوردستان

هاوسه‌رۆكا‌نی یه‌كێتی راگه‌یه‌نراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌

04:38 - 03/08/2020 298 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

 

سەرۆکایەتی یەکێتی بە پێویستی دەزانێت هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، شانبه‌شانی حكومه‌تی عێراق و كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی، به‌شداری بكه‌ن له‌ پرۆسه‌ی بوژاندنه‌وه‌ی شه‌نگال و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دانیشتوانه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی بۆ زێدی باب و باپیریان.

به‌بۆنه‌ی شه‌شه‌مین ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییه‌كان، سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌و تێیدا هاتووه‌ "داواكارین لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی، حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان په‌له‌ بكه‌ن له‌ ناساندنی كاره‌ساتی شه‌نگال وه‌ك تاوانی جینۆساید و، له‌به‌رده‌م دادگایه‌كی باڵادا، رێكخراوی تیرۆریستیی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و تاوانباره‌كانیان و ئه‌وانه‌ش كه‌ كه‌مته‌رخه‌م و هۆكاربوون بۆ‌ روودانی كاره‌ساته‌كه‌، به‌ سزا بگه‌یه‌نن".
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو "سه‌رباری گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه‌ و دوای تێپه‌ڕبوونی شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر رۆژی ره‌شی ٣ی٨ی٢٠١٤، هێشتا برینی خوشك و برا ئێزدییه‌كانمان سارێژ نه‌بووه‌. ده‌یان هه‌زار خێزان داڕماون. هه‌زاران كچ و مناڵ و پیاوی ئێزدی بێ سه‌روشوێنن و، ده‌یان هه‌زار پیر و بریندار له‌ ئاواره‌یی كه‌مپه‌كاندا و دوور له‌ زێدی خۆیان، دوور له‌ ئازیزانیان، خراپترین رۆژگار ده‌گوزه‌رێنن. له‌ دۆخێكی وا تاڵدا، ئه‌ركی هه‌موو لایه‌كمانه‌‌ دوور له‌ دروشمبازیی، سنورێك بۆ ئه‌م دۆخه‌ خراپه‌ی ژیانی ئێزدییه‌كانی پاش جینۆساید دابنێین و، پشتیوان بین له‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی ژیانی خه‌ڵك له‌ شه‌نگال‌ و، دوور له‌ ململانێ و به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی حزبی، ئێزدییان و ناسنامه‌ی گه‌لی خۆمان و كولتوری پێكه‌وه‌ژیان و فره‌یی ئاینیی بپارێزێن".
هه‌ر له‌راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌شهاتووه‌ "بە پێویستی دەزانین هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، شانبه‌شانی حكومه‌تی عێراق و كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی، به‌شداری بكه‌ن له‌ پرۆسه‌ی بوژاندنه‌وه‌ی شه‌نگال و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دانیشتوانه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی بۆ زێدی باب و باپیریان. ئه‌ركی حكومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانه‌ به‌وپه‌ڕی هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی، دۆزینه‌وه‌ی خوشك و برا ئێزدییه‌ بێسه‌روشوێنه‌كراوه‌كان بكاته‌ كاری له‌پێشینه‌ی خۆی".
له‌كۆتایی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌ "ئێمە لە سه‌رۆكایه‌تیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ كاتێكدا مه‌زڵومییه‌ت و قوربانیدانی ئێزدییه‌كان به‌وپه‌ڕی به‌رز ده‌نرخێنین، بەڵێنی هاوکاری و پشتیوانیی ته‌واویان بۆ دووپات دەکەینەوە و رایدەگەیەنین: خەباتی ئێمە لەپێناو پاراستن و بەدیهاتنی داوا ره‌واكانی ئەوان و ئامانجی ته‌واوی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانه‌".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement