بۆچی یونسکۆ (سلێمانی و سنە)ی وەک شاری داهێنانی ئەدەبی هەڵبژارد؟
09:47 - 05/11/2019
کۆتا رۆژی مانگی ئۆکتۆبەری 2019 رێکخراوی یونسکۆ، لە سایتی فەرمیی خۆیدا، هەردوو شاری (سنە و سلێمانی) خستە پاڵ ئەو کۆمەڵە شارەی تر لە جیهاندا، کە وەک شاری کولتووری و داهێنەری بواری ئەدەبیات و فەرهەنگی هەمەجۆر دەیانناسێنێت. هەڵبژاردنەکەش لە خۆڕا نییە، رەهەندێکی مێژوویی هەیە، کە پەیوەستە بە مێژووی بەرهەمهێنانی ئەدەبیات لە رابردووی ئەو دوو شارەداو بوونی نووسەرانو شاعیرانی وەک (مەلا مستەفای بێسارانی، مەستوورەی ئەردەڵانی، گۆران، پیرەمێرد، مەحوی، سالم، کوردی و دەیان ناوی تر.)
جگە لە (سنە و سلێمانی) یونسكۆ، هەر لەو رۆژەدا، 64 شاری تری جیهانی خستە ریزبەندی شارە داهێنەرەكانی جیهانەوە، لەوانە:(ئاساهیکاوا لە ژاپۆن، برغامۆ لە ئیتاڵیا، فورتالیزا لە بەڕازیل، بێندیگۆ و بەللەرات لە ئوستورالیا، ئەنگۆلیم لە فەرەنسا، بەیروت لە لوبنان) بەمەش بەپێی پۆلێنبەندیی رێکخراوێکی جیهانیی کولتووریی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ٢٤٦ شار لە سەرتاسەری دنیادا، وەک ناسنامەی ئەدەبیی داهێنەران دەناسێنێت (سلێمانی و سنە) دوو شاری کوردیی نێو ئەو شارانەن. یونسکۆ هێمای بۆ ئەو شارە هەڵبژێردراوانە کردووەو نووسیویەتی ئەم شارانە، هەڵبژاردەی شارەکانی جیهانن، کە داهێنەرو پێشڕەون لە بواری داهێنانی ئەدەبی و فۆلکلۆر و کولتووری تری هونەریدا.
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، رۆژی شەممە 2/11/2019 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و شاری سلێمانی و رۆشنبیرانو نووسەران کرد، ئەم بڕیارەی یونسکۆی بە قۆناغێکی نوێ لە گەشەسەندنی سلێمانی ناوبرد.
لە کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەدا، بابەکر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیریی و هونەری سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بڕیارەی (یونسکۆ) بەرهەمی ماندووبونێکی زۆرو کۆششی دڵسۆزانی ئەم شارەیە، بەتایبەتی(دەیڤد و ماری) و (گروپی کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمریکی) توانیمان پێکەوە، بە هاوکاری پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ یونسکۆ، هەماهەنگ بین بۆ بەخشینی ئەم نازناوە بە سلێمانی.
ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٠ ی پاشکۆی کولتووری زەمەن بڵاوکراوەتەوە