وتار

پێداچوونەوە بە سیاسەتی بەڕێوەبردنی كارەبا

7/14/2019 4:39:00 PM 117 جار خوێندراوەتەوە
ئومێد ئەحمەد

لە بەشەكانی پێشوودا کە لە (ڕۆژنامەی زەمەن)ـدا بڵاومانکردەوە شرۆڤەی بەشێكی زۆر‌و دیاری گرفتەكانی سیستمی كارەبا‌و رێگەچارە تەكنیكیەكان كرا، ژێرخانی كارەبا لە هەرێم سەرباری گرفتەكانی، قەیرانی دارایی، ژێرخانێكی لاواز نییە بەڵكو پێویستی بەتەواوكاری پرۆژە‌و پلانەكانی ناو ماستەرپلانەكەی هەیە.

بەبینینی ئێمە بۆ گەیشتنی سیستمی كارەبا بەكەناری ئارامی، كە هاوشێوەی سیستمە ستاندارد‌و پێشكەوتووەكانی دنیا بێ، پێویستە هاوتەریبی پرۆسەی ئیشپێكردن‌و چاكسازیی، خزمەتگوزارییەكانی كارەبا، چاوخشاندنەوە بكرێت بە سیاسەتی بەڕێوەبەردنی ئەم وزە گرنگە، ئەوەش بە پێكهێنانی كۆمیتەیەكی باڵا لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بە وزە‌و بەدیاریكراون وزەی كارەبا‌و بەسەرپەرشتی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە ئەرك‌و لێپرسراوێتی هەرلایەنێك لەو دەستەیەدا دیاری بكرێ لەپێناوی هەرچی زوە گەیشتن بە ئامانج كە خۆی لە دابینكردنی خزمەتگوزاری كارەبا بەسەرجەمی هاوبەشانی كارەبا بە بەردەوامی‌و بێ‌ گرفت دەبینێتەوە، هەروەها كەمكردنەوەی خەرجیەكان لەسەر حكومەت كە لە رابردوودا بەهەڵە یان بەناچاری بارگرانی بووە لەسەر حكومەت.


پێكهاتەی كۆمیتەی باڵای بەڕێوەبردنی وزەكای كارەبا

سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی سەرپەرشتیاری راستەوخۆی ئەو كۆمیتەیە یان ئەو دەستەیەن، كە چاوخشانەوە بە سیاسەتی بەڕێوەبردنی وزەی كارەبا دەكات‌و لە هەمان كاتدا ئیدارەی وزەی كارەبا دەكات.

وەزارەتی كارەبا
وەزارەتی كارەبا وەكو دامەزراوەیەكی تایبەتمەندی تەكنیكی‌و پسپۆر لەڕووی كارگێڕی‌و زانستیەوە بەپێی ئەو بودجەی ساڵانە بۆی تەرخاندەكرێت هەڵدەستێت بە ئیشوكارەكانی سیستم‌و چاكسازیی‌و جێبەجێكردنی پلان‌و پرۆژەكان لەچوارچێوەی ماستەرپلانی وەزارەتدا.

وزەی كارەبا لە سەرچاوەكانی بەرهەمهێنان بەرهەمدەهێنرێت، پاشان پرۆسەی گواستنەوەی وزەكە‌و لە كۆتایدا دابەشكردنی بەسەر هاوبەشان، كە كاری ئەمانە هەمووی لەلایەن سێكتەری كۆنترۆڵ‌و ئیشپێكردنی سیستم رێكدەخرێ.
رۆژانە‌و مانگانە‌و ساڵانە راپۆرتی تەكنیكی لەسەر بەرهەمهێنان‌و خواست كاتەكانی بوونی كارەبا، گرفتەكان، پێداویستیەكان، دیراسەو لێكۆڵینەوەی زانستی ئامادەدەكرێ، ئیشوكاری فرۆشتنی وزە بەهاوبەشان‌و كڕینی وزە لە وەبەرهێنەران رێكدەخات.

لێرە بەدواوە كاری وەزارەتی كارەبا تەواودەبێت، كە كاری چەندین لایەنی تری پەیوەندیدار بەوزە دەستپێدەكات، كە هەندێجار بەهاوتەریبی ئەو پرۆسانەی كە باسكران هاوبەشن لەبیركردنەوە‌و بڕیار.

چاوخشانەوە بە یاسای وەزارەت‌و هەیكەل‌و بەهێزكردنەوەی ئەو یەكە كارگێڕییانەی كە بەهۆی قەیرانەكەوە هەندێ گۆڕانكاریان لەسەر ئەنجامدرا، كە تارادەیەك كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر بەڕێوەچوونی ئیشوكارەكانی دروست كردووە.
یاسای وەزارەت پێویستە بڕگەیەكی گرنگ لەخۆبگرێ‌ ئەویش بەتاوان هەژماركردنی هەر سەرپێچی‌و زیادەڕۆییەك لەسەر وزەی كارەبا‌و سیستمەكە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، ئەوەش لەپێناوی بەرگرتن لە هەر سەرپێچیی‌و زیادەڕۆییەك لەسەر سیستمی كارەبا.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان

بە سروشتی پرۆسەی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە هەرێمی كوردستان كە 90٪ی توانای بەرهەمەكە لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی وەبەرهێن چنگ ئەكەوێت كە پشت بە سوتەمەنی بەجۆری غازی سروشتی، گازوایل‌و نەوتی رەش دەبەستێت، پێویستە هاوهەنگی تەواو هەبێ لە دابینكردنی بڕ‌و جۆری پێویستی سوتەمەنی لەپێناوی جێگیری توانای بەرهەمهێنان كە جێگری لەبەرنامەی كارەبا‌و خزمەتگوزارییەكان بەرجەستە دەكات، دیاریكردنی هێڵە هاوبەشەكان‌و پلانی رۆژانە، مانگانە‌و ساڵانە بەپێی توانای دارایی حكومەت.

وەزارەتی پلاندانان
هەروەكو چۆن وەزارەتی پلاندان وێنەی گشتی پلانی حكومەت‌و وەزارەتەكان دەكێشێ، لە كۆمیتە باڵاكەدا پێویستە رۆڵی كاریگەرتر ببینیێ‌ لە هاوبەشی لە بیركردنەوە‌و هاوئاهەنگی نێوان خۆی‌و وەزارەتی كارەبا‌و خۆی‌و وەزارەتەكانی تر تایبەت بە سیاسەتی وزەی كارەبا.

وەزارەتی پیشەسازیی‌و بازرگانی
ئەم وەزارەت پێویستە رۆڵی گرنگی هەبێ‌ لە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كارەبا كە كۆنترۆڵی هاوردەكردنی كەلوپەلە‌و ئامێرە كارەباییەكان بەپێی ستانداری رێپێدراو، هەروەها دیاریكردنی بڕوجۆری بار (load)ی كارگە‌و شوێنە بازرگانییەكان‌و دانانی مەرجی تەكنیكی پێویست بەسەلامەتی سیستمی كارەبا بەتایبەتی بۆ ئەو كارگە‌و دامەزراوانەی كە جۆری (load)یان هارمۆنی یان لۆدی خراپە.

وەزارەتی پەروەردە
پێویستە ئەم وەزارەتە هەر لە باخچەی ساوایان تا ئامادەییەكان لە پەروەردەكردنی نەوەكان لەسەر بنەمای رێزگرتن لە وزە‌و بەدیاریكراوی وزەی كارەبا كە ئەچێتە هەموو شوێنەكانی ژیان، ئەم پرەنسیپە بۆ هەموو جۆرەكانی تری سامانە نیشتمانیەكان پیادە بكرێت لە پێناوی دروستكردن سەرخانی مەعریفە‌و هۆشمەندی كۆمەڵگە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ سەروەتە نیشتمانیەكان بەدروستی.

وەزارەتی خوێندنی باڵا
ئەم وەزارەتە لەرێگەی ناوەندەكانی توێژینەوە، زانكۆ‌و پەیمانگاكانی هەرێم كۆڕوسیمینار‌و وۆرك شۆپ رێكبخات، لەسەر وزەی كارەبا، هاوئاهەنگی باشی هەبێ‌ لەگەڵ وەزارەتی كارەبا لە پێناو گرنگیدانی بواری ئەكادیمی بە بواری پراكتیكی‌و مەیدانی كار.

وەزارەتی ئەوقاف
پێویستە ئەم وەزارەتە رێنمایی سەرجەمی ناوەندەكانی خۆی بكات، لە شوێنە ئاینییەكان، مزگەوتەكان، كەنیسە‌و شوێنی بۆنە ئاینییەكان كە ئامۆژگاری بدەن لەسەر بەكارهێنانی وزەی كارەبا‌و سەروەتە نیشتمانیەكان بەشێوەیەكی دروست كە ئیسرافی تیانەكرێت.

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە
پێویستە لێرە بەدواوە ئەم وەزارەتە بەپێی سیستمی ستانداری نەگەیەنەرەكان (العازلیە) بۆ پێكهاتەی دروستكردنی خانوو، كۆشك‌و تەلار‌و باڵەخانەكان كار بكات لەپێناوی بەفیرۆنەچوونی وزە، كە لەسەرەتاوە‌و بۆ یەكەمجار تێچووی دروستكردنی ئەو دامەزراوە‌و تەلارانە زیاد دەكات، بەڵام لە دوور مەودادا لەڕووی ئابوورییەوە قازانجە بەگەڕانەوەی وزەیەكی زۆر، کە سیستمی (العازلیە) جێبەجێ بکرێت.

رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌و راگەیاندن

ئەمانیش بە رۆڵی خۆتان دەتوانن هاوكار‌و هاوئاهەنگ بن لەگەڵ حكومەت‌و وەزارەتەكان لەرێگەی چالاكییەكان، كاروپرۆژەكان، بابەتی هۆشیاری‌و كاركردن لەسەر سەرخان‌و مەعریفە‌و ئاراستەكردنی كۆمەڵگا، بەوەی پەیوەندی تاك لەكۆمەڵگا‌و كۆمەڵگاش بەدامودەزگا گشتیەكان‌و سەروەتی نیشتمانی بەهێز بكەن.

كۆنترۆڵكردنی خواست
demand control                     

لەئێستادا لە تەواوی وڵاتانی دنیا‌و لەسیاسەتی بەڕێوەبردنی وزەدا سەرباری پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا‌و پێداویستییەكانی ژیان كە بە ئۆتۆماتیكی خواست لەسەر وزەی كارەبا زیاد دەكات، ئەوەندەی كار لەسەر زیادكردنی بەرهەمهێنان‌و فراوانكردنی تۆڕی كارەبا دەكرێ دە هێندە لەسەر كەمكردنەوەی بەكارهێنان‌و كۆنترۆڵی خواست دەكرێ، چونكە ئەم پرەنسیپە جگە لایەنی ئابووری، پارێزگاری لە ژینگە بەهەموو جۆرەكانیەوە دەكات‌و قەرەباڵغی دامەزراوەكان پێویستی بە زەوی‌و شوێن هەیە رێگری‌و بەیەكاچوون لەگەڵ سێكتەرەكانی تری ژیان دەكات.

لە هەرێمی كوردستان بەپێی قۆناغەكان لەڕووی بەرهەمهێنانی جۆری سوتەمەنی بەكارهاتوو نرخی یەك كیلۆ كاتژمێر وزەی كارەبا لەسەر حكومەتی هەرێم لەنێوان 150 بۆ 200 دینار بووە، بەڵام بەنرخی (10٪ تا 50٪) فرۆشراوە بە هاوبەشان، ئەمەش وایكردووە كەرتی كارەبا خەرجیەكان زۆر بێت‌و بارگرانی لەسەر بودجەی حكومەت دروستبكات، هاوكات خزمەتگوزارییەكەش نەگاتە ئاستی پێویست.
وەزارەتی كارەبا‌و حكومەتی هەرێم گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە پێویستە لێرە بەدواوە بەربگیرێ لەو خواستە نائاساییەی لەسەر وزەی كارەبا هەیە.

پێوەری زیرەك‌و تۆڕی زیرەك
Smart meter and amart grid

پرۆژەی پێوەری زیرەك بۆ سیستمی كارەبای هەرێمی كوردستان تاكە رێگەچارەی زانستی كۆنترۆڵی خواستی‌و گەیشتنە ئامانجی دابینكردنی 24 كاتژمێری كارەبا‌و هەبوونی یەدەگ لە ئایندەدا‌و بەستانداردبوونی سیستمەكە، چونكە تەواوی تەكنیكی چارەسەری بۆ دادەنرێ، هەروەها هەر سەرپێچی‌و زیادەرۆییەك لەسەر تۆڕی كارەبا ئەنجامدرابێت دەریدەخات‌و كۆتایی پێدەهێنێ‌.

سەرەڕای ئەوانە كاروباری دابەشكردنی وزە، پرۆسەی كڕین‌و فرۆشتن، بە سیتسمكردنی چاكسازی‌و بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان رێكدەخات.

لە ئایندەدا دەكرێت سیستمی پێوەری زیرەك لە سیستمی سكاداوە ببەسترێـەوە، بەوەش جێگری لە سیستمەكەو روونەدانی كوژانەوەی گشتی‌و بچڕانی خزمەتگوزارییەكان بەرجەستە دەبێت، چونكە لە حاڵەتی هەبوونی هەر گرفتێ‌ لە سیستم “بەرهەمهێنان، گواستنەوە، دابەشكردن” بەكارهێنەران‌و هاوبەشانی كارەبا سنووردار ئەكرێ لەبەكارهێنان تا گرفتەكە چارەسەر دەبێت، بەڵام كوژانەوە‌و پچڕانی وزە روونادات، سیستمەكە خۆی بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی رێكدەخات بۆیە پێی دەوترێت سیستمی زیرەك.

سیستمی سكادا scada system
سیستمی سكادا واتە سەرپەرشتی‌و كۆنترۆڵ‌و كۆكردنەوەی داتا‌و زانیاری، كە سیستمێكی كۆمپیوتەرییە‌و لەسەنتەری كۆنترۆڵەوە ئیدارەی سیستمی كارەبای پێدەكرێت.

لە ئێستادا هەوڵێك هەیە بۆ سەرەتاكانی دروستكردنی ئەو سیستمە لەرێگەی پرۆژەیەكی بچووك لە وەزارەت بە (mine scada) ناوزەند دەكرێت، كە پێویستە لە ئایندەدا بۆ تەواوی سیستمەكە بەشێوەیەكی پێشكەوتوو جێبەجێ بكرێت هەم بۆ بەڕێوەبردنی سیستم لەلایەك هەمیش بۆ تەواوكاری ئامانجەكانی (smart meter‌)و بەرجەستەكردنی تۆڕی زیرەك  (smart grid).

وزە نوێبووەكان
ئەم جۆرە لە وزە لە دنیادا بە وزەخاوێنەكان ناوزەند دەكرێن، چونكە پرۆسەی بەرهەمهێنان كەمترین زیان بە ژینگە دەگەیەنێ یان هەر زیانی نیە، دیارترینیان وزەی خۆر (solar energy‌)‌ و وزەی با (wind energy)یە.
بە واقعی هەڵكەوتەی جوگرافی هەرێمی كوردستان كە نزیكەلە هێڵی ئیستوا رێژەیەكی باش لە چڕی تیشكی خۆر هەیە.

لێرەو لەوێ‌ لەسەر ئاستی تاكەكەسی كاری لەسەركراوە، لە ئێستاشدا وەزارەت پێشوازی لەچەند پێشنیار‌و پرۆژەیەك دەكات كە هەندێ كۆمپانیا كردویانە‌و پاش دیراسە ئەگەر زۆرە هەنگاو بە ئاراستەی بیناكردنی چەند وێستگەیە بنرێت.

 


شارەزا لە ئیشپێكردن‌و كۆنترۆڵی سیستمی كارەبای هەرێم



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن