هەواڵ

جەنگی جیهانی کۆرۆنا و هەواڵی نوێ

09:10 - 18/03/2020 547 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن" - پێشەوا عومەر
تادێت هەوڵەكانی بەرهەمهێنانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا زیاتر دەبن و وڵاتان و كۆمپانیا گەورەكانی جیهان هەوڵەكانیان چڕكردۆتەوە تاوەكو بە زوترین كاتی گونجاو ڤاكسینێك بدۆزنەوە كە مرۆڤەیەتی لەم دەردە جیهانیە بپارێزن.

• کۆمپانیای سانۆفی فەرەنسی رایگەیاند کە ڤاکسینێکیان ئامادەیە  و پاش تاقیکردنەوەی ئەنجامی زۆر باشی داوە و ئەتوانن لە قۆناغی یەکەمدا ڤاکسینەکە بۆ ٣٠٠ هەزار تووش بوو دابین بکەن.
• چین رایگەیاند کە بۆ یەکەم جار مۆڵەتیان بە یەکەم ڤاکسینی چارەسەری دژ بە کۆرۆنا داوە لە بازارەکانی چین بفرۆشرێت کە ئەنجامی باشی ئەبێت.
• لە ئەمریکاش یەکەم ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە یەکەم خۆبەخش درا  کە ژنێکی تەمەن ٤٣ ساڵ بوو،  ناوی خۆی تۆمار کرد لە مێژوودا، لەپاش ئەویش لە چەند خۆبەخشێکی تر دراو دونیا چاوەرێی ئەنجامە.

• ١٢ کۆمپانیای جیهانی تر لە پێشبرکێی دروستکردنی ڤاکسیندان کە گرنگترینیان کۆمپانیای کۆرڤاکی ئەڵمانیە.
• کۆرۆنا ڤایرۆس ٢٠٠ هەزار توش بووی لە جیهاندا تێ پەراند .
• بۆ یەکەم جاری لە ٢٤ کاتژمێری رابردوو لە کەرتی هۆبی چین کە سەرچاوەی سەرەکی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە بوو تەنها یەک حاڵەت تۆمار کرا و هیچ حاڵەتێکی مردنێش لە چین تۆمار نەکرا .

• بەشێک لە ئامارەکانی ٢٤ کاتژمێری رابردوو بۆ توش بوون و مردن (ئیتاڵیا:  ٣٥٢٦توش بوو - ٣٤٥مردوو)  ( ئەڵمانیا: ٢٠٩٥توش بوو-٩ مردوو) ( ئیسپانیا: ١٨٨٤ توش بوو- ١٩١ مردو) ( ئەمریکا: ١٧٧٦ توش بوو- ٢٣ مردو) ( ئێران : ١١٧٨ توش بوو-١٣٥ مردوو) 

( فەرەنسا : ١٠٩٧ توش بوو- ٢٧ مردوو) ، لەسەر ئاستی جیهانیش ئەمڕۆ زیاتر لە ١٥ هەزار و ٧٠٠ حاڵەتی توش بوون و زیاتر لە ٨١٠ حاڵەتی مردن تۆمار کراوە.
• لەگەڵ ئەوەی کە هەموو جیهان بە دوای چارەسەرە، بەڵام زاناکان پێیان وایە تا دۆزینەوەی چارەسەری کۆنکرێتی خۆ کەرەنتینە کردن و پەیوەست بوون بە رێنمایەکان و سود وەرگرتن لە ئەزموونی چین باشترین رێگە چارەیە.

• ژمارەی ئەوانەی چارەسەر وەر ئەگرن و چاک دەبنەوە زۆر دڵخۆشکەرە و چانسی چاكبونەوه زۆره و ژمارەی مردوان لە ئێستادا تەنها لە ( ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ئێران) مەترسیدارە و چین لە ئێستادا پسپۆرەکانی خۆی دەنێرێت بۆ ئەو ٣ وڵاتە بۆ پێدانی راوێژ و چۆنێتی کۆنترۆڵ.

• بۆ یەکەم جا لە مێژوودا و لە یەک کاتدا کە پێویستە قوتابیەکان لە خویندگاکان بن، ۷۸٠ ملیۆن قوتابی بەهۆی کۆرۆنا ڤایرۆس لە خوێندن بێ بەشن!.
• ڤایرۆسەکە ئابوری جیهانی توشی دارمانێکی راستەقینە کردوەتەوە و شوێنەوارەکانی تا چەند ساڵێک بەردەوام ئەبن.

• لە جیهاندا لەگەڵ هەموو ئەو هەنگاوانەی کە بۆ هەڵاوێرکردنی ڤایرۆسەکە ئەگیرێتە بەر لە نمونەی قەرەنتینە کردن و داخستنی بزنسەکان، حکومەتەکان پاکێجی ئابوری رائەگەیەنن و بەڵێن ئەدەن نەهێڵن بزنسەکان مایەپوچ ببین و دڵنیایی دەدەن بە خەڵکی، بە داخەوە لە عێراق و کوردستان بەهۆی سیاسەتی ئابوری هەڵە و نەبوونی نەختینە و نەبونی ژێرخانی ئابوری ، خەڵکی لە دڵەراوکێدان و نازانن چارەنوسیان چی لێ دێت.

• جەنگی ساردی ئەمریکا و چین بەردەوامە، چین وتی لەوانەیە ڤایرۆسەکە ئەمریکا بڵاوی کردبێتەوە، ترامپیش لەباتی ئەوەی بڵی ڤایرۆسی کۆرۆنا وتی ڤایرۆسە چینیەکە، چین هەموو دەزگا راگەیاندنە ئەمریکیەکانی لە چین کردە دەرەوە، لە پشتی پەردە و دور لە چاوی دونیا وردەکاری و نهێنیەکانی ڤایرۆسەکە و جەنگی سارد لە نێوان زلهێزەکاندا بەردەوامە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement