هەواڵ

ژورى ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەولێر چەند بڕیارێکى نوێى دەرکرد

10:41 - 25/03/2020 9238 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن" 

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر ئەمشە و کۆبووە و چەند بڕیارێکى نوێى دەرکرد لەوانە کردنەوەى بانکە ئەهلییەکانە.


ئەمشەو 2020.3.25 بەسەرپەرشتی د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و بڕیاریدا:

1- بانکە ئەهلیەکانی هەولێر، لە ڕۆژانی (یەک شەممە و چوارشەممە) کراوە دەبن لەکاتژمێر (8)ی بەیانی تاوەکو (1)ی دوای نێوەڕۆ، بەمەرجی ئەوەی هەر بانکێک لە (5) کارمەند زیاتری لێ نەبێت بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان، بۆشیان هەیە تەنها (1) ئۆتۆمبێل بەپێی باجێکی تایبەتی قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر، بۆ هاتووچۆکردنیان بەکاربهێنن.

2- نووسینگەکانی ئاڵۆگۆڕکردنی دراو، ئەوانەی لەدەرەوەی شەقامی (60)مەترین بەهەمانشێوەی بانکە ئەهلییەکان، ڕۆژانی (یەک شەممە و چوار شەممە) لەکاتژمێر (10)ی بەیانی تاوەکو (3)ی دوای نیوەڕۆ کراوە دەبن، هەروەها نووسینگەکانی تری ناو بازاڕی دۆلار فرۆشانی شێخەالله، دەتوانن لەگەڵ نووسینگەکانی دەرەوەی شەقامی(60)مەتری کە مۆڵەتیان هەیە، یان لە شوێنێکی تری دەرەوەی بازنەی هەمان شەقام، بەشێوەیەکی کاتی شوێنێک بۆخۆیان دابین بکەن و نووسینگەکانیان بکەنەوە.

-لەسەر تەواوی هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس و ئاسایش و بازگەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، پێویستە ئەم بڕیارەی سەرەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر جێ بەجێ بکەن.


ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییان و هاوشاریانی سنووری پارێزگاکەیان، بەهەموو تواناییەوە لە هەوڵەکانی بۆ پاراستن و پارێزگاری لێکردنیان و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامن، لەگەڵ ئەوەشدا جارێکی دیکە جەخت لەسەر پابەندبوونی هاوڵاتییان بە قەدەغەکردنی هاتووچۆ و بڕیار و ڕێنماییە تەندروستییەکان دەکەینەوە و داواکارن خۆیان بپارێزن و لەماڵەکانیان بمێننەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement