تەکنیکی نوێکارانەی ڕۆمانی گۆڕەشار
03:42 - 01/06/2020
حەمە مەنتك
جێی دڵخۆشییە ئەزموونگەلی
وەها لە نووسینی ڕۆماندا هەن، کە بە بڵاوبوونەوەی ڕۆمانێکی تازەیان ئیدی فیکرت
بۆوەی دەچێت، دەبێ ڕۆمانێکی جوایەزتری لەوانی پیشتر نووسیبێت. بۆ من هەر کات ناوی
سەیدقادر هیدایەتی دەبیستم فیکرم بۆ لایەنی تەکنیکی ڕۆمان دەچێت. لە کن هیدایەتی
نووسینی ڕۆمان یانی تەکنیک، چەمکگەلی وەکوو: سیاسەت، زمان، دەزگە، خوێن لە ڕێی
تەکنیکەوە ڕەهەندی قووڵیان پێ دەبەخشێت، بەڵام لە ڕووکاردا سادە و سانا دەردەکەون.
کەواتە تەکنیک دەتوانێت بەردەوام ئەزموونی جوایەزمان نیشان بدات. ڕۆمانی گۆڕەشاری
سەیدقادر، ڕۆمانێکە هەر لە یەکەم ڕستەوە خوێنەر تووشی شۆک دەکات، تووشی دڵەڕاوکێ و
سەرلێشێواوی دەکات، چونکە خوێنەر تەنێ گوێی لە دەنگ دەبێت، بەبێ ئەوەی کارەکتەر
وەکوو جەستە بوونی هەبێت. لە یەک کاتتدا چەندین دەنگ تێکەڵاو دەبن و قسە دەکەن.
تێکستی ئەم ڕۆمانە هەمووی لەسەر دایەلۆگ ڕۆنراوە، بەڵام بە فۆرم و شێوازێکی نوێ،
دایەلۆگێک لە یەک وەختدا چەند کەس قسە دەکەن و تۆی خوێنەریش دەبێت تەقەڵڵا بدەی بۆ
ئەوەی ناسنامە بە هەر یەکێک لەو دەنگانە ببەخشی.
هەموو کارەکتەرێک لەناو
ڕۆماندا کارەکتەرێکی کۆمەڵایەتییە، ئەمە قسەی باختینە، ڕۆمانیش بە جیهانی ململانێی
ئایدیۆلۆجاکان ناو دەبات. لەم ڕۆمانەدا کۆمەڵێک دەنگ هەن، خوێنەر هەست بە جەستەی
هیچ یەکێک لەو کارەکتەرانە ناکات، بەڵکوو تەنێ دەنگیان دەخوێنێتەوە و دەبیستێت.
بۆیەیش ئەرکی خوێنەرە هەم ناسنامە و هەم وێنای جەستەی هەر یەکێک لەو کارەکتەرانە
بکات. ئەوەی زۆر جێی سەرنجە لە ڕێی چۆنیەتی پەیڤینەوە خوێنەر ناسنامە و شوناس بەو
کارەکتەرانە دەبەخشێت. چونکە لە یەک وەختدا باسی ماریا، ماسی و لەناکاو دەنگی
گۆرانییەک و ئەوجارە ئایەتێکی قورئان و..تاد دێت. بۆیەیش هەر کارەکتەرێک لەم
ڕۆمانەدا گەر ناویشی نەبێت، خوێنەر دەتوانێت لە ڕێی شێوازی قسەکردنیەوە
بیناسێتەوە. واتە ئەرکی ناسینەوەی کارەکتەرەکان، یان وردتر ئەرکی پێدانی ناسنامە
بە کارەکتەرەکان وەئەستۆی خوێنەرە. خوێنەر لەم ڕۆمانەدا ئامادەییەکی تەواوەتی
دەبێت، چونکە بەشدار دەبێت لە داڕشتن و فۆرمەلەبوونی کۆی بنیاتی ڕۆمانەکە. لە کاتی
خوێندنەوەدا نە ڕۆماننووس، نە وەگێڕ پێمان ناڵێن ئەوە کێیە دەپەیڤێت، هاوکات هیچ
جێناوێکی سەربەخۆش دیار نییە، بەڵکوو ئەوەی هەیە ڕستەیە، قسەیە، ئەرکی خوێنەرە ئەم
ڕستانە بە خاوەن بکات و بیداتە پاڵ کەسێک. ئەم ئەرکە زۆر زەحمەتە، بەڵام خوێنەر
دەبێت لە ڕێی شێوازی ئاخاوتنەوە، تایبەتمەندی قسەکردنەوە قسەکان بناسێتەوە و
بیداتە پاڵ هەر کارەکتەرێک. دەبێ دان بەوەدا بنێم، سەرلەهەوەڵ کارێکی فرە زەحمەت
بوو، دواتر ئاسان دەبێت، چونکە ناچارین شێوازی قسەکردنی هەر یەکێکیان بناسینەوە.
بۆ نموونە قسەکانی ئازاد لە ڕێی زمانگرتنەوە دەناسینەوە. مام خەفوور وشەی هینە زۆر
بەکاردەهێنێت. قسەکانی دوکتۆرە دەروونناسەکە بە وشەی وانێکە دەناسینەوە. ماریا
بەردەوام لە ڕێی زەینی ئازادەوە قسە دەکات و قسەکانیشی زۆربەی پرسیارن، چونکە
دەیەوێ ڕۆمانێک بە ناوی گۆڕەشار بنووسێت. سۆعدای دایکی ئازاد زۆر ژنانە قسان
دەکات. سەعدوڵلا زمانشڕە و توڕەیە. نیشتمان بەردەوام ئایەتی قورئان دەهێنێتەوە و
باسی ئایین دەکات. کەواتە ئەرکی پێدانی ناسنامە و شوناس لە دەسەڵاتی خوێنەردایە و
دەبێ خوێنەر ورت و زیرەک بێت، دەنا دەنگەکان هێندە تێکەڵن ناسینەوەیان ئەستەمە.
کات هەمان شێوەی دەنگەکان
تێکەڵە، لە یەک وەختدا چەند چەند کاتێک تێکەڵ دەکرێت و جوێکردنەوەی وەئەستۆی
خوێنەرە. ((چا ڕۆڵە گیان، بابا، بابا. دوو بەشە. دا بڵی بابا. ئاغا. ئەو کوڕە زۆر
سەیرە دەلێم بڵێ بابا دەڵێ ئاغا. ساڵگاری ئەوساڵ دیقی پێ کردم هیچ فێرنەبووە هیچ.
هیچ فیر نابی هیچ. هەموو ڕۆژێک لە کلاس کوندەیەکیش میز دەکا.)) [گۆڕەشار: ٢٩] لە
زۆر جێی تریشدا کاتی ئێستای گێڕانەوە لەگەڵ کاتی ڕابردوو، یان داهاتوو تێکەڵ
دەکرێت، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک، هێمایەک بۆ ئەوە بکرێت، کە کارەکتەر
دەیەوێ بۆ ڕابردوو بگەڕێتەوە، بەڵکوو لە دەمی قسەکردندا یەکراست گێڕانەوە دەکەوێتە
دەست دایکی، یان باوکی، یان نشتیمان و ڕووداوەکە لە کاتی ڕابردوودا دەگێڕێتەوە. لە
زەینی ئازادەوە چەندین کات تێکەڵ دەبن. ئەم تێکەڵبوونە خاسیەتی ڕۆمانی نوێ و
پۆستمۆدێرنەیە، هەوڵیکە بۆ شکاندنی کاتی کرۆنۆلۆجی ناو دەق، چونکە لە ڕۆمانی
کلاسیکدا کارەکتەر و دەق ملکەچی جۆرێک لە کات دەکرێن، کە ناتوانێ لەو کاتە لا
بدات، چونکە ئەوە دەسەڵاتی ڕۆماننووس و وەگێڕی هەمووشتزانە شتەکان هەڵدەسوڕێنێت،
بەڵام لە ڕۆمانی نوێدا ڕێ دەدرێت لە یەک کاتدا (کاتی گێڕانەوە) چەند کاتێکی دیکەی
تێکەڵ بکرێت، بۆ ئەوەی فرەیی لە کات بێتە کایەوە. بە شێوەیەک هەردوو تەکنیکی
هێنانەناوەوە و پێشکەوتنی ڕووداو بەکار دەهێنیت. بەڵام هەموو ئەوانە لەناو زەینی
ئازاددا ڕوودەدەن. زەینی ئازاد دەبێتە مەیدان و واقیعی ڕووداوەکان. واتە
ڕووداوەکانی ناو زەینی ئازاد دەبنە واقیعی گێڕانەوە و ڕۆمانەکە، بەمەیش ڕۆماننووس
ڕاستەوخۆ ڕۆمانەکەی لە ڕیالیستبوون پاراستووە و ڕزگاری کردووە. ڕووداوەکانی لە
واقیعی دەرەکییەوە بۆ واقیعی زەینی گواستۆتەوە. ئەم گواستنەوەیە کاریگەری
ڕاستەوخۆی لەسەر زمانی پەیڤین و ئاخاوتنی کارەکتەرەکان هەیە. بۆیەیش لە هێندێک
شوێن دەبینین ئازاد تووشی جۆرێک لە وڕێنە دەبێتەوە، باری دەروونی جۆرێک لە شڵەژانی
پێوە دیار دەبێت، تەنانەت. ((ناسووڕێ نا بە زۆر نییە زمانم بۆتە دەزگا نا جا خۆ گا
نا خانم گۆڕی گا نا با یی گا نا تان گا نا گا نا گۆڕی گا نا با بی گا نا خۆش تان و
نەخۆش تان گا نا گا نا گۆڕی گووم خوارد خودایە ئەوە زوینم بۆ وایە...)) [گۆڕەشار:
٩٤] لە ڕێی خوێندنەوەی وشەکانەوە دەزانین کە کارەکتەر لە چ دۆخێکی دەروونیدایە،
چونکە وشەکان پچڕ پچڕی تێدایە. بەمەیش تووشی لێکدابڕینی واتا دەبین. کەواتە بە هۆی
واقیعی زینی کارەکتەرەوە، ئازاد بەردەوام لەناو زەیندا لەگەڵ چەند کارەکتەر
دەپەیڤێت، یان وردتر چەند کارەکتەرێک دەپەیڤن. ((ئازاد گیان! خەوتووی ماڵەکەم؟ ها
ها هاتی دا دایە؟ ئەری بە قوربانی ئەو چاوانەت بم. چۆنی ماڵەکەم؟ با باشم. نە
نەمکوت مە مە مەیە ماما مان دوو دوو دەدەبی؟ ماندوو نیم دایە گیان بۆ خۆمان لەو
ساڵۆنە لەگەڵ گوتی لەگەڵ کێ دانیشتووین باسی رابردوومان گوتی دەگێڕینەوە. زۆریش
خۆشە. هەر تۆ چاک بی. بۆ ئاوا زمان دەگری پەپوو گیان چی بووە؟ ماریا ناڕەحەتی؟ چی
بووە ها؟ ب با باشم....)) هەرچەندە لە ڕۆمانەکە هێندی لەو قسانە بۆڵد کراوە و بە
فۆنتی جوایەز نووسراون، بەڵام هێشتا خوێنەر دەبێ تەقەڵڵای زۆر بدات بۆ ئەوەی ڕستە
و وشەکان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێنێتەوە. یان بزانێ ئەم قسەیە، ئەم ڕستەیە هی کام
کارەکتەرە. خوێنەر لەسەریەتی وشەکان قسەکانی هەر کارەکتەرێک لەناو لاپەڕەیەک، یان
پەرەگرافێک خڕ بکاتەوە بۆ ئەوەی بە لێکدانی هەموویان بزانی ئەم کارەکتەرە دەیەوێ
چی بڵێت. تەنانەت هێندێ جار جۆرێک لە فێڵ بەرانبەر بە خوێنەر کراوە، ئەگەر زۆر زیت
و وریا نەبین لێمان تێکدەچێ و قسەی کارەکتەرێک دەدەینە پاڵ کارەکتەرێکی دیکە. هەر
لەو نموونەی سەرەوە (باسی رابردوومان گوتی دەگێڕینەوە.) خوێنەر
ئەگەر زۆر وریا نەبێت وا دەبێت ئەم ڕستەیە یەک کەس دەری دەبڕێت، بەڵام نەخێر هی
دوو کەسە، بەڵام وەها لە تەنیشت یەک دانراون، خوێنەر وا دەزانێ تەواوکەری یەکدین و
یەک کەس دەیڵێت.
پنتێکی بەهێزی ئەم ڕۆمانە
ڕەهەندە سیاسییەکەیەتی، ئەم ڕۆمانە بە وردی ئیشی لەسەر لایەنی سیاسی لە کوردستان
بە گشتی و کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی کردووە. جودا لەوەی خراپی باری ئابووری لە
ڕێی پیشاندانی خراپی و کەمی خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانەکان و بوونی ژمارەیەکی زۆری
ڕێکلامی فرۆشتنی گورچیلە نیشانەی خراپی گوزەرانی خەڵکە. هاوکات باسکردنی ململانێی
نێوان ئەمریکا و ئێران و کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک بە ڕوونی ئاماژەی بۆ کراوە.
لێرە دەمەوێ ئاماژە بۆ مەدلوولی هێندێ دال بکەم. بۆ نموونە کاتێک باسی خوێن،
دەزگە، سیستەم و دەسەڵات دەکات. ((ئاغا وەرە بن میچەکە سووڕا خوێن رووخا خوێن
ئاغااااا خوێن ڕۆژئاوا بە ڕۆژهەڵاتدا دەدرێ و باکوور بە باشووردا ماڵەکەمان سووڕا
پێکدا ڕووخا پێکدا...)) [گۆڕەشار: ١١١] هەرچەندە ئەم شێوازە قسەکردنە هەمان
تەکنیکی جەمیل سائیبە، کە لە دەقی لە خەوما بەکاری هێناوە. لەو سەردەم جەمیل سائیب
بۆ دەربڕینی بارودۆخی خەڵک و قسەکردن لەسەر دەسەڵات کۆی چیرۆکەکەی خستبووە قاڵبی
خەوەوە. لە گۆڕەشاردا ڕۆماننووس تەکنیکی واقیعی زەین و وڕێنە دەکاتە بەهانەیەک بۆ
دەربڕینی ئەم قسانە، چۆن هەر چوار پارچەی کوردستان بەردەوام لە خوێندا
دەگەوزێندرێت. کاتێكیش سەیران داوا لە نەخۆش و کەسوکاریان دەکات کەس نەچێت بۆ سەر
دەزگەکە و چارەسەر وەرگرێت، وەکوو مانگرتن. ئیدی سەلیم وەکوو نوێنەری دەسەڵات و
دەزگە و سیستەم داوا دەکات کۆتایی بەو مانگرتنە بهێنن. ((ئەوە چییە خانم ئەو
عالەمەت بۆ لێ فیرکردووم. هاوار بکەن بوویە فیتنە و ئاژاوەچی! دەی، ئێستا بۆ
نایەڵی ئەو نەخۆشانە بێنە ژوورێ داوا بکەن هەر شتێکیان بەسەر بێ تۆ تاوانباری.))
[گۆڕەشار: ١٣٤] ئەم پەیڤانە ڕەهەندی سیاسیان هەیە، ڕۆماننووس لە قالبێکی تەندروستیدا
دەیەوێ ناڕەزایی خەڵک بەرانبەر کەرتی تەندروستی و سێستەمی دەسەڵات لە نەبوونی
خزمەتگوزاریدا پیشان بدات. بۆیەیش دەبینین بەردەوام ئازاد ناڕەزایی بەرانبەر
دەزگەی شۆردنی گورچیلە هەیە، کە دەکرێ ڕەهەندی سیاسی بە دەزگەکە ببەخشین، کە کۆن
بووە و بە باشی کار ناکات، لە کار کەوتووە. ئەمە ناراستەوخۆ قسەکردنە لەسەر
سیستەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران.
لەم ڕۆمانەوە تێدەگەین چۆن
گێڕانەوەی تێمە و ڕووداوەکان چۆنن. بە زمانێکی سانا، کە بەر هەر وشەیەک دەکەوین
یەکڕاست دەزانین ئاخیوەر باری دەروونی چۆنە، ژنە، یان پیاوە، بیرکردنەوەی چۆنە. لە
ڕێی ئاخاوتن و شەکانەوە دەزانین نشتیمان چۆن بیرکردنەوەی دەگۆڕێت. ئەم ڕۆمانە
پێمان دەڵێت تەکنیک چ ڕۆڵێکی هەیە لە فرەڕەهەندی دال و مەدلوولەکان. واتە مەرج
نییە دەق بە رستەگەلی فەلسەفی بار بکەین، مەرج نییە هەموو کارەکتەرێک ڕۆشنبیر و
کتێبخوێن بێت، مەرج نییە هەموو کارەکتەرێک قسەکانی فیکری بن. بەڵکوو گرینگ ئەوەیە
چۆن لە ڕێی پەیڤی کارەکتەرەکانەوە جیهانی گێڕانەوە دەنەخشێنێت.