وتار

گه‌نده‌ڵکار.... سزا یان پاداشت

8/9/2019 10:12:00 PM 81 جار خوێندراوەتەوە
ئومێد خۆشناو

 

گه‌نده‌ڵی و پیسخۆری، ئه‌و دیارده‌ کرێت و ناشرینه‌یه‌ زۆربه‌مان له‌سه‌ری کۆکین که‌ نه‌خۆشیه‌کی هێنده‌ پیسه‌ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری نه‌کرێت، وڵات به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بات.


وه‌لێ ئه‌وه‌ی جێگای هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌رکردنه‌ ئه‌وه‌یه، ئه‌رێ مه‌رجه‌ هه‌رچی له‌ کایه‌ی سیاسی و حزبی و ئیداری و حوکمڕانی و به‌رپرسیاریه‌تیه‌ک بێت، گه‌نده‌ڵ و پیسخۆربێت!؟.


به‌داخه‌وه باوه‌ڕی من وایه‌و به‌به‌ڵگه‌وه‌ش قسه‌ ده‌که‌م، که‌مینه‌یه‌ک گه‌نده‌ڵه‌و زۆرینه‌و گشتیش باجه‌که‌ی ده‌دات، بۆیه ئێستا ڕه‌ش و سپی پاک و پیس، خاوێن و دژوون، به‌ویژدان و بێ ویژدان، بێگه‌رد و پڕگه‌رد، هه‌موو به‌یه‌که‌وه‌، مادام کارێکی به‌ده‌سته‌و له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی و ئیداری به‌شداره‌، به‌چاوی پیسخۆر دیقه‌تی ده‌درێتێ.


ئه‌مه‌ش کارێکی گه‌ل خراپ و شه‌رم هێنه‌، ئاخر چۆن ده‌بێ، که‌سێک به‌ باوه‌ڕه‌وه‌ دژه‌ گه‌نده‌ڵ بێ و که‌سێکیش به‌ ئیمانه‌وه‌ پسخۆربێت، له‌نێو یه‌ک وه‌زنی ته‌رازووی ژیان سه‌یر بکرێن؟.


بۆیه‌ من پێموایه باشترین کار بۆ جیاوازکردنه‌وه‌، گه‌نده‌ڵکارو دژه‌گه‌نده‌ڵ بکرێ ئه‌وه‌یه‌ که‌، ساڵانه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو حزب و دامه‌زراوه‌کان مه‌راسیمی پاداشتکردنی ئه‌و که‌سانه‌ بکرێ که‌ ساڵێکی پاقژیان له‌به‌رپرسیاریه‌تی به‌ڕێکردوه‌، مادام ناشتوانین گه‌نده‌ڵکاران سزابده‌ین خۆ ده‌توانین به‌ پاکه‌کان بڵێین ئافه‌رین و ده‌ستان خۆش.


نایشارمه‌وه‌و ڕاستبێژانه‌ قسه‌یه‌کی دڵی خۆم ده‌که‌م، خه‌ریکه‌ ئه‌وانه‌ی به‌رپرسیاریه‌تێکمان هه‌یه‌ له‌ نێو کۆمه‌ڵگه‌ شه‌رم بکه‌ین و هه‌مووان به‌ یه‌ک چاو سه‌یرده‌کرێن، بۆیه‌ پێموایه ده‌بێ هه‌ڵمه‌تێکی ناساندن و ئاشکراکردنی باش و خراپه‌کان بکرێ و ته‌ڕو ووشک به‌یه‌که‌وه‌ نه‌سوتێ.!


من به‌ش به‌حاڵی خۆم ئاماده‌ی به‌رده‌م هه‌ر لێپێچینه‌وه‌و کۆڵینه‌وه‌یه‌کم و بێباکم له‌ هه‌رچی هه‌مه‌ و کردوومه‌و ئاماده‌ی ئاشکراکردن و به‌رچاوو ڕوونیم، نه‌ک ئێستا سه‌د ساڵیتریش بێمنه‌ت و ده‌نگ زووڵاڵم و باکم نیه‌ له‌به‌رده‌م دادگا بیسه‌لمێنم که‌ چۆنم، چونکه‌ له‌وه‌ته‌ی فامم هه‌یه‌ له‌به‌رده‌م دادگای خودای باڵا ده‌ست و وویژدانی مرۆبوونه‌وه‌ سه‌ربه‌رز وه‌ستاووم.


به‌ڵام به‌ڕاستی چیتر حازرنیم له‌به‌ر چه‌ند به‌رژه‌وه‌ندخوازێک و گه‌نده‌ڵێک، له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ باج بده‌م و له‌ ئاستی گشتیشه‌وه‌ زۆرینه‌یه‌ک ببینه‌ قوربانی که‌مینه‌یه‌کی گیرفان وویست.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن