ڕۆژوو لە ئایینە جیاوازەکانی جیهان
06:05 - 13/05/2020
"زەمەن"
ڕۆژووگرتن لە هەموو ئایین و بیر و باوەڕەکاندا ڕێگایەکە بۆ پاک بوونەوە لە گوناحەکان؛ ئەگەرچی لە هەر ئایینێکدا یاسا و ڕێسای تایبەتی خۆی هەیە.
خوای گەورە لە ئایەتی ١٨٣ ی سوورەی بەقەرە دەفەرموێت: ئەی ئەو کەسانەی کە ئیمانتان هێناوە، ڕۆژوو لەسەرتان نووسراوە و فەرز کراوە هەر وەک ئەو جۆری کە لە سەر کەسانی پێش ئێوەش نووسرا و فەرز کراوە.
لە ئەم ئایەتەی قورئانەدا ئاماژە بە ئەوە کراوە کە خودا لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام، لە ئایینەکانی تری وەکو جوو و مەسیحی و زەڕتەشت و ... ڕۆژوو گرتن هەیە، بەڵام ئەوە تەنیا لە ئایینە ئاسمانییەکاندا نییە کە ڕۆژوو گرتن هەیە بەڵکوو لە ئایینگەلێک تری وەکو هیندو و بوودا رۆژوگرتن بە مەبەست و ئامانج و شێوازی جیاواز ئەنجام دەدرێت.
ڕۆژوو لە ئایینی ئیسلام
موسڵمانان لە مانگی ڕەمەزان واتا نۆهەمین مانگی ڕۆژمێری مانگی(قەمەری) ڕۆژوو لە سەریان فەرز کراوە، بەو پێیە موسڵمانان یەک مانگی تەواو لە بانگی بەیانی تا ئێوارە خۆیان لە خواردن و خواردنەوە دەگرنەوە،بەڵام بەڕۆژووبوون لە ئیسلامدا بەس بە واتای نەخواردن و نەخواردنەوە نییە، بەڵکوهۆکارێکێشە بۆ نزیک بوونەوە زیاتری بەندەکانە لە خودا، پاک کردنەوەی خۆیان لە گوناهەکانیان و بەگشتی بەرز کردنەوەی ئاستی پێداویستی مەعنەوی و کەم کردنەوەی ئاستی پێداویستی مادی.
ڕۆژوو گرتن لە مانگەکانی تر جگە لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان خێرە واتا گرتنی پادەشتی هەیە بەڵام نەگرتنی گوناحی نییە.بەڵام لە هەندێک ڕۆژ وەکو چەژنی ڕەمەزان و چەژنی قوربان، ڕۆژوو گرتن حەرامە.
ڕۆژوو لە ئایینی مەسێحی
بە پێی ئەوەی کە ئایینی مەسیحی بۆ خۆی دەبێتە سێ لقەوە و هەر یەکەیان خوێندنەوەیەکیان لە کتێبی مەیێح واتا ئێنجیل هەیە، هەر یەکیان دابونەریت و یاسا ڕێسای خۆیانیان هەیە و ڕۆژوو گرتنیش جیاواز لە شتەکانی تر نییە و لە هەر لقێکیدا جۆرێک بەڕێوە دەچێت.
لە ئایینی مەسێحیدا ڕۆژوو گرتن لە سەر ژن و پیاوی ١٤ بۆ ٥٩ ساڵان فەرز کراوە.
ئایینی کاسۆلیک؛ کاسۆلیکەکان لە ڕۆژانی چوارشەممەی خۆڵەمێش واتا یەکەم ڕۆژی ڕۆژوو گرتنی مەسیحییەکان و هەینییەکان (بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ) تا هەینی پاک ڕۆژوو دەگرن و خۆیان لە خواردنی گۆشت دەبوێرن. مەسێحییەکان جودا لە ئەو ڕۆژانە هەر ڕۆژێکی دیکە کە بیانەوێت دەتوانن بەڕۆژوو بن، بەڵام لە ئایینی مەسیحی بەڕۆژوو بوون بەس نەخواردن نییە و ڕێگایەکی تر وەکوخوێندنی نوێژی تایبەت هەڵدەبژێرن بۆ نزیک بوونەوەی لە خودا و پاک کردنەوەی خۆیان لە گوناح .
ئایینی ئۆرتۆدۆکس: لە ئەو لقەدا ڕۆژانی جیاواز وەکوو ڕۆژووی ڕەسوولان و ڕۆژووی ئاسوودەیی یان دورماسیۆن، ڕۆژووی لەدایک بوونی مەسیح و ڕۆژانی تر بۆ ڕۆژوو گرتن هەیە،هەموو چوارشەممە و هەینییەک ڕۆژی ڕۆژوو گرتن دیاری کراوە جگە لە هەندێک هەفتە. لە ڕۆژووی ئایینی ئۆرتۆدۆکس بە گشتی خواردنی گۆشت، شیرەمەنی و هێڵکە و لە هەندێک جاریشدا ماسی قەدەغە کراوە. ئۆرتۆدۆکسەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە نەخواردنی خواردن، بارینی ڕەحمەتی خودای بەدواوە دەبێت.
ئایینی پرۆتێستان: ڕۆژوو لە ئەم لقە لە ئایینی مەسیحی یاسایەکی دیاری نییە بەڵکوو بە پێی بڕیاری کەسەکان، کلێسە، ڕێکخراو یان ئەنجومەنەکان دیاری دەکرێت، هەندێکیان خۆیان لە خواردن و خواردنەوە بەدوردەگرن، بەڵام بەشێکیان بەس ئاو یان ئاوی میوە دەخۆنەوە،ئامانج لە ڕۆژوو گرتن لە لای پرۆتێستانەکان بەهێز کردنەوەی ڕۆح یان بەرز کردنەوەی ئاڵای قسەی ڕاستە.
ڕۆژوو لە ئایینی جوولەکە:
لە ئایینی جوولەکە ڕۆژوو بۆ نیشاندانی سووکی و بێ دەسەڵاتی مرۆڤ لە بەرانبەر خودایە تا لەم ڕێگایەوە دان بە گوناحەکانی خۆیان بنێن و بە ئەو تۆبەیە، ڕەزایەتی خودا بەدەست بهێنن.
ڕۆژوو لە ئایینی جوو سێ جۆری هەیە:
١- ئەو ڕۆژووەی کە لە کتێبی پیرۆز واتا تەورات فەرز کراوە. وەکوو ڕۆژووی ڕۆژی کیپوور، ڕۆژی نۆهەمی ئاو، ڕۆژووی ١٧ ی تەمووز کە ٢٥ کاتژمێرەیە.
٢. ڕۆژوویەک کە لەلایەن خاخامەوە (پیاوی ئایینی)دیاری دەکرێت، وەکوو ڕۆژووی یەکەم دووشەمە کە بە نیشانەی ماتەم دادەنرێت بەبۆنەی کاول بوونی کەنیسەی بەیتولموقەدەس دەگیردرێت، ڕۆژووی ئاخری هەر مانگ بە ناوی کیپووری بچووک.
٣. ڕۆژووی تاکەیی کە هەر کەسێک بە بۆنەیەکەوە دەیگرێت کە ڕۆژێکی تایبەتی نییە و زیاتر لە کاتی ڕوودانی ڕووداو ئەنجام دەدرێت وەکوو ڕۆژوو بە بۆنەی گیان لەدەست دانی دایک و باوک یان مامۆستا، ڕۆژی بووک و زاوا لە ڕۆژی زەماوەند.
ڕۆژوو لە ئایینی هیند:
ئایینی هیندوو ئایینێکی دراماییە کە لە هیند و بەشێک لە ئاسیای ڕۆژاوا بڵاو بووەتەوە و دوای ئیسلام و مەسیحی سێهەم گەورەترین ئایینی جیهانە.
هیندووەکان بە ئامانجی کۆکردنەوەی وزە لە عیبادات و مەعنەویات، ڕۆژوو دەگرن و ڕۆژووەکە بە پێی ئەو خودایەی کە دەیپەرەستن، هەڵدەبژێردرێت،چونکە هەر ڕۆژێک لە ڕۆژانی هەفتە بۆ خودایەکی تایبەتە.
ڕۆژوو لە نێو هیندەکان جیاوازە، ڕۆژوویەکیان هەیە کە خۆیان لە خواردن و خواردنەوە دەبوێرن، ڕۆژوویەک کە ئاو ناخۆنەوە و ڕۆژوویەک کە تێیدا سێکس ناکەن.
هەندێک لە هیندەکان لە ڕۆژدا ڕۆژوو دەگرن و جگە لە ئاو شتێک ناخۆن، هەروەها نەریتی جیاوازیان هەیە وەکو ڕۆژی پێش زەماوەند و بۆنەکانی تر وەکو ئەوەی کە ژنان ڕۆژوو دەگرن کە تەمەنی هاوژینەکەیان زیاتر ببێتەوە.
ڕۆژوو لە ئایینی بوودا:
بووداییەکان کە ژمارەیان نزیک بە ٥٠٠ ملیۆن کەس دەبێت و زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاست و باشووری ئاسیا و بەتایبەتی لە هیند بڵاو بوونەتەوە.
ڕۆژوو گرتن لە نێو بووداییەکان زۆر باوە، بەڵام یەکێک لە فەرزەکانی ئەو ئایینە نییە، هەروەها دابونەریتێکی تایبەت و یەکگرتوویان بۆ ڕۆژوو گرتن نییە، ڕێبەرە ئاینییەکانی بوودا ڕۆژوو دەگرن و لە نیوەی ڕۆژدا ژەمێک خۆراک دەخۆن.
بەڵام خەڵکەکانی تر هەفتەیەک یەک ڕۆژ لە نیوەڕۆ تا ڕۆژی دواتر بەڕۆژوو دەبن و هەروەها هەندێکیان بەس لە درێژایی تەمەنیان سەوزەمەنی دەخۆن و هەندێکیان ژەمێک خۆراک لە ڕۆژدا دەخۆن، دابونەریت لە شوێن و هۆزە جیاکان جیاوازە هەروەها بە زمانی ڕۆژووەوە، کۆبوونەوەی بیر کردنەوە ئەنجام دەدەن.

ڕۆژوو لە ئاینی زەردەشت:
نەخواردنی ئاو و خۆراک بەگشتی لە ئایینی زەردەشت کارێکی نەشیاوە و پێیان وایە کە دەبێتە هۆی لاواز بوونەوەی جەستە و لە ئاکامدا کەسەکان توانای ئەنجامی کار و چالاکی ڕۆژانەیان نامێنێت.
لە کتێبی زەردەشتییەکان واتا ئاڤێستا بەتایبەتی بەشی گاتاکان زیاتر لە ڕۆژووی جەستەیی، لەسەر ڕۆژووی مەعنەوی جەخت کراوەتەوە کە پەێوەندیەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دروشمی زەردەشتییەکان واتا بیری چاک، کردەوەی چاک و قسەی چاک هەیە.
ڕۆژوو لە ئایینی زەرتەشت چوار ڕۆژ لە مانگدایە، زەردەشتییەکان بۆ زیادەڕەوی نەکردن لە خواردنی گۆشت، ڕۆژانی دووهەم و دوازدیەم و چواردەیەم و بیست و یەکەمی مانگ، لە خواردنی گۆشت خۆیان بەدوور دەگرن.
لە لای زەرتەشتییەکان هەر ڕۆژێک لە مانگ ناوێکی تایبەتی هەیە. لە ڕۆژانی "ماه"، "گوش" و "رام" و "وهومن" کە دوایی بە "بەهەمەن" گۆڕدراوە، خواردنی گۆشت حەرامە و بۆ تەندروستی لەشیان گۆشت ناخۆن.
زەرتەشتییەکان پاش مەرگی یەکێک لە خزمەکانیشیان بۆ ماوەی سێ شەو لە کوڵاندن یان خواردنی گۆشت خۆ دەبوێرن کە ئەوەش هەر بەشێک لە ڕۆژووی زەردەشتییەکانە.
ڕۆژوو لە ئایینی ئێزدی:
ئێزدییەکان ڕۆژووی چلەی هاوین و چلەی زستان و سێ ڕۆژ ڕۆژووی دیکەیان هەیە.
ڕۆژووی چلەی هاوین لە ۲٤ حوزەیران هەتا ۲ ئاب کە ٤۰ ڕۆژە درێژەی هەیە و ئینجا دەبێتە چەژن، چلەی هاوین تایبەتی پیاوانی ئایینی ئێزدییە و لە سەر گەورەکانی هۆز فەرزە و ئەوانەش کە دەیگرن پێیان دەڵێن چلەگر، پاش چل ڕۆژ بەرۆژوو بوون بۆ ماوەی پێنج ڕۆژان لە پەرسگەی لالش و دەڤەری ئێزدیان دەبێتە چەژن و هەموو ئێوارەی چەژن پیاوانی ئایینی بە دەم لێدانی دەف و شەباب و خوێندنی دەقی ئایینیەوە سەما دەکەن.
ڕۆژووی چلەی زستانیش هەر چل ڕۆژە و لە۲٤ ی مانگی کانوونی یەکەم دەست پێدەکات و هەتا ۱ی شوبات بەردەوامە و ئەم چلەیە لە سەر خەڵکی ئاسایی و پیاوی ئایینی فەرزە و دەبێ پەیڕەوی بکەن.
ڕۆژوویێ دیکەیان هەیە کە ڕۆژووی ئێزییە و سێ ڕۆژە و سێشەممە و چوارشەممە و پێنج شەممە بەڕۆژوو دەبن و ڕۆژی هەینی لە مانگی کانوونی یەکەمدا چەژن دەگرن.
لە ئاژانسی میهر وەرگیراوە