سێ کتێبی عەتا محەمەد دەکرێنە فارسی
09:34 - 18/02/2020
"زەمەن"
لە ماوەی ڕابردوودا، هەردوو رۆمانی “رێبەری کتێبسازە کوژراوەکان و پاسەوانانی خوداو کۆمەڵە چیرۆکی تیناو چیرۆکە ئەندێشەکراوەکان”ی عەتا محەمەد لەلایەن هەرسێ وەرگێڕ “نەجمەدین براخاسی و محەمەد رەزا کەڵهوڕ و رەزا کەریم مجاوەر” وەرگێڕدراون بۆ سەر زمانی فارسی و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکیشدا، رۆمانی هەنار و فریشتەی مردن، بە زمانی فارسی چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
دەقەکانی عەتا محەمەد، لە کتێبخانەکانی ئێران و خوێنەرانی فارسی خوێنەوە، پێشوازییەکی فراوانی لێکراوە.
عەتا محەمەد، یەکێکە لە دیارترین رۆماننووسانی باشووری کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی هەرسێ رۆمانی رێبەری کتێبسازە کوژراوەکان و پاسەوانانی خودا و هەنار و فریشتەی مردن، خوێنەرێکی زۆری لە دەوری بەرهەمەکانی کۆکردووەتەوە.
ئەم نووسەرە، لە سەرەتای نووسینیدا بە کورتە چیرۆک دەستی پێکردووە. کۆمەڵێ کتێبی کورتە چیرۆکی هەیە، زۆرێ لە بەرهەمەکانیشی چەندین چاپکراونەتەوە.
گرنگترین رەگەزو تەکنیکی رۆمانو چیرۆکەکانی عەتا محەمەد، شێوازی گێڕانەوەو چۆنیەتی دروستکردنی کارەکتەرە، لە پانتایی خەیاڵی خوێنەردا. لە پاش خوێندنەوەی زۆرێ لە دەقەکانی ئەم نووسەرە، پرسیارێ لای خوێنەر دروستدەبێ، کارەکتەرەکانی نێو دەقەکانی ئەم نووسەرە، نەستی رووداوە نهێنی و نەوتراوەکانی خوێنەرە، یان سێبەری ئەو کارەکتەرە فەرامۆشکراوانەن کە رۆژانە بە بەردەماندا دەڕۆن و کەس ئاوڕێ لە جووڵە و کردار و نیگاکانیان نادەنەوە.