هەواڵ

"بەرهەمی هەنگوین بۆ ئەمساڵ لەنێوان 450 بۆ 600 تەن دەبێت"

09:49 - 03/11/2019 266 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی: زەمەن

د. ئەحمەد حەمەئەمین زیاتر لە 40 ساڵ، ئەزموونی لەگەڵ بەخێوکردنی هەنگدا هەیە، لەبواری ئەکادیمیشدا لە ساڵی (1977)‌ەوە لە کۆلیژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی وانەی تایبەتیی لە بواری بەخێوکردنی هەنگدا وتووەتەوە. لەم دیدارە تایبەتەدا لەگەڵ “زەمەن”، باس لە گرفتی هەنگەوانی لە کوردستان و ئاستی بەرهەمهێنان و شێوازی بەرهەمهێنان و زۆر پرسی تری تایبەت بەم بوارە دەکات.

* خەڵک بە گشتی کە باس لە هەنگ دەکرێت، “هەنگوین” دەبینێت، ئایا هەنگ، تەنها بەرهەمێک هەیبێ، هەنگوینە؟
- بێگومان نەخێر، هەنگ چەندین بەرهەمی تری هەیە، بێجگە لە “هەنگوین” کە سەرەکیترین بەرهەمی هەنگە. ئەم بەرهەمانەی تریشی هەیە: (هەڵاڵە، خواردنی شاژن، پڕۆپۆلز، پوورە) کە ئەمانەش هەمووی داهاتن و دەفرۆشرێن، وەک هەنگوین. هەنگ، لە بەهاردا پورە دەدات و وەچە دەخاتەوە لە ڕێگەی پوورەوە، لەماوەی ٢٤ سەعاتدا نەیگریتەوە دەڕوات و لەدەستت دەچێ. شاژنە بەتەمەنەکە، لەگەڵ کۆمەڵێ هەنگی تر، لە دووریی نزیکەی دە مەترەوە لائەدەن، لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا هەندێ لە هەنگەکانی تر، دەچن شوێن دەدۆزنەوە، پێویستە هەنگەوان، بیانگرێتەوەو بیانخەیتە ناو سندوقەکانیان. گەر نا  دەڕۆن و لەدەست دەچن.

هەنگ، هەڵاڵە لە گوڵەکان دروست دەکات، ئەمیش وەک هەنگوین بۆ هەموو شت باشە تەنها بۆ ئەوانەی حەساسیەت‌و ڕەبۆیان هەیە خراپە.

* باستان لە کوورەی هەنگ کرد، کوورەی هەنگ چەند جۆرە؟
- کوورەی هەنگ دوو جۆرە، یەکێکیان محەلییە لەناو سەبەتەدایە. ئەوی تریان لەناو سندوقدایە. بەس ئەم دوو جۆرەمان هەیە. بەڵام ئەمەی دووەمیان، بەرهەمی زیاترە. ئێستاش هەنگەوانانی لای خۆمان لە کوردستان، ڕوویان کردووەتە ئەم جۆرەیان، چونکە بەرهەمی زیاترە. ئەمەش کاتی خۆی زانایەکی ئەمەریکی دۆزییەوەو پەرەی پێدا.

* وەک کەسێکی پسپۆڕ و تایبەتمەند بە هەنگەوانیی، سودەکانی هەنگوین چین؟
- من لە ساڵی 1977 ەوە، لە کۆلیژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی، وانەی بەخێوکردنی هەنگ دەڵێمەوە. بۆیە زۆر لەو بوارەدا شارەزایم پەیداکردووە. هەنگوین 185 سودی گرنگی بۆ مرۆڤ هەیە، گرنگترینیان بەم جۆرە پۆلینکراوە:
-بۆ نەخۆشی دڵ چارەسەرە
-ئەوانەی گرفتی بۆری خوێنیان هەیە، بۆری خوێن فراوان دەکات.
-سودی هەیە بۆ تووشبوانی ئایدز
-ئەنزیماتی تێدایە، سوودێکی زۆر زۆری هەیە.
-دەوڵەمەندە بە کانزاکان، وەک (کالیسیۆم و مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم)
-دەوڵەمەندە بە ڤیتامینات.
 سوودی تری زۆرە و رەنگە زۆربەیان خوێنەران بزانن. تەنانەت لە قورئانی پیرۆزیشدا ناوی هاتووە کە شیفایە بۆ نەخۆشی. کە دەفەرمووێت (فيه شفاء للناس/ سورە النحل)
هەنگوین، بە دوو جۆریش دەخورێت، لەگەڵ شانەکەدا بیخۆیت و وەک بنێشت بیجوویت، هەرچی پیسی  دەموو دان و ناو دەم و بۆری هەناسە هەیە پاکی دەکاتەوە.

* ئەی وەک ئەکادیمییەک، کە ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ هەنگوین و هەنگ دەژین،  پرسیار بکەین هەنگوین چییە؟
-هەنگوین، خواردنی سرووشتی هەنگە، کە لە خوردنی گوڵی جۆراوجۆر کۆی دەکاتەوە. ئەو گوڵەشی کە دەیهێنێ، جۆرەکەی باشی و کوالێتی هەنگەکە دەستنیشان دەکات. تا گوڵەکە بۆندار بێ، ئاستی هەنگوینەکە دەستنیشان دەکات، چەند باشەو کوالێتی بەرزە. هەنگوین جۆرو شێوەو رەنگی هەیە، بەپێی تایبەتمەندی گوڵەکەو خواردنی هەنگەکە، زیاتر شەش رەنگە لە تۆخەوە بۆ کاڵ.

*کاتێکی دیاریکراو هەیە بۆ بڕینی هەنگوین، لە ساڵێکدا، یان لە هەموو شوێنێ، لە یەککاتدا دەبڕێت و کۆدەکرێتەوە؟
-نەخێر کاتەکان جیاوازە، بەپێی کەش و ئاووهەواو جۆری ژینگەکەی. لە عێراق، ساڵی دوو جار هەنگ دەبڕێت، بەڵام لە کوردستان تەنها یەکجار. چونکە لە کوردستان بەهارەکەی کورتەو زوو گوڵ و گوڵزار لەناودەچێ، لەبەرئەوەی سیستمی ئاودانیشمان لە هاویندا زۆر کەمە، بەڵام لە ناوەڕاست و خواری عێراق دووجار هەنگ دەبڕێت، لە مانگی شەش و حەوت، هەنگوین بەرهەم دێنێت و سەرچاوەی ئاودانیان هەیە، بەڵام ئێمە لە کوردستان تەنها لە کۆتایی مانگی نۆو سەرەتای مانگی دە هەنگوین دەبڕین.

*هیچ تایبەتمەندییەک هەیە لە بڕینی هەنگ و کۆکردنەوەی هەنگوین، یان نا؟
-بێگومان، ئەمە زۆر گرنگە هەنگەوان رەچاوی بکات، ئەوە نەکات زیانێکی زۆر بەر هەنگەکان دەکەوێت و دەبێتە هۆی لەناوچوونیان. بۆ نموونە لە سندوقێکدا سێ شانەی هەنگوین هەیە، دەبێ هەنگەوان لەکاتی کۆکردنەوەی هەنگوین، هەموو ئەو هەنگوینە دەرنەهێنێ، پێویستە یەک لەسەر سێ لە سندووقەکەدا بیهێڵێتەوە، چونکە ئەوە خواردنی هەنگەکەیە تا ساڵی داهاتوو، بەرهەمی نوێی دەبێت، گەر نا لە زستان تەحەموول ناکات. جاری واهەیە هەنگەوانێ دەڵێ ئەمساڵ هەنگوینم هەبوو، تا گەیشتمە ساڵی داهاتوو، هەنگەکانم نەما و هەمووی لەناوچوون! ئێ تۆ کە زاڵمانە هەموو هەنگوینەکە دەردێنی، بێگومان لە زستاندا هیچ نامێنێتەوەو هەموو هەنگەکان لەناو دەچن. ئیتر وردەکاریی هەنگوینەکەش جیاوازەو ئاستی کوالێتی و ئەسڵ و نائەسڵ.

* کەواتە هەنگوینی ساغ و ساختەشمان هەیە؟
-بێگومان هەنگوینی ساختەو هەنگوینی ساغیشمان هەیە. زۆربەی ئەو هەنگوینانەی لە وڵاتانی دراوسێ‌و دەرەوەی هەرێمەوە دێن، هەنگوینی ساختەن. هەندێ لەو هەنگوینانە بە رەنگ‌و شوێنە زۆر لە هەنگوینی ساغ دەچن، بەڵام پڕن لە مادەی جیاواز و کیمیایی نا تەندرووست. هەنگوینێ ساغ بێ کیلۆی نادەن، بە ١٢ هەزار، هەنگوینێ ساغ، کیلۆی دەچێتە سەد دۆلار!

*ئەی هاوڵاتی چۆن بتوانێ ئەو هەنگوینە ساغ و ساختەیە لەیەک جیا بکاتەوە؟
-چەندین ڕێگە هەیە، بەس من تەنها یەک رێگە باس دەکەم کە ئاسانترینیانەو بەئاسانی هاوڵاتی دەتوانێ هەنگوینی ساغ بناسێتەوە. ئەویش دوو پەرداخ بێنە ئاوی شلەتێنی تێبکە دوو هەنگوین بێنە یەکێکیان ساغ بێ و ئەوی تریان ساختە، بە چاو ناتوانی لەیەکتریان جیا بکەیتەوە. هەنگوینە ساختەکە بێنە کەوچێکی زەڵاتە شۆڕی کەرەوە بۆ ناو ئاوە شلەتێنەکە، ئەگەر لەناو ئاوەکەدا، وەک مار خۆی پێچاو شین دەبووەوە لە بنی پەرداخەکەدا، ئەوا هەنگوینی ساغە. بەڵام گەر بڵاوبوویەوە، ئەوە شەکری تێدایە و ساختەیە.

*هەندێ کەس دەڵێن ئەو هەنگوینەی بیبەستێ لە سەلاجە، هەنگوینێکی ساختەیە؟
نەخێر ئەوە ئاساییە و زۆر هەنگوین دەکرێت بیبەستێت و هەنگوینی چاکیش بێت. ئەگەر ڕێژە بلووکوزی کەمێ زیاتر بێت، هەنگوینەکە دەیبەستێ و شتێکی ئاساییە.

* شوێن و جوگرافیایەکمان هەیە بڵێین ئەو شوێنە لە کوردستان، هەنگوینی زۆر باشە؟
-بەڵێ، هەنگوینی قەندیل نمرە یەکە لە هەنگوین. بەڵام بەداخەوە ئێستا بەهۆی تۆببارانکردنی تورکیاوە زیانی زۆر بەر هەنگەکان کەوتووەو ئەو هەنگوینە چاکەی جاران دەستناکەوێت. یان کەس ناتوانێ بچێ دەریبهێنێ و دەمێنێتەوە، یان زیان بەر هەنگەکان کەوتوون. هەنگوینی قەندیل چونکە سرووشتییە و شەکر نادرێ بە هەنگەکان، سرووشتی و ساغە. هەنگوینی شارباژێڕ و پێنجوێنیش زۆری ساغ و تایبەتییە.

* زۆرجار دەوترێ هەنگوین شیرینە بۆ لەش سوودی زۆرە، خۆ شەکری درووستکراویش شیرینە، بۆچی زیانی هەیە بۆ لەش؟
- ئێمە کە دەڵێین هەنگوین باشە و ئەو شەکرە سپییەی هەیە خراپە؟ لەبەر ئەوەی ئەو شەکرە لە 90-9٥ شەکری دوانییە، پێی دەوترێت سوکەرۆز، کە دەیخۆین لەش هیلاک دەبێ. بەڵام هەنگوین بە پێچەوانەوە، ئەو شەکرەی تێیدا لە 72٪ بۆ 78٪ ی ئەو شەکرەی تێدایە کە پێی دەڵێن (مۆنۆ سەکەرایت) کە مەعیدەی مرۆڤ هیلاک ناکات. بۆ زانیاریت هەنگوین تاکە خواردنە کە دەیخۆیت، هیچ پاشەڕۆیەکی نییە و هەمووی هەزم دەبێت.!

*هیچ داتا و ژمارەیەک هەیە لەسەر بەرهەم و ژمارەی سندوقی هەنگ لە کوردستان و عێراق، ئایا بەشی پێداویستییەکانی ناوخۆ دەکات یان نا؟
- لە عێراق نزیکەی 800 هەزار سندوقی هەنگ هەیە. لەو رێژەیە 75٪ لە کوردستانە.
-لە عێراقدا، بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت بەرهەمی هەنگوین لە نێوان 600 بۆ 800 تەن بووبێت. کەواتە بەرهەمی هەنگوینی کوردی لە کوردستانی عێراق بۆ ئەمساڵ لە نێوان 450 تەن بۆ 600 تەن بێت. ئەم ڕێژەیەش زۆر باشە و بە زیادیشەوە بەشی بەرهەمی ناوخۆیی و هاوردەش دەکرێت، گەر پلان هەبێ.

*چ درەخت و دار و گوڵێک زۆرترین سوودی بۆ هەنگ هەیە؟
- باشترین سەرچاوەی بۆ هەنگوین، کۆمەڵەی دارە بەرهەمدارە ترشەمەنییەکانە، وەک (داری پرتەقاڵ، لیمۆ، نارج) هەر بۆیە زۆر هەنگەوان لە زستاندا کە زۆر ساردە، هەنگەکانی دەبات بۆ ناوچەی کەلار، کە لە خانەقین و بەعقوبەوە نزیکە و لەوێش ئەم جۆرە دارانە زۆرە.

* وەزارەتی کشتوکاڵ هیچ پلان و کارێکی هەیە لەم بوارەدا، کە برەو بە بەرهەمی هەنگوین بدات لە کوردستان؟
-نەخێر وەزارەتی کشتوکاڵ هیچ پلان و کار و پڕۆژەیەکی نییە هەنگەوانیی لە کوردستان پێش بخات. تائێستا حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە تاقیگەیەکی تایبەت بە هەنگوین دامەزرێنێت. دەبوو لانی کەم پەیمانگەیەکی هەنگەوانی تایبەت بکرایەوە. هیچی ئەمانە نەکراوەو بایەخ نەدراوە نە بە هەنگوین، نە بەبەرهەمی خۆماڵی تر. لەمانگی چواری ڕابردوودا، لەگەڵ مامۆستا ئیبراهیم کە پسپۆڕی هەنگە، سەردانی لوبنانمان کرد، تاقیگەیەکی زۆر گەورەی بواری هەنگوینمان بینی، کارگەی گەورەو پێشکەوتوومان بینی، کە هەنگوینی دەخستە ناو شووشەوەو دەیناردە بازاڕەکانەوە. هاتینەوە بۆ کوردستان، هەموویمان بە بەرپرسان ڕاگەیاند، تێچووەکەی چوار بۆ پێنج ملیۆن دۆلاری تێدەچێ بەڵام داهاتێکی زۆریش دەبێ و برەوێکی زۆر بە بەرهەمی هەنگوینی خۆماڵی دەدات.

* زانکۆ و پەیمانگەکان، بۆ بەشی تایبەتمەند لەو بوارەدا ناکەنەوە؟
-چوینە لای د. ئالان فەرەیدون سەرۆکی زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی. پەیمانیداوە بۆ ساڵی داهاتوو، لە پەیمانگەی کشتوکاڵی بەکرەجۆ بەشی (بەخێوکردنی  هەنگەوانی) بکاتەوە. سەرەتا چەند خوێندکارێ وەردەگرێ‌و ساڵانە برەو بە بەشەکە دەدرێت و پێشدەخرێت، ئەمەش رۆڵی زۆر دەبێ بۆ گەشەپێدان و پێشکەوتنی هەنگەوانی‌و زۆربوونی بەرهەمی هەنگوین لە کوردستاندا.

* گرفتەکانی هەنگەوانی بە شێوەیەکی گشتی لە کوردستاندا چین؟
-گرفتی زۆرن، بەڵام گرنگترینیان لە چەند خاڵێکدا کۆدەکەمەوە، کە ئەمانەن:
-نەبوونی تاقیگەی تایبەتمەندی هەنگوین، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی زانستی بزانین ئەو هەنگوینە ساختەیە یان ساختە نییە
-نەبوونی خوێندنی تایبەتمەند بە هەنگ و هەنگەوانی (ئێستا ئێمە بەتەماین بیکەینەوە)
-بەکارهێنانی قڕکەرە کیمیاییەکان، ئەمە زۆر ترسناکە و زیانی زۆرە بۆ هەنگ و هەنگەوانی و بەرهەمی هەنگوین. بەتایبەتی ئەو هەنگوینەی لە وڵاتانەوە دێن زۆر خراپ و بێ سوودە. بۆیە گەر هاوڵاتی دەیەوێ سوود لە هەنگوین ببینێ، دەبێ هەنگوینی خۆماڵی بکڕێت و دوورکەوێتە لە هەنگوینی هاوردەی وڵاتان.

*بەدەر لەم پرسانە، ئایا کۆنفرانس‌و گرتنی کۆڕو کۆبوونەوە لەو بوارەدا، گەشە بە ئاستی بەرهەمهێنانی هەنگوین نادات لە کوردستان؟
-لەم ماوەیەدا لە هەولێر کۆنگرەی هەنگەوانانی عەرەب بەسترا. میوانداریش کرام، بەس نەرۆشتم. چونکە ڕۆڵ و کارم دەستنیشان نەکرابوو. دوای کۆنگرەکە پێیان وتم بهاتیتایە ڕۆڵت دەبوو، بەس نەڕۆشتم. ئەوانەی رۆشتبوون 90٪ هەنگەوانان گلەییان هەبوو، چونکە نزیکەی 300 نموونەی هەنگوین لە کۆنفرانسەکە  پێشکەشکرا، گوایە چەند ئامێرێکیان هێناوە شیکاریی هەنگوینەکان بکات، بەڵام نەیانهێشتبوو کەسی خۆمان سەرپەرشتی بکات. کۆمپانیایەکی ئێرانی خۆی سەرپەرشتی کردبوو. هەنگوینێکی ئێرانییان کردبوو بە یەکەم، پێشتر کیلۆی بە 5 هەزار دینار فرۆشرابوو، بەڵام لەوێ نرخەکەی چوویە 35 بۆ 40 هەزار دینار.! هەنگوینێکی زۆریان فرۆشتوو ڕۆشتنەوە بۆ ئێران. بەداخەوە ئەمە ڕوویدا لەو کۆنفرانسەی هەولێردا. ئێستا دەڵێم باشتر نەرۆشتم، ئەمە لە کاتێکدا وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، خۆی سەرپەرشتی ئەم کۆنفرانسەی کردووە. بەڕێز وەزیری کشتوکاڵ خۆی وتەی هەبوو لە دەستپێکدا و بەرێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، لەگەڵ چەند کەسێکی تر سەرپەرشتی کۆنفرانسەکەیان دەکرد.

*لەم ماوەیەدا سیمینارێکتان لەسەر (سەمای هەنگ) پێشکەشکرد. هەنگ سەما دەکات، یان بە تەنها مرۆڤە حەزی بە سەمایە؟
- نەخێر هەنگیش سەما دەکات. بۆ نموونە من ئێستا لە ماڵەوە سێ سندوق هەنگم هەیە. هەنگەکانی دەڕۆنە دەرەوە. بۆ زانیاری خوێنەرانیش هەنگ لە یەک دەرچووندا، دەتوانێ سێ کیلۆمەترو نیو ببڕێت و سێ کیلۆمەترو نیویش بێتەوە. واتە لە یەک دەرچوونیدا 7 کیلۆمەتر دەکات. لەو چوونە دەرەوەدا بۆ نموونە هەنگێک کۆمەڵێ گوڵ و گوڵزار دەدۆزێتەوە، سەرەتا دەچێ تۆزێ لە شیلەی گووڵەکە کۆدەکاتەوە، هەڵاڵەکە بە گیانییەوە دەنووسێت، هەنگیش هەموو گیانی تووکە، ئەمەش وادەکات هەڵاڵەی پێوە بنووسێت، کەیەتەوە چۆن بە هاورێکانی بڵێ شوێنێکم دۆزیوەتەوە و گوڵی تازە و رەنگ و بۆنی تازەی گوڵی دۆزیووەتەوە؟ بە سەما پێیان دەڵێت. سەمایەکی تایبەت بە خۆیان. پێیان دەڵێت یەکەم: کەچوونە دەرەوەبەرەو چ ئاڕاستەیەک بڕۆن. دووەم بە نزیکیی چەند دوورە. ئەو جۆری سەمایەی بۆ کردن، هەنگەکانی تر ڕێک دەچنە سەر ئەو شوێنە تازەیە کە ئەم هەنگە بە سەماکەی بۆی کردوون.

ئەم سەمایە چوار جۆری هەیە:
یەکەم: سەمایەک بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی گوڵەکان.
دووەم: سەمایەک بۆ خۆ پاکردنەوەیە، بە جۆرێ سەما دەکات، بە هەنگەکانی دوای خۆی دەڵێت وەرن پاکم بکەنەوە.
سێیەم: بۆ شێلانە، کە ئەو سەمایەی کرد، هەنگەکانی تر دێن دەیشێلن.
چوارەم: سەمایەک بۆ خۆشی و چێژ بەخشینە. کە زانیان هەموو شتەکانی ناو سندوقەکەیان تەواوە، لە خۆشیا دەستدەکەن بە سەماکردن و خۆشی دەربڕین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن