وتار

دۆخی ناوچە کوردستانییەکان لەپاشەکشەیەکی مەترسیداردا

6/8/2019 8:34:00 PM 40 جار خوێندراوەتەوە
شیرین ئەمین

 

 

ھاتنی داعش لەساڵی (2014) تا خیانەتی (16)ی ئۆکتۆبەر وردتر خوێندنەوە بۆ دۆخی ئەم ناوچانە بکەین دەستنیشانی مەترسییەکانی ئەم دۆخە بکەین راستییەکی حاشا ھەڵنەگرە گەر بڵێن ئەم دۆخە درێژکراوەی ھەمان ساتی (16)ی ئۆکتۆبەرە، بەڵام قۆناغ بەقۆناغ، چونکە لەسایەی مەرامی شەخسی بەرپرسە باڵاکانی نێو یەکێتی بینیمان چۆن لەماوەی کەمتر لە (48) کاتژمێر (51٪)ی خاکی کوردستانیان تەسلیم بە نەیاران کرد، بەئاشکراو بەپێش چاوی ھەموانەوە لەوناوچانە پاشەکشە بەھێزەکانی پێشمەرگە کرا! تاکار گەشت بەوەی رۆژ بەڕۆژ کورد لەو ناوچانە لەپاشەکەشەی خاک و نەتەوەدان ژیان و ماڵیان لەژێر ھەڕەشەو مەترسیدا درێژە پێ دەدەن!.

 


ئەم دۆخە لەم ماوەیەدا بەدیاریکراوی چەقی بەستوە کوردانی ناوچە کوردستانییەکان ھاوشێوەی منداڵ جارێکی تر بێ باوک و بێ ناز بێ پشت و پەناو بێ ناسنامەو نیشتمان پێناسەی خۆیان دەکەن، لەوەتەی دەغڵودانی جوتیاران گەشتۆتە بەرھەم دەسوتێنرێن و خاکی کشتوکاڵییان بۆمبڕێژ دەکرێت و رەنجیان بەبا دەدرێت..، بەناوی داعشەوە بەئاشکرا داوای باج و سەرانەیان لێ دەکرێت!

 


لە پێش چاوی ھێزە ئەمنییەکانی ئەو ناوچەیەوە بەئاشکرا کورد دەکوژرێت خاک دەسوتێنرێت رەنجی جوتیار بەھەدەر دەدرێت، بەڵام نە حکومەتی ھەرێم نە حکومەتی ناوەند نە ھێزە ئەمنییەکانیش وەڵامی ئەم پرسانە لەخۆیان ناگرن و ناپرسن ئاخۆ: 


کێ سەرچاوەی سەرەکی ھەڵگیرسانی ئەم دۆخەیە، داعشە یا بەھاوکاری حەشدی شەعبیە، کێ ھاندەرو پشتیوانیانە؟
ئایە ئەمە دەستێوەردانی دەرەکییە یان ئامانجی ناوخۆییە؟
بێ ھەڵوێستی بەرپرسانی کورد لە پای چییە؟

 


ئەم روداوانە ھەر لەچوارچێوەی کاری تیرۆرستییە یان شوڤێنێتی عەرەبە! دەبێت لەپشت ئەم روداوانە چ خۆی مەڵاس دابێت کە ئەو دەستە ھێندە بێ ترسە رۆژ بەڕۆژ درێژتر دەبێت، دەبینین سوتاندنی دەیەھا دۆنم زەوی کشتوکاڵی ناوچەی شەنگالیشی گرتۆتەوە، بۆ بەسوتاندنی سەدەھا دۆنمی کشتوکاڵی دەستی پشتەوەی ئەم روداونە ئاشکرا ناکرێت ئایا رۆڵی ھێزە ئەمنییەکانی ئەم ناوچانە چیە؟

 


گەر کۆی ئەم تاوانە بخرێتە ئەستۆی داعش ھیچ مەنتیق نییە و داعش بەتەواوی لاواز بوە، لەکاتێکدا بەئاشکرا دەبێنێرێت دیاردەی تەعریب سەریھەڵداوە عەرەبی ھاوردە شوێنی ماڵ و حاڵی کوردنشینەکان دەگرێتەوە بەمەش ئامانجی شۆڤێنی تەعریب کردن سەرکەوت و دەبێت، بەتایبەت کە بڕیارە عێراق سەرژمێری ئەنجام بدات لەساڵی (2020) گەر سەرژمێر بکرێت دەبێت دۆزی کورد بگات بەکوێ، چ بەدوای خۆیدا پەلکێش بکات؟

 


گەر بەم شێوازە حکومەتی کوردی و بەرپرسانی کورد لەبەغدا  بەفراکسیۆنە کوردییەکانیشەوە لەئەنجومەنی عێراق ھەنگاو بھاون بۆ دۆزی کورد بەتایبەتیش مادەی 140، بەڕاستی تا کورد لەو خەوە شیرینە بەئاگا بێتەوە سەرو ماڵی بە با دەڕوات  تا ئەم ئانو ساتە سەرکردایەتی کور وەک ئەوەی لەگوێی گا نوستبێت بۆیە چارەسەریش زۆر قورس و ئاڵۆزتر دەبێت.



بەداخەوە بەئێستاشەوە سیاسییەکانی کورد نە لە کوردستان نەلەبەغدا یەکگوتارو یەکگرتو نین ئەمش گۆمی کێشەکانی کورد لەڕوی نەتەوەی خاک و ئابورییەوە دەشڵقێنرێت ھیچ ڕێگایەکی جدی بۆچارەسەری ئەم پرسە بەپێی پێویست و لەئاستی بەرپرسیارێتیدا ھەنگاوی بۆ نەھاوێراوە، رۆژ بەڕۆژیش کێشەکانیش لەبری چارەسەر ئاڵۆزتر دەبێت ھیوادارم بەرپرسانی کورد وەک ئەونەزانە مامەڵە نەکەن  بۆئەوەی دەستی بگات بە بەرھەمی دارەکە، خودی دارەکەی بڕییەوە.


* ئەندامی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن