حەسار و سەگەکانی باوکم
12:30 - 19/05/2019
"زەمەن"
ئاسۆ بیارەیی
رۆمانێک وێنای باوکسالاری و دەرهاویشتەکانی دەکا. شێرزاد حەسەن، هەرچەندە لە نزیکەوە ئاشنای نیم، بەڵام بەرهەمەکانی، سەلیقەی نووسینی، قوڵبوونەوەی لە باسکردنی دۆزە کۆمەڵایەتییەکاندا، بوێری و ئاسۆی بینینی دەبێتە باشترین ئامرازی پێناسینی خۆی.
رۆمانی “حەسار و سەگەکانی باوکم” یەکێکە لە شاکارەکانی ئەو نووسەرە کە پەنجەی خستوەتە سەر ئەو برینانەی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە مێژە پێوەی دەناڵێنن. باوکسالاری، باڵای دەستی و دەسەڵاتی و نێرینە، بە وێنای نووسەرو باسکردنی دەسەڵاتی نێرینە لە جومگەکانی ژیانی ئاسایی و دیرۆکیدا، دەگاتە ئاستی پێغەمبەر: “هەر پیاوەو لە حەساری خۆیدا پێغەمبەرە” (بڕوانە ڕۆمانی ناوبراو لا١٨). ئەم پێناسەیە لە جێگەی خۆیدایەو تەواو لە فەرهەنگی بەشێکی بەرینەی پیاوەکانی کۆمەڵگە داخراوەکاندا ڕەگی داکوتیوە.
لەبیرمە باوکم* حەمە ڕەشید هەورامی، کە کەسێکی چەپ و بڕوای بەیەکسانی نێوان مرۆڤەکان بوو، ئافرەتی بە سەرچاوەیەکی گرنگی دامەزراندنی شارستانی دەزانی، کە هاوکاری دایکمی لە کاروباری ناوماڵ دەکرد، دەبووە جێگەی گازندەی خزمانمان و هەندێکیان دەیانوت تۆ هاوسەرەکانمان لێ هاندەدەی.
دەگەڕێمەوە سەر ڕۆمانەکەی شێرزاد حەسەن “حەسار و سەگەکانی باوکم” و چۆن باسی نێرینەی کوردیی کردوە، کە چۆن پاڵەوانی ڕۆمانەکەی خۆی بە شێرێک دەزانێ و دەبێ هەرچی کردبێ، تا بۆی بکرێ، ژیناتەکانی خۆی فراوان بڵاوبکاتەوە. حەساری نووسەر، تابلۆیەکە باسی سەکتریزمی دەسەڵاتی پیاوێک دەکا، کە چۆن کۆمەڵێکی ژنی لەنێوان شورای کۆشکێک زیندان کردوەو کەس ناوێرێ بڵێ لەل. سەرۆکی سەکتی قەڵای حەسارێ، بە ئارەزووی دڵی خۆی کام کیژو ناسک و کەزی و پرچێکی و جوان فریشتەیە، بۆخوی دایبنێ و چێژی لێوەرگرێ.
“ئەو کەڵەگایە هەرساڵەی دەستی لەدوو سێیەک بەردەدا و ژنی دیکەی مارە دەکرد... بۆهیچ کەس نەبوو لەدەرەوەی حەسارب مرێت ل٢٠”.
لە هەر کوێیەکی ئەم ڕۆمانە، خوێنەر هەڵوێستە وەرگرێ، پەی بە ئێستگەیەک دەباو بۆی ڕون دەبێتەوە کە چۆن نووسەر، توند سەرکۆنەی نێرسالاری دەکاو زیانە هەمەلایەنەکانی لەسەر تاکی کورد دەخاتە ڕوو. هەژمونی ئەو پیاوسالارییە، وای کردوە تەنانەت ژنانیش، بۆ ئەوەی بژین و لەلایەن کۆمەڵگەوە پەسەندبکرێن، گیانێکی نێرانەیان هەبێ و بە چاوی بەزەییەوە سەیری ئەو ئافرەتانە نەکەن کە پێوەرەکانی پیاوسالاری دەشکێننو بخوازن تام لە ژنیەتی خۆیان وەرگرن. زیندانکردنی “زێبا” تەنها لەبەرئەوەی تریفەی مانگەشەو فریوی داوەو ویستویەتی (بڕوانە ل٢٢)، سنگ و مەمۆڵەی بۆ کەمێکیش بێ ڕەها کا، شیاوترین نموونەیە کە ئافرەت و تاکی کورد لە چ کارەساتێکی کۆمەڵایەتی، بەهۆی باوکسالارییەوە، ژیانی قورس بەسەر دەبەن.
نووسەر باسی ئەوە دەکات کە چۆن ئافرەتەکانی پشت شوارەکانی حەسار، بۆ شاردنەوەی گریان و فرمێسکەکانیان، لە ترسی دێوەزمەی بابسالاری شانشینی قەڵا، پەنایان بۆ پاکردنی پیاز بردووە، تاکو کەس هەستیان پێ نەکات و تووشی سزا ببنەوە. ئەمە لەڕووی دەروونییەوە دووکەرتبوونی کەسێتییە.
ئەم ڕۆمانە بۆ خۆی شرۆڤەیەکی کۆمەڵایەتییە - دەروونیی تۆکمەیە، دەکرێ پشتی پێببەسترێ، تاکو دەرهاویشتەو زیانەکانی باوکسالاری - تاکڕەوی بیرکردنەوە، بۆ بەشێکی فراوانی تاکەکانی کۆمەڵگە ڕونبێتەوە، لێ باوکسالاری ئامرازی چەپاندنی هەست و چێژو ڕمکە سروشتییەکانی مرۆڤە، بگرە ئامرازێکی ترسناکە بۆ یەکتر نەبینین و تێکدانی ئاشتەوایی پێکهاتەکانی کۆمەڵگە. ئێ کێ دەسەڵاتی داوە بە مرۆڤێک ئەویدی، لەسەر ئەشقبازییەک، دەمشکێن و کۆت و زنجیر بکا؟ئازادی لەناخی مرۆڤەکان ڕیشەکێش بکا؟ بۆخۆی ڕەواببینی، جوانترین کیژی دنیا ناچاری ئارەزووەکانی بکا؟
ئەم ڕۆمانە پرسیارگەلێکی لە کۆمەڵگەیەکی داخراوی وەک کوردیدا وروژاندوە، کە جێگەی نەک تەنها دەستخۆشییە، بەڵکو هاندەرێکە بۆ درێژە پێدانی ئەو ڕێبازە نووسینەیە، تاکو ئافرەتی کوردیش، بەوپەڕی بوێرییەوە بتوانێ، بڵێ منیش بوونم هەس، هەمان هەست و نەستی پیاوانم هەیە، مرۆڤبوونی خۆی بسەلمێنێ و نەبێتە ڕێگر لە ژیانی ئاسایی کەنیشک و نەوەکانی دی و نێرانە بژی.
* ماستەرلەدەروونناسیکۆمەڵگە