هەواڵ

منداڵانی یەزدان

11:00 - 22/10/2019 61 جار خوێندراوەتەوە

رەفیق سابیر

منداڵانی بەر چۆڕاوگە و ئاگرباران!
منداڵانی ئاوارەیی و برسێتی و ژان!
ئێستا کامتان لەنێو زوقما دەناڵێنێ؟
کامتان بە سیمای ژاکاوی،
بە گیاندان و
گریان و
ناڵەی خنکاوی،
جەرگی دایە ئاوارەکەی دەسوتێنێ؟
ئێستا کامتان مەلۆتکەیەکی بێ ناوە؟
لە ئەشکەوتا، لە زیندانا،
لە تاریکایی تاوانا،
داگیرساوە.
خوا دەزانێ ئێستا کامتان بە نیشانە داکراوە!
ئاخۆ چەندتان لەم ساتەدا
چاوبەگریان
هەناسەسوار
گیان پڕ لە ژان،
وەک غەنیمەت بۆ فرۆشتن راگیراوە!

*

منداڵانی ئەشکەوت و دەوار و باران!
منداڵانی برسێتی و کڕێوە و یەزدان!
ئەمشەو کامتان لەنێو کڕێوە و بەفرا پێی گرتووە؟
کامتان بە یەکەم گڕوگاڵ
دڵی دایکی پڕ لە روناکی کردووە؟
ئێستا چەنتان فێری وشەی پڕ ئاوازی:
دایە
مەمە
بابە، بووە؟

منداڵانی ئاوارەیی و ئاگرباران
ئەمشەو چەنتان سەری بە بەردێک کردووە؟
خەو دەبینێ
خەودەبینێ: گەورە بووە
ناوی بە شێری هەرد و شار دەرکردووە
لە سەنگەرەکەی باوکیدا
پێشی بە دوژمن گرتووە.
ئاخۆ کامتان ئەمشەو نانوێ
"بۆ رۆژی تۆڵەستاندنەوە خەنجەر دەسوێ"(*)
منداڵانی رەشماڵ و زیندان و بەیان!
فریشتەکانی کوردستان!
.........
بۆ رۆژی تۆڵەستاندنەوە خەنجەر دەسوێ” (*)
لە هۆنراوەیەکی ئەحمەدی شاملو وەرگیراوە


* ئەم شیعرەلە ژمارە (١٨)ی ڕۆژنامەی کولتووری "زەمەن" بڵاوبۆتەوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن