وتار

خەتای نەخۆشە یان پزیشك؟

5/23/2019 8:49:00 PM 41 جار خوێندراوەتەوە
د. ئیكرام حوسێن

 

لەوەدا تاكی كورد، مەخلوقێكی دەگمەنە كە خۆشحاڵ نابێت بەوەی پزیشك پێی دەڵێت نەخۆش نییە بەڵكو دەیەوێت بە لیستێكی دەرمانەوە بچێتە دەرەوە، ئەڵبەتە هەمووشمان وا نین، بەڵام ئیتر ڕەمەزان دەریدەخات كێ نەخۆشەو كێش ئالوودەی دەرمان‌و پزیشك‌و نەخۆشخانەیە بێ ئەوەی نەخۆشبێت.


پێش‌و دوای رەمەزان نەخۆشخانەكان‌و هەندێك لە كلینیكەكانیش سیخناخ دەبن لە نەخۆش، بەڵام لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان، ئیتر دەبنە چۆڵەوانی، یان ئەگەر وایش نەبێت ڕێژەی نەخۆش بۆ نیوەو خوار نیوە دادەبەزێت، بۆچی؟


ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنییان هەیە، چارەسەرو پشكنینی رێكخراویان هەیەو مانگانە یان ئەو كاتانەی پزیشك بۆیان دیاریدەكات سەردانی پزیشكەكانیان دەكەن، هەرچی ئەوانەی تووشی حاڵەتی لەناكاو دەبن، روودەكەنە نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن، هەرچی ئەوانەیشن كە نەخۆشی ساردییان هەیە، واتا حاڵەتەكانیان كتوپڕ نین‌و پێویستیان بەچارەسەری خێرا نییە، لە رەمەزان‌و دوای رەمەزانیشدا هەر سەردانی پزیشك‌و نەخۆشخانەكان دەكەن، بەڵام لەو كەینو بەینەدا ژمارەیەك نەخۆش دەمێننەوە، كە نەخۆش نین، ئەوانەن كە نەخۆشخانەو كلینیكەكانیان پڕكردووە، كاتێك پزیشك پێیان دەڵێ نەخۆش نین، موویان كرژ دەبێ لە جێی ئەوەی ڕوویان بگەشێتەوە، كاتێك دەرمانیان بۆ نەنوسێت دڵگران دەبن لە جێی ئەوەی دڵخۆش ببن، ئەو جۆرە نەخۆشانە بەیەك‌و دوو پزیشك باوەڕیان نییە، چەند پزیشكێك تاقیدەكەنەوە، تا بەپزیشكی دڵخوازی خۆیان دەگەن‌و عەلاگە دەرمانی خۆیان دەستدەكەوێت.


لەوانەیە هەر یەكێكمان بپرسین لەوەی كاتێك نەخۆشێك نەخۆش نییەو دەرمانی بۆ دەنووسرێت خەتای پزیشكەكەیە یان نەخۆشەكە، بێگومان خەڵكی زیاتر توانجییان بۆ پزیشكەكەیە، بەڵام گوناهی نەخۆشەكانیش كەمتر نییە لەو پزیشكە چاوچنۆكانە، ئەی ئەو نەخۆشانە لەم مانگی رەمەزانەدا كوان و لە كوێن؟ ئەگەر ئەوەندە باری تەندروستییان باشە ڕۆژووگرتن رێگەی هاتنیان پێنادات بۆ نەخۆشخانەكان، كەواتە ئەوانە نەخۆش نین، بەشێكی خەتای گەورەشیان دەكەوێتە گەردن، سەریان نایەشێت‌و پەڕۆی پێوە دەبەستن.


 ئێمە لە وڵاتێك دەژین چاودێری كلینیك‌و نەخۆشخانە ئەهلییەكان نزیكەی سفرە، لەگەڵ ئەوەی پزیشكی بەویژدان‌و مرۆڤدۆست‌و زۆر باشیشمان هەن، ژیانی خۆیان بۆ زانستی پزیشكی‌و بۆ خزمەتی نەخۆش تەرخانكردووە، بەڵام بێگومان هەندێك پزیشك‌و دەرمانفرۆشیش مەلەكردنیان پێخۆشە لە ئاوی لیخندا، ئەوانە دەرمان‌و نەشتەرگەری ناپێویست بەسەر خەڵكیدا دەدەن، زیاتریش بەسەر ئەو خەڵكانەی نەخۆش نین‌و هیچ كاریان بەپزیشك‌و نەخۆشخانە نییە.


لەم‌و لەو گوێمان لێدەبێت نەخۆش دادو نادادیەتی لە دەست پزیشك، كە هەر جار دەچێتە لای پزیشكێك عەلاگەیەك دەرمانی بۆ دەنووسێت، بەڵام ئەوەی سەیرە ئەو پزیشكانەی كەمتر دەرمان دەنووسن‌و تا نەزانن نەخۆشەكە بەڕاستی پێویستی بەو دەرمانەیە بۆی نانووسن لای خەڵك خۆشەویست نین، كلینیكەكانیشیان چۆڵن‌و هەر لەبەر ئەو نەنووسینی دەرمانە خەڵكی كەمتر ڕوویان تێدەكات، جا بە ویژدانەوە بڵێن، عەلاگە دەرمانی ناپێویست خەتای پزیشكە یان خەڵك؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن