وتار

چ جۆرە حکومەتێکمان پێویستە

7/4/2019 9:09:00 AM 85 جار خوێندراوەتەوە
عەبدوڵڵا محەمەد ئەمین

وا چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کابینەی نۆیەم پێکبهێنرێت، پرسیاری جدی لەبەردەم ئەم کابینەیەدا ئەوەیە، ئایا ئەم کابینەیە دەیەوێت چیبکات و دەتوانێت چیبکات، ئایا دەتوانێت قەیرانەکان چارەسەر بکات و هەنگاو بنێت بۆ قۆناغی گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی، ئایا دەتوانێت حکومەتی هاوڵاتیان بێت و یاسا سەروەربێت، یان حکومەتی پارت و کەسە دەستڕۆیشتووەکان دەبێت؟ ئایا دەتوانێت دۆخێک دروست بکات خەڵکی لە جیاتی مردن لە ئاوی ئیجە و ڕێگەی هەندەران، مانەوە لە کوردستان هەڵبژێرن؟ ئایا دەتوانێت کارێک بکات خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان نەبن بە خەون لەلای تاکی کوردستانی، دەتوانێت دۆخێک دروست بکات هەندێک بەناو بازرگان چیتر ژەهر بە ناوی دەرمان و خۆراک و دووکەڵی سوتەمەنی سەقەت نەکەن بە قورگی ئەو میللەتەدا، ئایا ئەم کابینەیە دەتوانێت لە دۆخی ئاسایشی کۆمەڵایەتی میللەتەکەمان تێبگات کە موادی هۆشبەر‌و تەکنەلۆجیا و قومار خەریکە هەڵی دەتەکێنن...هتد.


‎حوکمڕانێتی باش، دەتوانێت کاری گەورەبکات، دەتوانێت شکۆمەندی بخوڵقێنێت، لێرەدا بە کورتی باسی کۆڵەکەکانی حوکمڕانێتی باش دەکەم:
‎1 سەرەوەری یاسا: واتە یاسا مەرجەع بێت و بەبێ هیچ بەدەرکردنێک بەسەر هەمواندا بەیەکسانی بسەپێنرێت، لەکاتی سەرەوەرنەبوونی یاسادا دۆخی پاشاگەردانی و دەسەڵاتی هێز حوکم دەکات، بەمەش ناعەدالەتی‌و گەندەڵی دروست دەبێت و شتێک نامێنێ بە ناوی حوکمڕانی، بەڵکو دەبێتە دۆخی دەست بەسەرداگرتن و زەوت کردن، ئەوکات تاوان و تاوانکار بە ئاسانی و بە ئاسایی دەبینرێت بەبێ بوونی سزا، لە دواییدا ئەمە سەردەکیشێت بۆ نەمانی ئینتیما و متمانە لەنێوان هاوڵاتی و دەسەڵاتدا.


‎2 بەشداریکردن: پێویستە بەڕێوەبردنی وڵات لەلایەن چەند کەسێک‌و بەلۆژیکی پێم باشە و بەکەڵکم دێت وڵات بەڕێوەنەبەن، بەڵکو خەڵک بە شێوازی جۆراوجۆر بەشداربێت لە بەڕێوەبردنی وڵات و دروست کردنی بڕیار، بەجۆرێک سیاسەت و بەڕێوەبردن بەدامەزراوەیی بکرێت و دامەزراوەکان و سەندیکاکان وڵات بەڕێوەبەرن.


‎3  پرسینەوە: پرسینەوە گرنگە بۆئەوەی بزانرێت کارەکان بەپێی پلان و بە قانون ئەنجامدراون یان نا، مادام مرۆڤ کارەکان بەرێوەدەبات کەواتە هەڵەکردن و لادان شتێکی گریمان کراوە، ئینجا بەمەبەست بێت یان بێ مەبەست، بۆیە پرسینەوە هەر بۆ ئەوە نییە کە سزادان هەبێت، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە هەڵەکان راست بکرێنەوە، هەروەها لە ئەگەری نەمان یان لاوازیی پرسینەوەدا لادان دەبێت شتێکی ئاسایی و هاوڵاتی‌و سیستمی حوکمڕان توشی زیانی گەورەدەبێت، بۆیە نەک پرسینەوە، بەڵکو پرسینەوەی ماوە کورتیش پیویستە.


‎4 شەفافیەت: گەیاندن و دەستکەوتنی زانیاری لەلایەن ئەوانەی گرنگی بە بابەتێکی دیاریکراو دەدەن لە کارە هەرە گرنگەکانی حوکمڕانێتی باشە، کرانەوەی دامەزراوەکان و ڕوونیی لە پرۆسەی حوکمڕانێتی و دروستکردنی بڕیاردا کۆڵەکەیەکی گرنگی حوکمڕانێتی باشە.


‎لە کۆتایدا دەمەوێت بڵێم هەرێمی کوردستان داهاتی ماددی و مرۆیی ئەوتۆی لەبەردەستە، کە بتوانێت حوکمڕانێتیەکی باش بونیاد بنێت، ئەگەر نیەت هەبێت، ئەگەر ئەو کارە نەکرا دیارە نیەتی نەبووە لەبەرئەوەی کارەکان شوناسی نیەتەکانن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن