دیمانە

وەزیرى دارایى: ئه‌وانه‌ی مووچه‌یان كه‌مه‌ كه‌متر له‌ 20%یان لێكه‌مده‌كرێته‌وه‌و بۆیه‌ك مانگیشه‌ ئه‌م بڕیاره‌

05:16 - 22/06/2020 1019 جار خوێندراوەتەوە


"زه‌مه‌ن"
وەزیرى دارایى رایدەگەیەنێت؛ بڕیارى کەمکردنەوەى موچە کە تەنها بۆ ئەم مانگەیەو بەرپرسیارێتیەکەى دەكەوێتە سەر هەمو ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و بڕیاری هەمومان بوە، دەشڵێت:"ئەوانەى بەشێكی گەورەی ئەم گەندەڵیانەی هەیە لە ئەستۆیاندایە باشتر وایە لە جیاتی موزایەدە و یاریكردن بە دۆخی خراپی دارایی و دەرونی هاوڵاتیان، بەشداریان بكردایە لە پڕکردنەوەى كورتهێنان و دابینكردنی موچە".


بۆچى ئەو بڕیارە درا؟
ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى بڕیارەکەى دوێنێى ئەنجومەنى وەزیران و هۆکارى پەنابردنە بەر کەمکردنەوەى موچە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (سبەى) جەخت دەکاتەوە لەوەى ئەو بڕیارە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە و هەمومان لەگەڵی بوین و رونى دەکاتەوە کە؛ عێراق لە ساڵی (2019) بە رێژەیی (50%) بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕیوە جگە لەوە لە ساڵی (2020)وە بە بڕیارێكی سیاسی نادادپەروەرانە و نادەستوری (453) ملیار دیناری لە بودجەی هەرێمی كوردستان بڕی ئەمەش لە كاتێكدایە بە پێی دەستور موچەی فەرمانبەران نابێت بچێتە چوارچێوەی ململانێ سیاسیەكانەوە".

باس لەوەش دەکات کە هاوکات لەگەڵ ئەو مامەڵەیەى بەغدا، پەتاى (كۆرۆنا)ش هەروەكو چۆن دۆخی ئابوری جیهانی توشی گرفتی گەورەكرد، كوردستانیش بە هەمان شێوە توش هات و باری ئابوری و دارایی دابەزی و بۆ ماوەیەكی دیاریكراویش (قەدەغەی هاتوچۆ) کاریگەرى تەواوى  کردە سەر داهاتی ناوخۆ.

بژاردەکانى بەردەم ئەنجومەنى وەزیران
وەزیرى دارایى و ئابورى ئەوە دەخاتەڕو کە لەم دۆخە نەخوازراوانەدا توانای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی موچە تەواو لاوازبو، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران چەند بژاردەیەکى لەبەردەستدا بو، ئەوانیش؛ یەکەم: موچە نەدرێت، دوەم: (60)رۆژ جارێك موچە بدرێت و ئەو كاتەش موچە دەبو بە (50%) بۆ هەر مانگێك، سێیەم: هەندێك وەزارەت موچە وەربگرن و ئەوانی دیكە لێی بێبەش بن و چاوەڕوان بن، چوارەم بە پێی رێژەی كورتهێنانەكە موچە كەمبكرێتەوە و واتە بە رێژەی (34%)، بژاردەى پێنجەم ئەبو کە هەوڵبدرێت لە رێگەی  قەرزەوە كورتهێنانەكە کە بە رێژەى (34%)ـە داپۆشرێت، بەڵام بە داخەوە بڕی ئەو پارەیەی قەرزكرا بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانەكە، بەشی داپۆشینی هەمو كورتهێنانەكەی نەكرد و تەنها بۆ کورتهێنانى بودجەى بۆ (21%) دابەزاند.

دەشڵێت: "بۆیە ئەنجومەنی وەزیران بە ناچاری لەو پێنج بژاردە خراپە ئەمەیان هەڵبژارد كە كەمترین زیانی بۆ موچەخۆر هەیە و پەسەندكردنەكەش بە پێی چەند مەرجێک بوە لەوانە؛ كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی و كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەتى لێ بەدەر کراوە و ئەو كەسانەش ناگرێتەوە كە موچەكەیان لە خوار (300) هەزار دینارەوەیە، جگە لەوە هەمو وەزارەت و دەستەكانی دیكەی  گرتوەتەوە بەبێ جیاوازی و بە هەمان رێژە واتە (پێشمەرگە و ئاسایش و هێزەكانی ناوخۆ و دادوەری...هتد)".

ئەوەش دەخاتەڕو کە بڕیارەکە بۆ پلە تایبەت و باڵاکان جیاوازە و ئەوان تەنیا (50%)ی موچەكانیان خەرجدەكرێت و هەمو وەزارەت و دەستەكان راسپێردراون بە میكانیزمێك موچە دابەش بكەن ئەوانەی موچەیان كەمە كەمیان بەركەوێت و ئەوانەشی موچەكەیان زۆرە، بەرێژەی زیاتریان لێ ببڕن. واتە ئەم كورتهێنانە موچە نزمەكان بەرێژەیەكی كەمتر دەگرێتەوە. مەرج نییە (20%)بێت.

هەروەک دوپاتى دەکاتەوە کە ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران كاتییە، چونكە هەر ئەوەندە تەمویل لەبەردەستدابوە و بۆ ئەم مانگەیە.

سەبارەت بە بەرپرسیارێتى بڕیارەکە و ئەو رەخنە و "موزایەدانە"ى دواى دەرکردنى بڕیارەکە هەندێک کەسى لایەنى سیاسى بڵاویان کردەوە، وەزیرى دارایى دەڵێت: "ئەم بڕیارە بەرپرسیاریەتیەكەی دەكەوێتە سەر هەمو ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و هیچ وەزیرێك لە دژی قسە ناكات و بڕیاری هەمومان بوە".

دەشڵێت:"هەركەسێك لەو موزایەدەچیانە بە تایبەتی ئەوانەی سەربە لایەنێكی سیاسی گەورەن و بەشێكی گەورەی ئەم گەندەڵیانەی هەیە لە ئەستۆیاندایە، باشتروایە لە جیاتی موزایەدە و یاریكردن بە دۆخی خراپی ئابوری و دارایی و دەرونی هاوڵاتیان، بەشدارییان بكردایە لە پڕکردنەوە و کەمکردنەوەى كورتهێنان لە بودجە و لە جیاتی قسەی زل بەشداریی دابینكردنی موچەیان بكردایە، یان هەر هیچ نەبێت لەسەردەمی كۆرۆنا دەستبەرداری زیادەڕەوی مەرزەكان و موڵك و ماڵی گشتی بن".

دواتر 1 2 3 4 5 6 7 پێشتر 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement