دیمانە

تاهیر عه‌بدوڵا: ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ پشكنین له‌هاوڵاتییان وه‌رده‌گیرێت هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ فڕ‌ۆكه‌خانه‌وه‌ نییه‌

02:59 - 03/08/2020 158 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"
تاهیر عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی، له‌چاوپێكه‌وتێكی له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا، باس له‌بڕیاره‌كه‌ی توركیا ده‌كات بۆ هه‌ڵپه‌ساردنی گه‌شته‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها باس له‌و پاره‌یه‌ ده‌كات بۆ پشكنین له‌هاوڵاتییان وه‌رده‌گیریت و چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گه‌شتیاران ده‌خاته‌ڕوو.
له‌به‌شێكی تری چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا باسی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌كانی نیوان هه‌رێم و ئه‌وروپاو رێكاره‌كان ده‌كات.


پ: توركیا گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستام راگرت، هۆكاره‌كه‌ی چی بووه‌؟
و: به‌ڕاستی ئێمه‌ش ئه‌و هه‌واڵه‌ی كه‌ بیستومانه‌ و بۆیان ناردووین تۆزێك به‌لامانه‌وه‌ كتوپڕبوو، چونكه‌ هه‌تا كۆتایی مانگی ڕابردوو توركیا وای دانابوو كه‌ گه‌شته‌كانی له‌ 1/8 وه‌ ده‌ست پێبكاته‌وه‌ بۆ فڕۆكه‌خانه‌كانی عێراق به‌ فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانیشه‌وه‌.
 هه‌رچه‌نده‌ ده‌نگۆیه‌ك هه‌بوو، فه‌رمی نه‌بوو كه‌وا ئه‌م گه‌شتانه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی تر هه‌ڵپه‌سێردرێت، به‌ڵام شتی فه‌رمی له‌گه‌ڵدا نه‌بوو، دوێنی شه‌و گه‌شتێكمان هه‌بوو له‌ ئه‌سته‌مبوڵه‌وه‌ بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی نزیكه‌ی كاتژمێر 9- 10 ی شه‌و له‌و كاته‌دا ده‌نگه‌كه‌ وابڵاوبوویه‌وه‌ كه‌ توركیا ئاسمانی خۆی داخست به‌ڕووی گه‌شته‌كان بۆ سه‌رتاسه‌ری عێراق، دوای چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بابه‌ته‌ گه‌شته‌كان ده‌ستی پێكرده‌وه‌، به‌ڵام دوێنێ ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی عێراق ئاگاداری ئێمه‌ی كرده‌وه‌ كه‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی توركیا به‌پێی ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی توركیا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا هه‌موو گه‌شته‌كانی بۆ فڕۆكه‌خانه‌كانی عێراق وه‌به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌ڵپه‌ساندووه‌ تا 1/9. له‌ ڕاستیدا هۆكاره‌كه‌ی گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ باری ته‌ندروستی نه‌ك بۆ بارێكی تر ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ لای ئێمه‌ زانراوه‌.

پ: پێتانوانه‌ راگرتنی گه‌شته‌كان سیاسی بن هێنده‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌رێكاره‌كانی كۆرۆناوه‌ هه‌بێت؟
و: به‌ڕاستی هۆكاره‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ نازانیین چییه‌ كه‌ بۆچی گه‌شته‌كانیان هه‌ڵپه‌ساندووه‌ تا 1/9؟ به‌ڵام ئه‌و ڕێكارانه‌ی كه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی به‌رجه‌سته‌ ده‌كرێت و جێبه‌جێده‌كرێت ڕێنمایی ته‌ندروستی توند و تۆڵه‌ باوه‌ڕپێكراوه‌ له‌لایه‌ن تاقیگه‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ هیچ گومانێكمان نییه‌ له‌ دۆكۆمێنت و پشكنینه‌ ته‌ندروستیه‌كانی لای خۆمان ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وڵاتی توركیا خۆی.

پ: هه‌ندێك میدیای عێراقی رایانگه‌یاند،  ڕاگرتنی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی نێوان توركیا و عیراق له‌دوای په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فونیه‌كه‌ی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان و مسته‌فا كازمی بوو، هیچ زانیاریتان له‌وباره‌وه‌ هه‌یه‌؟
 و: ئه‌مڕۆ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌تی له‌ عێراق و ئه‌م وڵاتانه‌ی ده‌وروبه‌ردا سیاسه‌ت چۆته‌ ناخی هه‌موو شتێكه‌وه،‌ به‌دووری مه‌زانن باری سیاسی نێوان توركیا و عێراق یاخود ئه‌و لێكه‌وتانه‌ی له‌ناوچه‌كه‌دا ڕووده‌دات، هۆكارێك بێت بۆ ئه‌و بابه‌ته‌. من له‌وباره‌یه‌وه‌ هیچ شتێكی سیاسی نازانم به‌ڵام دوریش نییه‌ باری سیاسی نه‌بێت كه‌ وای كرد له‌ توركیا و عێراق گه‌شته‌كان هه‌ڵپه‌سێرن بۆماوه‌یه‌كی دیاریكراو.

پ: پشكنینی گه‌شتیاران كه‌ له‌فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانیه‌وه‌ گه‌شت ده‌كه‌ن، مه‌رجه‌ ته‌نیا له‌یه‌ك بنكه‌ی ته‌ندروستی پشكینین ئه‌نجامبدرێت، بۆچی؟
و: تاقیگه‌كان له‌ ناوچه‌ی سلێمانی كه‌من، هه‌روه‌ها تووشبووانی كۆرۆنا له‌ناوچه‌كه‌دا زۆر بوون، بۆیه‌ دیاریكردنی شوێنێك بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ گه‌شت ده‌كه‌ن باشترین شته‌ له‌مكاته‌د، چونكه‌ به‌ربڵاوكردنی تاقیگه‌كان تۆزێك كێشه‌ دروست ده‌كات بۆ تیمه‌كانی پزیشكی، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌و بنكه‌یه‌دا تیمێكی تایبه‌ت دانراوه‌ ته‌نها بۆ فڕۆكه‌خانه‌ بۆ پشكنینی ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت گه‌شت بكه‌ن، هیچ كێشه‌یه‌كی تێدا نه‌بووه‌.
هه‌روه‌ها ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی كه‌ له‌ ناوچه‌ دووره‌كانن واته‌ له‌كه‌لار یان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و قه‌ڵادزێ یان شوێنه‌ دووره‌كانن ئاسانكارییان بۆ كراوه‌ له‌وێ پشكنینه‌كانییان بۆ ئه‌نجامدراوه‌. له‌فڕۆكه‌خانه‌ هیچ كێشه‌یه‌كیان نه‌بووه‌ به‌مه‌رجێك ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ پشكنینه‌كانی لێده‌كرێت باوه‌ڕپێكراو بن حكومی بن یان په‌سه‌ند كراوبێت له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ چووه‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق هیچ كێشه‌یه‌كی بۆ دروست نه‌بێت.

پ: رۆژانه‌ چه‌ند پشكنین ده‌كرێت و ماوه‌كه‌ی چه‌ندی پێده‌چێت؟
و: ڕۆژانه‌ نزیكه‌ی 400 -500 كه‌س پشكنینه‌كانی بۆ ده‌كرێت، پشكنینه‌كان له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێردا ده‌رده‌چێت.

پ: تاچه‌ند پشكنینه‌كانی كۆرۆنا له‌فڕۆكه‌خانه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان دانپێدانراون له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی وڵاتانی تر؟
و: وه‌كو سلێمانی هه‌تا ئێستا هیچ پشكنینێك نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بۆی ده‌چن یان ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ عێراقه‌وه‌ ده‌چن، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وانیش ڕێكاری تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌ یان ئه‌وه‌تا پشكنینه‌كه‌یان بۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ یان پشت ده‌به‌ستن به‌و پشكنیانه‌ و هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه‌.

پ: ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كوردستان، چۆن مامه‌ڵه‌یان ه‌لگه‌ڵ ده‌كه‌ن و تێچووی پشكنینه‌كان چه‌نده‌؟
و: ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك تووشی كۆرۆنا ده‌بێت و ئه‌و تاقیگه‌یانه‌ی كه‌ ئه‌و پشكنینانه‌ ده‌كه‌ن وه‌كو ده‌زگا حكومییه‌كان بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌، خه‌رجییه‌كی زۆر ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر حكومه‌ت بۆ ئه‌و پشكنینانه‌، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم دایناوه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ دێنه‌وه‌ بۆ ناو هه‌رێم، هه‌ر كه‌سێك كه‌ دێته‌ ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بڕی 100 هه‌زار دیناری لێبسه‌نرێت، ئه‌مڕۆ ئه‌و 100 هه‌زاره‌ بووه‌ به‌ 60 هه‌زار دینار، واته‌ كه‌میان كردۆته‌وه‌. منداڵ تاوه‌كو 10 ساڵ پشكنینی بۆ ناكرێت، ئه‌وانه‌ی كه‌ خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تن بۆیان ناكرێت، هه‌ندێك جیاكراونه‌ته‌وه،‌ به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه‌ هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه‌ پشكنینیان بۆ ده‌كرێت.

پ: ئایا پاره‌كه‌ بۆ فرۆكه‌خانه‌كانه‌؟
و: فڕ‌ۆكه‌خانه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی نییه‌ به‌وه‌رگرتنی ئه‌و پاره‌یه‌وه‌ له‌هاوڵاتیان، ئه‌وانه‌ تیمی پزیشكین و دێن پشكنین ده‌كه‌ن و ئه‌و پاره‌یه‌ وه‌رده‌گرن و له‌ حسابی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی داخلی بانكه‌كان ده‌كرێت.


پ: تاچه‌ند هه‌وڵتان داوه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ یا نه‌هێشتنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی پشكنینی گه‌شتیاران؟
و: به‌ڕێز وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنم له‌و بابه‌ته‌ ئاگاداركرده‌وه‌، كه‌هاوڵاتیان گلله‌ییه‌كی زۆر ده‌كه‌ن له‌ وه‌رگرتنی پاره‌ بۆ پشكنینه‌كان،  داوام لێكرد كه‌ له‌ڕێگه‌ی خۆیه‌وه‌ لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ئاگادار بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ئه‌ندامی ئه‌و لیژنه‌ باڵایه‌یه،‌ دراسه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌ن به‌ هۆكارێكی دیكه‌ كارئاسانی یاخود چاره‌سه‌رێكی ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌ن، ئه‌ویش بڕیاریدا كه‌ له‌ لیژنه‌ باڵاكه‌ پێشنیاری بكات بزانن هه‌ر بڕیارێك بده‌ن ئێمه‌ جێبه‌جێیبكه‌ین.

پ: ئایا كه‌ی گه‌شته‌كانی ئه‌وروپا ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌و چ ئاماده‌كارییه‌كتان كردووه‌؟
و: تا ئێستا یه‌كێتی ئه‌وروپا گه‌شته‌كانیان زۆر سنوردار كردووه‌ بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی شینگن، بێگومان خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناوچه‌یه‌كی گه‌رمه‌ هه‌م بۆ كۆرۆنا هه‌م بۆ هه‌ندێك بابه‌تی سیاسی و سه‌ربازی.
بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین هه‌تاوه‌كو بارودۆخی كۆرۆنا ئاسایی نه‌بێته‌وه‌ یاخود نه‌ڕه‌وێته‌وه‌ هێڵه‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌وروپا گه‌شته‌كانیان ده‌ست پێناكه‌نه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ئه‌و هێڵانه‌ی كه‌ لێره‌وه‌ ئیش ده‌كه‌ن ده‌كرێت ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی ئێمه‌ به‌ " تڕانزێت " به‌رن بۆ ئه‌وروپا و بیانگێڕنه‌وه‌. بۆ نموونه‌ شه‌وی ڕابردوو گه‌شتی قه‌ته‌رییه‌مان هه‌بووه‌، زۆربه‌ی زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ سه‌فه‌ریان كردووه‌ لێره‌وه‌ چونه‌ته‌ قه‌ته‌ڕ له‌وێوه‌ ده‌چن بۆ ئه‌وروپا، هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ گه‌شتمان هه‌بووه‌ له‌ دوبه‌یه‌وه‌ خه‌ڵك هاتۆته‌وه‌ له‌ ئه‌وروپا، له‌ دوبه‌یه‌وه‌ هاتۆته‌وه‌ بۆ كوردستان هیچ كێشه‌یه‌ك نییه‌ له‌باره‌ی هاتوچۆی گه‌شتیارانه‌وه‌.

دواتر 1 2 3 4 5 6 7 پێشتر 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement